زیندانیانی سیاسی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە باری پێداویستی تایبەت و تەندروستیەوە لە بارودۆخێکی خراپدا بەسەر دەبەن.
زیندانیانی سیاسی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە باری پێداویستی تایبەت و تەندروستیەوە لە بارودۆخێکی خراپدا بەسەر دەبەن.
بەپێی هەواڵ، زیندانیانی سیاسی لە بەندی ١٢ی زیندانی ورمێ ڕاگیراون.
هەواڵدەری کوردپا لەبارەی زیندانی "ورمێ"وە ڕایگەیاند: "عوسمان مستەفاپوور، هیدایەت عەبدوڵڵاپور، ئەمیر پەیغامی، عەلی ئاراستە، ئازاد محەممەدی و سەعید سەنگەر لە کوپەی ٥ و ئیبراهیم عیساپوور، سامان نەسیم، مەولوود یەزدان پەنا، کەیوان مستەفاپوور لەگەڵ زیندانیانی دیکەی بەشەکانی دیکەی کوردستان لە کوپەی ٣دا ڕاگیراون.
سەرچاوەیەکی بەو هەواڵدەیەی راگەیاندووە: " زیندانیانی تاوانبار بە ئەندامبوون لەگەڵ داعش، ئەنسارولئیسلامیش لە بەندی ١٢ یان هەمان بەندی زیندانیانی سیاسیدا ڕادەگیرێن". بەندی سیاسی بەندێکە کە دەبێت تەنیا زیندانیانی سیاسی تێدا ڕابگیردرێت، بەپێی پەسەندکراوی دەوڵەت کە لە یاساشدا هاتووە، دەبێت زیندانیانی سیاسی لە زیندانییانی دیکە جیا بن و تەواوی پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکرێت، بەڵام لە زیندانی ورمێدا بەم شێوەیە نیەو دەرگای ساڵۆنی زیندانیانی سیاسی بە بەردەوامی داخراوە".
هەروەها "لە ڕۆژەکانی دووشەممە و چوارشەممەدا تەنیا یەک سەعات بۆ وەرزشکردن بۆ زیندانییانی سیاسی دیاریکراوە، کە لەم سەعاتەدا بەرپرسانی زیندان دەرگای ساڵۆنەکانی ٩،١٠ ، ١١ کە تایبەتە بە گیرۆدەبووان بە ماددە سڕکەرەکان و نەخۆشانی ئایدز و پێستییەکان، دەکەنەوە تاکوو تێکەڵی زیندانیانی سیاسی بن و نەخۆشیەکانیان بۆ زیندانییانی سیاسی بگوازرێتەوە".
زیندانیانی سیاسی خۆراکی تەندروستیان بۆ دابین نەکراوە، پێویست دەکات زیندانیان خۆیان خۆراکی تەندروست بۆخۆیان دابین بکەن.
زیندانیانی سیاسی لە وەرزی زستاندا دەبێت بە ئاوی سارد خۆیان بشۆن و لە وەرزی بەهار و هاویندا بەرپرسانی زیندان ئاوی ساردەکە دەبستنەوە و زیندانیانی سیاسی ناچار دەکەن بە ئاوی گەرم خۆیان بشۆن.