رۆژی 15ی خاکەلێوە لە ئانکارای پێتەختی تورکیە کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لە نێوان سێ سەرۆک کۆماری روسیە، تورکیە و رژیمی ئێران بەرێوەچوو.
عەلی بارامی
رۆژی 15ی خاکەلێوە لە ئانکارای پێتەختی تورکیە کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لە نێوان سێ سەرۆک کۆماری روسیە، تورکیە و رژیمی ئێران بەرێوەچوو.
ئەگەر چی پێوەندی نێوان ئەم سێ لایەنە لە 7 ساڵی رابردوودا گەلێک بەرز و نەزمی بەخۆوە بینیوە لەسەر شێوەی دەستێوەردان لە سوریە و لەسەر رووداوەکانی ناوچە بۆچوونی جیایان هەبووە و هەندێ جار مەترسی رووبەرووبوونەوەی سەربازیش لە نێوانیان سەری هەڵداوە، بەتایبەت لە دوای خستنەخوارەوەی فرۆکە شەرەکەرەکەی روسیە لەلایەن تورکیە و کاردانەوەی خێرای روسیە و هەرەشەکانی پۆتین و ئابڵوقەدانی تورکیە، وای کرد کە تورکیە هەوڵێکی زۆر بدات بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و گەلێک پاشەکشەی لە هەڵوێستەکانی بەتایبەت لەسەر باڵادەستی روسیە لە سوریە و پاشەکشەکردنی تورکیە لە هەڵوێستە توندەکانی بەرامبەر بە مانەوەی بەشار ئەسەد، کرد. هاوکات تورکیە لەلایەک پشتیوانی لە ئوپزسیۆنی سوریە کردووە و رژیمی ئێرانیش بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی ئەسەد بووە، بەڵام هەر ئەم لایەنە دژ بە یەکانە لە قۆناغێکی تردا وایان لێهات کە هەوڵ بدەن سێ لایەنە چارەسەرێک بۆ رەوشی سوریە بدۆزنەوە، کە بۆ ئەو مەبەستە رێکەوتن لە ئاستانە کۆبوونەوەی ئاشتی سوریە لە نێوان حکومەتی بەشار ئەسەد و دژبەرەکانی بە سەرپەرشتی خۆیان و بەشداری ئەمریکا و چەند وەڵاتێکی دیکە بەرێوەبچێ.
بەڵام ئەوەی رێگر بوو لەبەردەم پلانی ئەو سێ لایەنە بۆ ئەو جۆرە ئاشتیەی دەیانویست لە سوریە بیچەسپێنن، بوونی هاوپەیمانی دژی داعش بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لەو وەڵاتەو هێژمونیان لە بەشێکی گرینگی سوریە و دەورگێرانی هاوپەیمانەکانیان (هسد) لە لێدانی گروپی تیرۆریستی داعش و پاشەکشە پێ کردنی لە بەشێکی زۆری خاکی سوریە بوو. بۆیە لە دوای ئەوەی روسیە و رژیمی ئێران دڵنیابوونەوە کە ئەگەری روخانی حکومەتی بەشار ئەسەد زۆر کەم بۆتەوە و ئەمریکا و هاوبەش و هاوپەیمانەکانی و هێزە نەیارەکانی ئەسەد کە تورکیە پشتیوانی دەکردن فۆکوسیان کردووەتە سەر داعش و لەناوبردنی ئەو گروپە تیرۆریستیە، هەلەکەیان قۆستەوە بۆ ئەوەی بەشێکی زۆر لە خاکی سوریە بگێرنەوە بۆ ژێردەسەڵاتی حکومەتی ئەسەد، کە بەوەش سەرکەوتووی ئەو کێشانە روسیە و رژیمی ئێران بوون. تورکیەش وەکوو کاراکتەرێکی گرینگی ناوچەکە و ئەندامێکی گرینگی ناتۆ لەبەر ئەوەی لەسەر هاوکاری و پشتیوانی ئەمریکا لە هێزە کوردیەکان، کە ئەو پشتیوانیانە بوونە هۆی ئەوەی لەلایەک کورد بتوانێ شکست بە گروپی تیرۆریستی داعش بێنێ و لەلایەکیش هەوڵی بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە سوریە و دامەزرانی کیانێکی کوردی لەو وەڵاتە بدا، کەتبووە رکەبەرایەتی ئەمریکاو زیاتر لە روسیە و رژیمی ئێران لەسەر بابەتەکانی پێوەندیدار بە ناوچەکە نزیک بووەوە.
لە لایەکی دیکە ئەگەر چی تورکیە و رژیمی ئێران لەسەر مانەوەو روخانی حکومەتی ئەسەد کێشەی زۆریان هەبوو، بەڵام هەردوو لایەن لەسەر رێگە نەدان بە بەهێز بوونی کورد و هەوڵەکانی بۆ بە دامەزراوەکردنی دەستکەوتەکانی و پاشەکشە و وەدەرنانی ئەمریکا لە سوریە کۆک بوون و لە پێناو شکست پێهێنانی ئەمریکا و هاوبەشەکانی، ناکۆکیەکانی خۆیان وەلا نا.
لە دوای ئەوەی دڵنیابوون کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی تا کۆتایی شەری داعش لە سوریە دەمێننەوە، بە بەرنامە مەیدانیان دا کە ئەو هاوپەیمانیە بە هاوکاری کورد زوو ئامانجەکانی بپێکێ و چیتر بیانووی بەدەستەوە نەمێنێ بۆ مانەوە لەو وەڵاتە. بۆیە بە لاواز بوونی داعش، تورکیە بەبێ گوێدانە هیچ ئاگادار کردنەوەیەک بە هاوکاری گروپە ئیسلامیەکانی هاوپەیمانی پەلاماری عەفرینیان داو لە دوای دوو مانگ هەوڵ و بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەکێک، و بە هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانی رژیمی ئەسەد و رژیمی ئێران (کە ئەم هێزانە بە رواڵەت بە رێکەوتن لەگەڵ هێزە کوردیەکان هاتبوون بەر بە هێرشی هێزەکانی تورکیە بگرن) توانی عەفرین داگیر بکات و لە دوای ئەوەش هەرەشەی ئەوە بکات کە هێزە کوردیەکان (پەیەدە) لە هەر کوێ بن هێرشی دەکاتە سەر.
بەڵام کۆبوونەوەی سێ قۆڵی ئەمجارەی روسیە و تورکیە و رژیمی ئێران لە ئانکارا، وێرای ئەوەی دەرخەری توندوتۆڵ نیشان دانی پێوەندی ئەو سێ لایەنە بوو، هاوکات دەرخەری ئەوەیە ئەو لایەنانە دەیانەوێ بەهاوکاری و هەماهەنگی یەکتر دەوری ئەمریکا لە سوریە کەمکەنەوە و مەجاڵ بدەن بە تورکیە هێزەکانی کورد بکاتە ئامانج لە قووڵایی خاکی سوریەدا. بەڵام ئەگەر سەیرێکی رووداوەکانی عەفرین بکەین کە هێزەکانی حیزبوڵا و باقی هێزەکانی رژیمی ئێران بەناو دەچوون رێگری لە پێشرەوی زیاتری تورکیە بکەن، و بینیمان پێشرەویەکانی تورکیە بە هاتنی ئەو هێزانە خێرایی بە خۆوە بینی و ئاکامەکەی گرتنی عەفرین و وەدەرنانی هێزە کوردیەکانی هاوپەیمانی ئامریکا بوو لەو ناوچەیە، لێرەدا پرسیارێک دێتەپێش کە گەلۆ قازانجی ئەسەد و رژیمی ئێران لە هاتنی تورکیە بۆ عەفرین و ناوچە کوردستانیەکانی سوریە چیە؟
رژیمی ئێران زۆر باش لەوە حاڵیە کە تورکیە هێزێکی دەرەکیە و ناتوانێ تا سەر لە عەفرین یان هەر ناوچەیەکی دیکەی سوریە بمێنێتەوە و بەپێی قانوونە نێونەتەوەییەکان ناچار دەبێ بچێتەدەر لە خاکی سوریە و لەو کاتەدا هێزەکانی ئەسەد دەگەرێنەوە بۆ ئەو شوێنانەی لە دەست تورکیەدا بوون، و لە دوای کۆبوونەوە سێ قۆڵیەکەش حەسەنی رۆحانی ئەوەی بە گوێی تورکیەدا دا کە دەبێ لە عەفرین بچنەدەر، بەوەش کاری رژیمی ئێران و ئەسەد ئاسان دەکات کە بەبێ شەر و شۆڕ و تێچوویەکی ئەوتۆ ناوچەیەکی بەرفراوان دەگەرێتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆیان، بەڵام ئەگەر کورد بمایەتەوە لەو ناوچانە بە ئاسانی پێملی دەسەڵاتی ئەسەد نەدەبوونەوەو خاکەکەی خۆیان ئاسانی تەحویلی کەس نەدەدا.
لەلایەکی دیکە روسیە لە سوریە هێژموونی تەواوی بەسەر ئەو وەلاتەدا هەیە، ئەمریکای بەتەواوی لاواز کردووە بە شێوەیەک کە دەرچوونی هێزی ئەمریکا لە سوریە لە ئان و ساتدایە، لە دوای چارەسەری کێشەکان کۆمپانیا روسەکان دەوری سەرەکیان دەبێ لە نۆژەن کردنەوەی وێرانیەکانی دوای شەر، لەلایەکی دیکەوە هاوپەیمانی و بەرەیەکی گەورەی بەرامبەر ئەمریکا لە ناوچەکەدا کردووەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوی کۆتایی کۆبوونەوەکە ئەو سێ لایەنە لەسەر ئەوە ساخ بوونەتەوە کە کۆتایی بە کێشەی سوریە بێنن و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئەو وەلاتە زامن بکەن. کە ئەمە درێژەی رێکەوتنەکەی نێوان تورکیە و رژیمی ئێرانە دژ بە جووڵانەوەی کوردستانی عێراق کە لە دوای رفراندۆمی هەرێمی کوردستان جێبەجێ یان کرد و بە هەماهەنگی و هاوکاری یەکتر پەلاماری بەشێکی زۆری خاکی کوردستانی عێراقیان داو بە زەبری هێز کەرکوک و زۆر ناوچەی دیکەیان داگیرکردەوەو گێرایانەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی نزیک لە رژیمی ئێران.
کۆتایی قسە ئەوەیە روسیە لە هاوکاری هەر دوو دەسەڵاتی تورکیە و ئێران بەرنامە و پلانی سیاسی خۆی لە ناوچەکە جێبەجێ دەکات کە بریتین لە لاواز کردنی پێگەی ئەمریکا و وەدەستهێنانی قازانجەکانی و پاراستنیان، دەسەڵاتەکانی ئێران و تورکیەش لەسەر زۆر بابەتی ناوچەیی دژی یەکن و کێشەیان هەیە، بەڵام بۆ دژایەتی کورد و جووڵانەوەکەی هاوپەیمانن و هەموو کێشەکان وەلا دەنێن و لێدان و پاکتاو کردنی کورد لەژێر ناوی جۆراوجۆر و هێشتنەوەی یەکپارچەیی وەڵاتی سوریە بە ئەرکی سەرەکی خۆیان دەزانن.
هاوکات رژیمی ئێران بە دەورگێڕان لە کاروباری وەڵاتان هەوڵی ئەوە دەدا کێشە ناوخۆییەکانی بچووک نیشان بدات و وەک هێزێکی کاریگەری ناوچەکە دەور ببینێ، بەڵام ئەو رژیمە لە یەکساڵی رابردوودا وێرای کێشەی نێو باڵەکانی دەسەڵات و لێدانی یەکتر، نارەزایەتی و راپەرینە جەماوەریەکان بەرۆکی گرتووەو رۆژ لە دوای رۆژ پر رەنگتر و بەرینتر دەبێتەوەو دەسەڵاتی گەندەڵی ویلایەتی فەقهیش لە چارەسەری قەیرانەکانی نێوخۆ دەستەووەستانە و توانای چارەسەری هیچ کام لە کێشە و داخوازیەکانی خەڵکی نیە. رژیمێک کە پێیەکی لە سەر لێواری گۆڕە و جەماوەری ئێران یەک دەنگ لێی راست بوونەوە و داوای روخان و وازهێنانی لێدەکەن نەک ناتوانێ ئەو قورساییە نێونەتەوەییەی هەبێ بەڵکوو ئەوەی لەگەڵ رژیمی ئێران بە هاوبەشی دەکرێ هەنگاوی کاتین و لە داهاتوویەکی نزیکدا هەنگاوە هاوبەشەکانی تورکیە و روسیە لەگەڵ رژیمی ئێران تووشی شکستی گەورە دەبێنەوە.
ئەوەی لەبەرامبەر سیاسەتی ناوچەیی ئەو لایەنانەدا دەتوانێ وەک ئانتیەک کار بکات یەکیەتی و تەبایی کوردە، کە ئەمە خاڵی سەرەکی و لاوازی کورد بووەو دژمنانی توانیویانە بەردەوام سوودی لێوەرگرن و لەو رێگەوە توانیویانە هێزی خۆیان بەسەر جوولانەوەی ئەو نەتەوەدا بسەپێنن. بۆیە پێویستە کورد بە گشتی و بەتایبەتی کوردستانی ئێران بە هەماهەنگی و هاوبەشی لەگەڵ بزوتنەوەی شۆرشگێڕانەی ئێران کە دەوری ئالترناتوی دەسەڵاتی خۆسەپێنی ئاخوندان دەبینن هەماهەنگی و هاوکاری و نزیکی زیاتریان هەبێ و هەنگاوی هاوبەشی زیاتر و کاریگەرتر دژ بە رژیمی ئێران بگێڕن و زووتر پیلانە ناوچەییەکانی لەگەڵ رژیم پووچەڵ بکرێنەوە.