سێ‌شه‌مه 

13 سه‌رماوه‌ز2724
سازمانی خه‌بات ی
کوردستانی
ئێران
sazmanixebat

بابەشێخ حسێنی: هەڵبژاردن لە ئێران جگە لە هۆیەکی تەبلیغاتی و ساختەکاریەک بە مەبەستی درێژ کردنەوەی دەسەڵات و چاوبەستی سیاسی، ناکرێ ناوێکی دیکەی لێ بندرێ

بابەشێخ حسێنی: هەڵبژاردن لە ئێران جگە لە هۆیەکی تەبلیغاتی و ساختەکاریەک بە مەبەستی درێژ کردنەوەی دەسەڵات و چاوبەستی سیاسی، ناکرێ ناوێکی دیکەی لێ بندرێ
سازمانی خەبات


بە مەبەستی ئاگادار بوون لە دوایین رەوشی سیاسی  جیهان و ناوچەکە و هەوەرها هەڵبژاردنەکانی پارلەمان و مەجلیسی خوبرەگانی رژیم و دۆخی ئێران و کوردستان و بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران بەرێز کاک بابەشێخ حسێنی بەرێوەبەری گشتی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێرانمان دواند و کۆمەلێک پرسیارمان رووبەروو کردەوە کە ئەوەی خوارەوە دەقی وەلامەکانی بەرێزیانە:

 

1ـ یەکەم پرسیارمان لەوە دەست پێدەکەین بە گشتی خوێندنەوەتان لە دوایین پێشهات و رووداکانی جیهان و ناوچەکە چییە؟

 لە دوای سەرهەڵدانی رێکخراوی ترۆریستی داعش و داگیر کردنی بەشێکی بەرچاو لە خاکی ووڵاتانی سوریە، عێراق ،لیبی و یەمەن و سەرهەڵدانی جەنگێکی بەربڵاو ماڵوێرانکەر لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەراست لە ڵایەک و کردەوە ترۆریستیەکان بۆ سەر ووڵاتی فەرانسە و هەڕەشەی ترۆریستی بۆ سەر زۆربەی ووڵاتانی ئوروپایی و تێک چوونی ئارامی لە ئوروپا، جیهانی بێ ئۆقرەیی و ئاڵۆزییەکی گەورە بۆتەوە. ئەو هەلومەرجە نوێیە سیاسی و ئەمنیەتی نێونەتەوەییە بۆتە هۆی رەخساندنی دەرفەت بۆ دەخالەت و دەست تێوەردانی ووڵاتانی خاوەن هێزی جیهان. بە شێوەیەک کە روسیە راستەوخۆ هاتۆتە مەیدانی ململانێکە و بە ناردنی هێزی سەربازی بۆ سوریەو پشتیوانی لە رژیمی بەشار ئەسەد و دروست کردنی جۆرێک لە هاوپەیمانی لەگەڵ رژیمی سەرەرۆی ئاخوندی و رژیمی سوریەو حیزبوڵلای لوبنان هاوسەنگی سیاسی لە ناوچەکە تێکداوە.

بێگومان ماوەی چەند ساڵ بوو روسیە لە دەرفەت دەگەڕا تا وەک گەورە هێزێکی جیهانی بێتەوە مەیدانی ململانێکان. وەک ئاشکرایە ئەمریکا وەک گەورەترین هێزی جیهانی نەیتوانی پێگەی خۆی لە خۆرهەڵاتی ناوەراست بپارێزێ و لە حاست کێشە سیاسیە جیهانیەکان و بە تایبەت لە روبەروبوونەوەی حکومەتی سوریە و جیددی نەبوون لە هەوڵەکان بۆ رووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد و ئیمتیازدان بە رژیمی ئاخوندی و کەمتەرخەمی لە بەرانبەر حکومەت و دەسەڵاتە دۆستەکانی و گۆرینی رەوت و نەقشەی سیاسی جیهانی بە دروشمی دیموکراسی و عەداڵەتی جیهانی، بە باوەری من دەوری ئەمریکای کەم رەنگ و لاواز کردوە.

بە بەراوردی زۆربەی شارەزایانی سیاسی، یەک بەرەیی و یە قوتبی جیهان گۆڕاوە بە چەند بەرەیی و چەند قوتبی، کە جیاواز لە ئەمریکا، روسیە وەک جەمسەرێکی جیهانی بە شوێن قازانج و بەرژەوەندیەکانیەوەیەو هەروەها چین و هیندوستان چ وەک حکومەتی خاوەن بۆمبی ئەتۆمی و چ وەک دوو ووڵاتی خاوەن زۆرترین جەماەر دەیان هەوێ لە کێشە سیاسیەکانی جیهان و بەرژەوندییە ئابووری و سیاسیەکان دەوریان هەبێ.

بەو بەراوردە کورت و خێرایە، دەتوانین ئەوە بخەینە بەرچاو کە هێمنایەتی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەراست بە تایبەت و هێمنایەتی جیهانی بە گشتی لە بەردەم هەڕەشەییکی جیددی و حاشاهەڵنەگرەو مەترسی سەرهەڵدانی قەیرانی زیاترو جەنگی ماڵوێرانکەرتر چاوەروان دەکرێ.  

 

2.  بەرێز کاک بابەشیخ حسینی پێتان وایە بابەتی داعش و سەرهەلدانی ئەو گرووپە ترۆریستیە تا چ رادەییک کاریگەری هەبووە لەسەرئالوگۆرە خێراکانی جیهان و ناوچەکە و ئایا دەکری بلێین پارادایمی داعش بە تەنیا، تەوەری وەرچەرخانەکانە یان خود ئەو ئالوگۆرانە درێژەی هەمان سیاسەت و پرۆژەکانی رابردووی زلهێزەکانی جیهانە و داعش بۆتە هۆی ئەوەی ئالوگۆرەکان خیراتر بن؟

پێم وایە ئاڵوگۆرە سیاسیەکان لە ناوچەکە و روخانی حکومەتە دیکتاتۆرەکان لە ووڵاتانی عەرەبی کە بووە هۆی چۆڵ بوونی مەیدان بۆ فکرە بناژۆخوازەکان تا بە ئازادانە پروپاگەندە بۆ فکری توندرەوانەیان بکەن و جیهاد بکەنە بنەمای کارەکانیان ،  توانیان ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسانی ئیحساسی لە ژێر ناوی جیهاد و بە ناوی ئیسلام  فریوبدەن و توانیان پانتاییکی بەرچاو لە خاکی وڵاتانی سوریە،عێراق و لیبی بە هێزی خۆیان داگیر بکەن و هەڕەشە بن بۆ سەر سەقامگیری ووڵاتانی ناوچەکە.

بە باوەری من ئەگەر ووڵاتانی خاوەن هێزی جیهانی بە هاتنی داعش توانیان بە شوێن ئامانجەکانیانەوە بن و لە جیات هەوڵ بۆ چارەسەری ریشەیی کێشەکان، لە هەوڵدان لە ئاوی ڵێڵ زۆرترین ماسی بگرن و بە دوای قازانج و بەرژوەندیەکانییانەوە بن.

رەنگە ووڵاتە زلهێزەکان بەرنامەی داڕێژراویان نەبووبێ بۆ سەرهەڵدانی داعش بەڵام  رێگەیان لە سەرهەڵدانی داعش نەگرت و بە بێ دەنگی سەرەتایان و کەمتەرخەمیەکانیان لە حاست ئەو پرسە حەستەم و مەترسیدارە ناراستەوخۆ رێگەیان خۆش کرد بۆ داعش و مەیدان چۆ٠Žلکردنی مەعناداریان لە خۆ نیشاندا. بۆ نمونە کاتێک ئەمریکا هێزە سەربازیەکانی لە عێراق بردە دەرەوە، هەم  مەیدانی بۆ دەست تێوەردانەکانی رژیمی ئێران چۆڵ کرد و هەروەها مەیدانی بۆ گەشە کردنی  هێزە ترۆریستیەکان چۆڵ کرد.

بێگومان سیاسەتی حکومەتە خاوەن هێزەکانی جیهانی لە سەر دروست بوونی قەیرانەکان لە خۆرهەڵاتی ناوەراست، لە لایەک وای کرد داعش گەشەیێکی خێرا بکات لە ناوچەکەدا، کە گەشە کردنەی داعش لە درێژماوەدا بوو بە مەترسی بۆ سەر هێمنایەتی ووڵاتانی خۆیان، بە شێوەیەک کە لە لە ئێستادا داعش و کێشەکانی ئەو رێکخراوە ترۆریستیەو هەروەها مەعامەلەو سات و سەودا لە گەڵ رژیمی ئاخوندی بۆتە خاڵی هاوبەش و بە یەک گەیشتنی هێزە جیهانیەکان و لە هەمانکاتیشدا سەرچاوەییکی ناکۆکی و بەر یەککەوتنە سیاسیەکانیانە.

3. کاک بابەشێخ پێتان وایە بوونی ئەو ئالوگۆرانە تا چ رادەیێک دەتوانێ‌ بە قازانجی گەلی کورد بشکێتەوە و کورد پێویستە لەم هەل و مەرجدا چی بکات؟ 

بە باوەری من ئەگەر گەلی کوردو هێزە سیاسیەکانی کوردستان یەکگرتوانە روبەروی هەلومەرجە نالەبارەکان و قەیرانەکان ببنەوە و دوور کەونەوە لە ناکۆکی و لە بەرانبەردا تەبایی و هاوکاری و هاوفکری بکەنە بەردی بناغەی کارەکانیان و لە هەمانکاتدا وریای پیلانەکان و سیاسەتی دوژمنکارانەی رژیمی ئاخوندی بن لەگەڵ بوونی کێشە ئابووریی و کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان گومان لەوەدا نیە کە ئەم هەلومەرجە دەتوانێ بە قازانجی گەلی کورد تەواو بێ.

4.  ئەگەر بێینە سەر باسی ئێران خوێندنەوەتان بۆ دوایین پێشهاتەکانی پێوەندیدار بە وەڵاتی ئێران و رژیمی ئاخوندیی چییە؟

لە دوای رێکەوتنی ووڵاتانی 5+1 لە گەڵ رژیمی ئێران و هەڵگیرانی بەشی سەرەکی ئابڵوقەکان لە حکومەتی ئاخوندەکان، دەسەڵاتدارانی لە ئێران لە خۆبایی کردوە بە شێوەیەک کە مەودای دەستێوەردانەکانی رژێم لە کاروباری ناوخۆی ووڵاتانی ناوچەکە پەرەی سەندوە و هەروەها لە ناوخۆی ئێرانیشدا سەرکوت و چەوسانەوەی خەڵک بە تێکراو ئازادیخوازان بە تایبەت پەرەی سەندوە.

لە ڵایەکی دیکەوە رێکەوتنی رژیم لە گەڵ ووڵاتانی رۆژئاوایی کە دەبوو ببێتە هۆی تەبایی ناوخویی لە حاکمیەتی ئاخوندەکان بە پێچەوانەوە بۆتە هۆی کێشەو ناکۆکی قوڵی نێوان باڵەکانی رژیم و کێشەکانی نێوان سەرانی رژیم و مۆرە سەرەکیەکانی دەسەڵات بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندوە بە شێوەیەک ژمارەیەک لە دەست و پێوەندەکانی دەسەڵات چ لە ناوخۆی ئێرانداو چ لە دەرەوی ئێران ئەو ناکۆکیانە بە مەترسیدار بۆ سەرداهاتوی دەسەڵات دەزانن.

بەپێ ئەو شی کردنەوەی کە باسم کردو هەروەها بە پێ بەراوردی زۆربەی شارەزایانی سیاسی هەلومەرج لە ئێستاو لە داهاتودا بە قازانج و لە چوارچێوەی بەرژەوەندیەکانی دەسەڵاتی ئاخوندی نابێ.

 

5. بەرێز حسینی لە مانگی رەشەممەی داهاتوو دەیەمین خولی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و پێنجەمین خولی مەجلیس خوبرەگانی رێبەری بەرێوە دەچێ؟ خوێندنەوەتان بۆ ئەو هەڵبژاردنە چییە و بە گشتیش دیاردەی هەڵبژاردن لە رژیمی ئاخوندیدا بە چ واتایێک دێ؟ ئایا هەڵویستی سازمانی خەبات بەلای تەحریمدا دەبێ یان خود بەشداری کردن؟

کاتێک باس لە پرۆسەی هەڵبژاردن لە ووڵاتێکدا دەکرێ دەب٠Žی میکانیزمی هەڵبژاردن و بنەماکانی دیموکراسی بخەینە بەرچاو. ئایا لە ئێران حکومەتێکی دیموکراسی لە سەر کارە؟ وەڵامەکەی بێگومان نەخێرە. وەک ئاشکرایە لە ئێراندا حکومەتێک کار دەکات کە هیچ بنەمایەکی ئازادی و دیموکراسی تێدا بەدی ناکرێ. حکومەتی ئێران یەکێک لە سەرەرۆترین و دیکتاتۆرترین دەسەلاتەکانە لە جیهان و ناوچەکەدا. 37 ساڵە ئاخوندەکان بە بێ سڵەمینەوە سەرەتایی ترین بنەماکانی ئازادی پێشێل دەکەن. لە ئێراندا تەنیا یەک بەش لە سێ بەشەکانی حکومەت دەسەڵاتی هەیە کە ئەویش رێبەری رژیم و دەست و پێوەندەکانین. لە مێژووی ئەو حکومەتەدا بینیومانە مەجلیسی شورای ئیسلامی لە خزمەت ویستەکان و فەرمانەکانی خامنەییدا بوەو ئەگەر هەر یەک لە ئەندامانی مەجلیس بە سەرەتایی ترین شێوە دژایەتی خامنەیی و فەرمانەکانیان کردبێ کەوتۆتە بەر غەزەب و تورەیی رێبەری رژیم و بەیتی رێبەری.

لە هەڵبژاردنی مانگی رەشەممەدا هەلومەرج گەلێک جیاوازترە لە چاو شانۆی هەڵبژاردنەکانی رابردوو. لەشانۆی ئەمجارەدا کە لە یەک کاتدا نوێنەرانی مەجلیس و خوبرەگانی رێبەری هەڵدەبژێردرێن، باڵی خامنەیی زۆر توندتر کەوتۆتەپەلاماری نەیارانیان و هێرش بۆسەر لایەنگرانی هاشمی رەفسەنجانی و حەسەن روحانی. شورای نێگەهبان متمانەی نەداوە بە ژمارەیەکی زۆری ئەو کەسانەی کە گومانیان لە سەرە کە دژایەتی دەسەڵات و باڵی فەرمانرەوا دەکەن. جێگری وەزیری ناوخۆی رژیم رایگەیاندوە کە 6 هەزارو 180 کەس لە لایەن شورای نیگەهبان موتمانەیان پێ نەدراوە کە لە ناو ریزی ئەو کەسانەی متمانەیان پێ نەدراوە ناوی نەوەی خومەینی دەبیندرێ.

بەو پێ یە هەڵبژاردن لە چوارچێوەی سیستمی فەرمانرەوایی حکومەتی ئاخوندی بێجگە لە هۆیەکی تەبلیغاتی و ساختەکاریەک بە مەبەستی درێژ کردنەوەی دەسەڵات و چاوبەستی سیاسی، ناکرێ ناوێکی دیکەی لێ بندرێ. ئاشکرایە بەشداری کردن لە هەڵبژاردن و گەرمدا هێنانی ئەو شانۆگەریە تەنیا ئاخوندان و سیستمی فەرمانرەوایی دواکەوتوانەیان قازانجی لێ دەبینن. سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران لە سەر بنەمای ئەو راستیانەی کە لە سەر دەسەڵاتی دواکەوتوانەی رژیمی ویلایەتی فقیە هەیەتی هەر جۆرە هەڵبژاردنێک لە ئێران اد بە غەیرە دیموکراتیک دەزانێ و داوا لە جەماری کوردستان دەکات تا ئەو جێگەی بۆیان دەکرێ و زیان بە گیان و ژیانیان ناگەێنێ بەشداری لەو شانۆگەرییە نەکەن و بە تەواوی تەحریمی بکەن.  

  6. پێتان وا نییە بوونی رەوتی رووحانی لە باقی رەوتەکان باشترە و دەکرێ‌ ئومێد بە چارەسەری بە دەستی ئەو رەوتە هەبێ؟

کێشەی سیستمی دەسەلاتداری تەنیا لە گەندەڵی و ستەمگەری کەسەکاندا نیە، کۆسپی گەورەو بەربەستی سەرەکی لە خودی سیستمی حکومەت و قانونی بنەرەتی حکومەتدایە. رۆحانی و هەر کەسێکی دیکەو بە هەر دروشمێکی جوان و زریقەو بریقەدار بێتە سەر دەسەڵات، کاری سەرەکی خزمەت بەو دەسەڵاتەیە کە دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهه، لە ئێراندا کەسێک لە سەرەوەی دەسەڵاتە کە خۆی وەک نوێنەری خودا لە سەر زەوی دەناسێنی بە حەزی خۆی بریار دەدا. کاتێک لە قانونی بنەرەتی ئێراندا ئافرەت ناتوانی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار بپاڵێوێ کاتێک تەنیا رێگە بەو کەسانە دەدرێ خۆیان بپاڵێون بۆ بەرپرسایەتیە حکومەتیەکان کە پێ بەندی دواکەوتوانەترین قانونی بنەرەتی بن چ واتایێک بۆ هەڵبژاردن دەمێنیتەوە. بەو پێ یە نە رۆحانی دەتوانێ و نە گەرەکیەتی هیچ ئاڵوگۆرێک بە قازانجی خەڵک لە ئێراندا دروست بکات.

خەڵکی ئێران کاتێک دەتوانن هومێدوار بن بە ئاڵوگۆرەکان کە لە ئێران دا سیستمی بنەرەتی حکومەتداری لە ئێراندا گۆرانی بەسەردا بێت و قانونی ئەساسیەک لە ئێران پەسەند بکرێ کە لە سەر بنەمای دیموکراسی و پێکەوە ژیان بێ و دوور بێ لە حکومەتی دەستەیەکی تایبەت و مەزهەبێکی دیاری کراو لە ئێراندا و تێکرای چین و توێژەکان خاوەن بەش بن لە خێرو بێری ووڵات.

7.کاک باباشێخ ئایا پێتان وایە لەو دۆخە پڕ قەیرانەی ئێستای ئێران دۆخی حیزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان ئێران و بە گشتی بەرەی ئازادیخوازان لە هەل و مەرجێکی شیاو و گونجاو دابێ؟

بە باوەری من دروست نیە کە دۆخی سیاسی ئێران لە گەڵ دۆخی سیاسی دەسەڵات پێکەوە ببەستینەوە. ئەو سەرەتایەی کە لە پێشدا باسم کردلە پێوەند بە هەلومەرجی دەسەڵات بەرچاورونیێکە بۆ پێناسە کردنی هەلومەرجی سیاسی لە ئێراندا. هەر چەندە لە ئێراندا قەیرانەکان زەق و بەرچاو و چارەسەر نەکراو بن، ئەگەر هێزو لایەنە سیاسیەکان چالاک و کارامە نەبن ناتوانن هەلومەرجەکە بە قازانجی جەماوەر و خۆیان بقۆزنەوەو دەستەبەری بکەن.

بە داخەوە لە ئێستادا لێکترازان لە نێو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بۆتە بەربەستێکی سەرەکی و هیچ کام لە هەوڵەکان بۆ کاری هاوبەش و دارشتنی قەوارەیەک بۆ یەکێتی نەتەوەیی نەگەیشتۆتە ئەنجام. بە واتایەکی دیکە لایەنە سیاسیەکان کە بانگەوازی دیموکراسی و یەکسانی و رێزی بەرانبەر دەکەن بە بۆچونی من یا واقعی دروشمی دیموکراسی بە نادروستی تەفسیر دەکەن و لێک دەدەنەوە و یا لە دیموکراسی و رێزی بەرانبەر وەک دروشم و بە مەبەستی بردنە پێشی کارەکان کەڵک وەردەگیرێ.

ئەگەر لایەنە سیاسیەکان یەکدەنگی بکەنە بنەماو هەوڵ بۆکاری هاوبەش بدەن خۆیان دەبنە خوڵقێنەری هەلومەرجی شیاو. بە واتایەکی دیکە لە نالەبارترین هەلومەرجیشدا ئەگەر یەکێتی و تەبایی و کاری هاوبەش پەیرەو بکرێ دەتواندرێ بە سەر کەندو کۆسپەکاندا زاڵ بین. 

سازمانی خەبات وەک هێزێکی نیشتمانی و نەتەوەیی کە باوەری بە کاری هاوبەش لە گەڵ هێزو لایەنە سیاسیە کوردستانی و سەرانسەریەکان هەیە بە بەردەوامی پێشنهادی بۆ یەکریزی پێش کەش کردوەو هەر لە سەر ئەو بنەمایە و بە تێ گەیشتن لەو راستیە پێویستە لە گەڵ سازمانی موجاهیدینی خەڵقی ئێران هاوپەیمانی چەندین ساڵەی هەیە.

8.ئایا هیچ هەنگاو بۆ چارەسەری ئەو دۆخە لە ئارادایە؟

بە داخەوە لە ئێستادا هیچ بەرچاو رونیەک نیە بۆ چارەسەر کردنی ئەو دۆخە نالەبارە. ئومید دەکەین لە داهاتوووێکی نزیکدا بە هەستی بەرپرسیارەتی تێکرایی بتوانین بە سەر کۆسپەکانی بەردەم ئەو پرۆژەیە دا سەرکەوین کە گومانیش لەوەدا نییە بەسەر کەندوکۆسپەکاندا زاڵ دەبین و بەرچاوڕوونیشمان خەباتی رەوای شۆڕشگێرانەو پشتیوانی جەماوەری کوردستانە.

9.سازمانی خەبات چ بەرنامە و پرۆژەیێکی عەمەلی هەیە بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە؟

لە ساڵی 2010 پرۆژەیەکی 10 خاڵیمان بە هێزو لایەنە بەڕێزە سیاسیەکانی کوردستان پێشکەش کرد. ئەو پڕۆژەی سازمانی خەبات بە شێوەیەکە کە کەمترین دژایەتی لە گەڵ بنەماکانی کاری هاوبەش لە پێناو خزمەت بە گەل و نیشتمان تێدا نابیندرێ . هەروەها لە سەردانی نۆێنەرانی بەڕێزی لایەنە سیاسیەکان بۆ لای سازمانی خەبات و هەروەها لە سەردانی نوێنەرانی سازمان بۆ لای لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی باسی پێویستی کاری هاوبەش و یەکدەنگی کراوەو لە تازەترین پێشنهادی سازمانی خەبات داوامان کردوە کە یەکێک لە هێزەسیاسیەکان دەستپێشخەری بکات و دەعوەتی نوێنەرانی هێزو لایەنەکان بکات تا لە نزیکەوە قسە لە سەر میکانیزمێک بکەین بۆ ئەوەی بتواندرێ بە جۆرێک هەوڵ بۆ پێک هێنانی چوارچێوەیەک بۆ کاری هاوبەش بکرێ.

 


8 ساڵ و 9 مانگ و 20 ڕۆژ و 3 کاتژمێر و 44 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

بابەشێخ حسێنی: هەڵبژاردن لە ئێران جگە لە هۆیەکی تەبلیغاتی و ساختەکاریەک بە مەبەستی درێژ کردنەوەی دەسەڵات و چاوبەستی سیاسی، ناکرێ ناوێکی دیکەی لێ بندرێ

بابەشێخ حسێنی: هەڵبژاردن لە ئێران جگە لە هۆیەکی تەبلیغاتی و ساختەکاریەک بە مەبەستی درێژ کردنەوەی دەسەڵات و چاوبەستی سیاسی، ناکرێ ناوێکی دیکەی لێ بندرێ

په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

په‌یوه‌ندی گرتن


ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07506206655 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504687209 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504497138 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا     : 0767676746   (0046)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا       : 040331264   (0047)



په‌یوه‌ندی ئه‌له‌کترۆنی:



[email protected] 
[email protected]
xebatmedia@sazmanixebat.net
[email protected]om

ئۆرگانه‌کانی سازمانی خه‌بات


ڕێکخراوی ئافره‌تانی خه‌باتی کوردستانی ئێران 

ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران