٥ لایەنی ئەندام لە ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە بنکەی دەستەی کارگێڕی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە، پێنجەم کۆبوونەوەی خۆی بەڕێوە برد
رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی بەرامبەر بە ٤ی ئاپریلی ٢٠ ١٨ی زایینی، ٥ لایەنی ئەندام لە ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە بنکەی دەستەی کارگێڕی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە، پێنجەم کۆبوونەوەی خۆی بەڕێوە برد.
سەرەتا بە خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد، پاشان بەڕێز محەممەدنەزیف قادری، ئەندامی دەستەی کارگێری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەرپرسی دەورەی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران راپۆرتی یەک مانگی رابردووی ناوەندی هاوکاری پێشکەش ئامادەبووان کرد و دواتر دەستووری کار کۆبوونەوەکە بڕیاری لەسەر درا.
لەو دانیشتنەدا هەرکام لە لایەنەکان سەبارەت بە کار و تێکۆشانی یەک مانگی رابردووی ناوەندی هاوکاری وێڕای دەستخۆشیان لە بەڕێوەچوونی بەرنامەکان لە ماوەی رابردوو کرد. پاشان باسێک لەسەر لۆگۆی تایبەت بە ناوەندی هاوکاری کرا و نەزەری پێویست لەو بارەوە درا.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کردەوە تیرۆریستیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و چۆنیەتی خۆئامادەکردن بۆ پووچەڵکردنەوە و بەرەنگاربوونەوەی پیلانەکانی رێژیم و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست قسەی لەسەر کرا.
لەو کۆبوونەوەیەدا زۆر باس و بابەتی پێوەندیدار بۆ هەرچی پتەوکردنی کارەکانی ناوەندی هاوکاری و هەروەها گوڕوتیندان بە کارەکان و بەردەوامی گیانی یەکگرتوویی و کۆدەنگی پێداگری لەسەر کرایەوە.
لە ئاکامی ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەسەر باس و بابەتەکانی دەستووری کاری کۆبوونەوەکە لە کەشێکی دۆستانە و هاوڕێیانە کۆتایی بە کۆبوونەوەکەی هێنا و ئەرکی بەڕێوەبردنی بە لایەنی پێوەندیدار سپێردرا.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
۱٥/۱/۱۳۹·ی هەتاوی
پێکهاتوو لە:
حیزبی دێموکراتی کوردستان
کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران