ئەمسالیش وەک نەریتی هەموو ساڵیک ناو و شوعارێک بۆ ساڵی 1397 لە پەیامی نەورۆزی خامەنەیی وەلی فەقیهی رژیم دیاری کرا. جیا لەوەی کە ئەو ناو دیاری کردنانە وەک نەریتێ
ئەمسالیش وەک نەریتی هەموو ساڵیک ناو و شوعارێک بۆ ساڵی 1397 لە پەیامی نەورۆزی خامەنەیی وەلی فەقیهی رژیم دیاری کرا. جیا لەوەی کە ئەو ناو دیاری کردنانە وەک نەریتێکی رۆتینی و بەردەوام لە سەری ساڵە کۆچی خۆرییەکان دەکرێن، هاوکات دەتواندرێ لە ناوی دیاری کراو خوێندنەوەمان بۆ کێشە و گرفتەکان و بایەخ و قەیرانە هەنووکەییەکانی دەسەڵاتیش هەبێ. بە چەشنێک دەتوانین بڵێین شێوە و ناوەرۆکی ناوەکە گوزارشت لە قەیران و کێشەکانی ناو دەسەڵات دەکات. ئەوەی جێگەی تێرامانە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو بە بەردەوامی ناوی ساڵەکان لە پێوەند بە بەشی ئابووری وەک جیهادی ئابووری و موقاوەمەت و خۆراگری ئابووری و هتد.... و دیاری دەکرا و ئەمساڵیش ناوی پشتیوانی کردن لە کەل و پەلی ناوخۆیی دیاری کراوە وەک دروشم و ناوی ساڵ.
زۆر روون و ئاشکرایە ئەو پێداگرییە بەردەامەی باڵاترین دەسەڵاتی رژیمی ئێران لەسەر ئەو بابەتە بە شێوەیێکی بەردەوام ئاستی نیگەرانی و کێشەی قووڵی نیزام لەو بەشە دەردەخات و ئەوەی راستیش بێ قەیرانی ئابووری لەدەسەلات بەچەشنێک پەرەی ستاندووە کە وەک هەڵتەکینەری نیزامی دیکتاتۆری ئاخوندی چاوی لێدەکرێ و نارەزایەتیەکانی چەند مانگ لەمەوپێشی زیاتر لە 100 شاری ئێرانیش پشت راست کردنەوەێکە بۆ ئەو بابەتە و "شۆڕشی برسیەکان" ئەوە ناوەیە کە ترسی دەسەڵاتی یەکجار بەرز کردۆتەوە.
ئێران سێهەمین بەرهەمهینەری نەوتی جیهانە و دووهەمین وەلاتە لە بواری گازی سروشتیەوە و هەروەها یەکەمین پلەی جیهانی لەباری رووی و دووهەمین پلەی جیهانی لەباری مس و نۆهەمین پلەی جیهانی لەبواری کانزای ئاسن و دەیەمین پلەی جیهانی لەباری ئۆرانیۆم و یازدەهەمین پلەی جیهان لەباری کانزای قورقوشم هەیە. بە واتایێکی دیکە ئێران بە بوونی ١ لەسەدی حەشیمەتی جیهان، زیاتر لە ٧لەسەدی کانزا ژێر زەوییەکانی جیهانی هەیە.
لەبەرانبەر ئەو داهاتە سەرسوورهینەرەی لە وەڵاتی ئێران هەیە بەرهەم و دیاری دەسەڵاتی رەشی ئاخوندی بۆ خەڵکی ئێران تەنیا پەرەدانی هەژاری و نەهامەتی و دارمانی ئابووری و برسیەتی بووە.
بەڵام پرسیارەکە لێرەدایە کە ئایا هۆکارەکانی ئەو دۆخەی کە بەسەر ئابووری و ژیانی خەڵکی ئێران داهاتووە ، دەگەرێتەوە بۆ دەرەوەی سیستەم و نیزامی ئاخوندی و ئایا بەرێوەبەرانی رژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی هیچ جۆرە دەستێوەردانێکیان لەو دۆخە پێکهاتووە نیە، کە ئاوا بەبەردەوامی داوای خۆراگری و تەحمولی ئەو دۆخە نالەبارە دەکەن و رێنوینی و راسپاردەکانیان بۆ رووبەرووبوونەوەی قەیرانەکان چەندە واقعیی و لەژێر دەسەڵاتی خەڵکدایە؟
بە پێی ناوە دیارکراوەکان وا وێنا دەکرێ کە خەڵک بەشیکن لەو دۆخە ئالۆزە و هەر بۆیە بە ئامانجی نەهیشتنی یان روبەروو بوونەوەی پێویستە هەوڵ بدەن. باس لە جیهادی ئابووری دەکرێ و رێنوینی خەڵک دەکات کە بۆ بەرپەرچدانەوەی تەحریمە نێودەوڵەتیەکان خەڵک پێویستە جیهادی ئابووری بکەن و بە هەموو رێوشوێنەکانی ژیانیان دابچنەوە!! وەک بلێی خەڵک هۆی ئەو قەیرانە بێ! باس لە پشتیوانی لە کەل و پەل و بەرهەمە ناوخۆییەکان دەکرێ! وەک بلێی ئەو خەڵکی ئاسایی بن خەریکی هاوردەکردن و بە بەرهەمی دەرەوە بەرهەمی ناوخۆییان خاپوور کردووە و دەسەڵات لە رێگەی سپای پاسداران هیچ نەخش و دەورێکی لەو لێشاوە هاوردەکردنەی کەل و پەل و بەرهەمە دەرەکیەکان دا نییە!!
باشە بەراستی جارێک هاتن پرسیار لە خەڵک بکەن کە ئایا خەڵک ، چەکی ئەتۆمی یان تەنانەت تەکنەلۆژی ناوکەیی بە هەر نرخێکیان دەوێ و لەپاشان دا ئەگەر رازی بوون و تەحریم خرایە سەر وەلات خەڵکیش سیاسەتی جیهاد وخۆراگری ئابووری بگرنە پێش؟
بێگومان ئەگەر رێفراندۆمێک لەو پێوەندییەدا بکرێ زیاتر لە 90 لەسەدی خەڵکی ئێران تەکنەلۆژیایێک بەو نرخەیان ناوێ.
بەراستی خۆلقینەرانی ئەو دۆخە نەشیاو و دارمانە ئابوورییەی وەلاتی ئێران کێن؟
ئایا خەڵکن داوا لە دەوڵەت دەکەن هەزینە و تێچووی شەڕی سوریا و بەشێکی بەرچاو لە ئاژاوەگیرییەکانی ناوچەکە بگرێتە ئەستۆ و لەسەر شان و حیسابی خەلک فیشەک و ئاگر دابین بکرێ و بەسەر خەڵکی داماو و بێ تاوانی وەڵاتانی شەرلێدراو ببارێندرێ؟
ئایا خەڵکن بە میلیاردها دۆلار پووڵ و سامانی گشتی وەلادەخەن و ئیختلاسی سەرسوورهێنەری میلیاردی دەکەن و دوایش دەچنە باشترین وەلاتەکان و دەبنە پەنابەر و بە خەڵکی ئێران پێدەکەنن؟
ئایا ئەوە خەڵکی ئاسایی و لەهەموو چین و توێژەکانن کە پوولی نجوومی و حقوقی دەیان میلیۆنی بە بێ بەرهەم وەردەگرن یان خود ئاخوند و دەسەڵاتە گەندەڵەکانی ناو سیستەمی ئاخوندیین؟
ئایا ئەوە خەڵکی ئاسایین کە بازاری هەناردە و هاوردە کردنی کەل و پەلیان لە زیاتر لە 90 بەندەر بەدەستە و کەل و پەلی دەرەکی هاوردە دەکەن یان ئەو کەرتانە بە تەواوی مانا لەدەست و خزمەتی سپای پاسدارانی ترۆریستە؟
ئایا خەڵکن داوا دەکەن 15 هەزار کیلۆ زێر و نوقرە لە گونبەزی ئیمامزادەکانی ئیبراهیمی موجاب ، حەبیب ئیبنی مەزاهیر، موسلیم ئیبنی عەقیل و زەریحی ئیمام حوسین بەکارببردرێ و ئایا ئەوە خەڵکن خوازیارن 25 هەزار خشتی زێر لە گونبەزی ئیمام نەقی و ئیمام حەسەنی عەسکەری بەکاربهین٠Žدرێ.
بێگومان وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە روون و ئاشکرایە.....
ناوی ئەمساڵ لە کاتیکدا بە پشتیوانی لە کەل و پەلی ناوخۆیی دیاری کراوە کە لە لایەن خودی بەرپرسانی دەسەڵاتەوە دان بە دەست تیدابوونی سیستماتیکی بەرپرسانی بالای رژیم لە قاچاخی کەل و پەل دا دەکرێ و دادستانی گشتی رژیم لە تاران بە ئاشکرا ووتی: هێندێک لە بەرێوەبەرانی دەوڵەتی نایانهەوێ بەربەرەکانێ بە جیددی لەگەڵ قاچاخ بکرێ و دامەزراوەی خەبات لەگەڵ قاچاخی کەل و پەل و پووڵی دەرەوە، داخراوە. تەنانەت خودی خامەنەیش ئەو دیاردەیەی بە ناوی قاچاخی سازماندراو و قاچاخی رێکخراە گەورەکانی ناوبردووە. گەندەڵی و قاچاخ لە وەلاتی ئێران بەجۆرێک ریشاژۆی کردووە بە رەسمی بەشێکی بەرچاوی ئابووری وەلاتی خستۆتە ژێر رەکێفی خۆی و بە هۆیەوە کارخانەکانی ئێرانی وەرشکست و بەرهەمی ناوخۆیی لەناو چووە و زیاتر لە 2 میلۆن نەفەر بێکار بوونە. قاچاخی کەل و پەل لە لایەن دامەزراوەکانی رەسمی بە تایبەت سپای پاسداران و لێپرسراوانی رژیم لەکاتێدایە کە رۆژانە کۆڵبەرانی کوردستان بە هۆی کۆلبەری گوللەیان پێوە دەندرێ و شەهید دەکرێن. سزای کۆلێک باری چایی یان هەر کەل و پەلێکی تر گوللە و کوشتنە بەڵام قاچاخە سەدان میلیارد دۆلارییەکەی رژیم دێزە بەدرخونە و رێگە پێدراون.
ئەوەی دەتواندرێ شێمانەی بکرێ تەنیا و تەنیا سالێکی پڕ کارەساتتر بۆ کۆڵبەرانی سنوورەکانی کوردستانە و روون و ئاشکرایە کە سیاسەتی قاچاخی سیستماتیکی سپای پاسداران بەردەوام دەبێ و هیچ رێگریەک لەو بارەوە ناکرێ.