حەوت پاسداری رژیمی ئێران بەهۆی مووشەک بارانی فرۆکەخانەی تی فور لە سوریە کوژراون.
هەواڵدەری هێزی تیرۆریستی قودس ناسراو بە تەنسیم رۆژی دووشەممە 21ی خاکەلێوەی 1397 کوژرانی حەوت پاسداری رژیک لە سوریەی راگەیاند. بەپێی ئەو هەواڵدەریە تەرمی ئەو پاسدارە کوژراوانە ئەورۆ گەیەندراونەتەوە بۆ ئێران.
ناوی ئەو کوژراوانە کە خەڵکی تاران، قوم، تەورێز، ئەهواز، بیرجەند و کاشان بوون کە بۆ دیفاع لە دیکتاتۆری سوریە بۆ ئەو وەلاتە نێردرابوون بریتین لە: ئەکبەر زەوار جەنەتی، مەهدی لەتیفی نیاسر، عەمار موسەوی، مورتەزا بەسیری پور، مەهدی دێهقان، حامید رەزایی و حوجەتولا نوچەمەنی.
لە دوای هێرشی جینایەتکارانەی رژیمی ئەسەد بۆ سەر شاری دوما و شەپۆلی مەحکومیەتی ئەو کردەوەیە، راگەیەنەکان رۆژی دووشەممە راپۆرتێکان لەسەر هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر فرۆکەخانەی سەربازی تی فوری رژیمی ئەسەد لە نزیکی حومس بڵاو کردەوە کە ژمارەیەک لە بەکرێگیراوانی رژیمی ئاخوندی و سەرکردەکانی رژیمی دیکتاتۆری سوریە لەو هێرشانەدا کوژراون.