بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ئەم ساڵانەی دوایی، 33 لەسەدی حەشیمەتی وەڵات لە هەژاری تەواودا بەسەر دەبەن
لێکۆڵەر و مامۆستایەکی زانستگا لە ئێران دەڵێ: بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ئەم ساڵانەی دوایی، 33 لەسەدی حەشیمەتی وەڵات لە هەژاری تەواودا بەسەر دەبەن.
رۆژی شەممە 18ی خاکەلێوە، حوسێن راغفەر لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەری حکومەتی ئیسنا، لەگەڵ ئیشارە بەوەی کە لێکۆڵینەوەکان نیشان دەدەن هێڵی هەژاری تەواو بۆ ناوچە بێ بەشی شارەکان 50 لەسەد و نزیک بە 2 ملوێن تمەنە، وتی: مەبەستی دەوڵەت لە هەژاری تەواو بۆ خانەوادەیەکی پێنج کەسی 700 هەزار تمەنە، ئەو ئەندازە پووڵە تەنیا خواردنی خانەوادەیەکی پێنج کەسی دابین ناکا.
ئەو مامۆستای زانستگای ئێران لە درێژەدا دەڵێ: ساڵی 91 کاتێک خەرجی دەرمانی خانەوارەکانمان لێکدەدایەوە، بینیمان رێژەی ماڵە هەژارەکان 7 لەسەد زیادی کردووە و کەتوونەتە ژێر هێڵی هەژاریەوە.
ئەو ئابووریزانە بە ئیشارە بەوەی کە لە ساڵەکانی 85 هەتا 90 415 هەزار پیشە لە پیشەسازی ئێران لەناوچووە و رێژەی بێکاری پەرەی سەندووە، وتی: لەلایەکی دیکەوە ئێمە حەشیمەتی لاومان بۆ بازاری کار هەیە کە فشار بۆ سەر بازاری کار زیاتر بووە و بە بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری زۆر کێشەی وەک هەژاری دروست دەبێ، دیاردە کۆمەڵایەتیەکانیش دروست دەبن کە لە ئێستێدا لەگەڵی بەرەورووین.
راغفەر لە درێژەی باسەکەی دیان بەوەدا دەنێ کە لە ساڵی 89 دا بە هەر ماڵێکی 5 کەسی 225 هەزار تمەن یارانەمان دەدا کە بەپێی حیسابی نرخەکان و هەڵاوسان لە بەفرانباری 1396 ئەو 225 هەزار تمەنە، بووتە 812 هەزار تمەن، و دەڵێ: یانی 812 هەزار تمەنی ئەو ساڵ بەرابەرە بە 225 هەزار تمەنی 1389، بەو پێیە دەبینین کە ماڵە هەژارەکان هەژارتر لەبەر ئەوەی هەلی نوێ بۆ وەدەستهێنانی داهاتی دیکەیان نەبووە ئەوە لە کاتێکدایە کە زۆرێک لە ماڵە هەژار و بێ بەشەکانی کۆمەڵگە بە زۆری هەر بەو یارانەیە دەژین.