بەبۆنەی کۆچی دوایی سارم خان سادق وەزیرى، یەکێک لە تێکۆشەرانی دێرین و دیاری گەلەکەمان لە وەڵاتی سوئیس، سازمانی خەبات پرسەو سەرەخۆشی لە خانەوادەی سارم خانی سادق وەزیری دەکات. ڕۆژی چوارشەممە 22ی خاکەلێوەی 1397ی کۆچی خۆری، "سارم خان سادق وەزیری" پارێزەر و مافناس و یەکێک لە تێکۆشەرانی دێرینی کورد، لە تەمەنی ٩٧ ساڵیدا، لە وڵاتی سویس کۆچی دوایی کرد.
سارم خان سادق وەزیری، لە 12ی جۆزەردانی ساڵی 1300ی کۆچی خۆری، لە شاری سنە لەدایک بووە، خوێندنی سەرەتایی لەم شارە و دواناوەندی لە سنە و تەورێز تەواو کرد و دوای ساڵێک توانی لە بەشی یاسا لە زانکۆ درێژە بە خوێندن بدات و سەرئەنجام لە دەزگای قەزایی ئەوکاتی ئێراندا کاری پێ دەسپێردرێت. ناوبراو دوای کوده تای 28ی گەڵاوێژی 1332، بەهۆی چالاکی سیاسی دەگیرێ و ڕەوانەی بەندیخانەی "فلک الفلاک"ـی لوڕستان دەکرێ. دوای چواردە مانگ زیندان بە ئێعدام مەحکووم دەکرێت و پاش چوار ساڵ حوکمەکەی دەبەخشرێت و ئازاد دەکرێ. ساڵی 1357 سارم خان سادق وەزیری لەگەڵ چەند کوردێکی دانیشتووی تاران "جمعیت کردهای مرکز"یان دامەزراند و ناوبراو وەک وتەبێژی "جمعیت"ـەکە ناسرابوو. هەروەها لە داڕشتنی گەڵاڵەی خودموختاری پێشنیارکراوی دەستەی نوێنەرایەتیی کورد بۆ وتووێژ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تازەی ئێران لە ساڵی 1358 ڕۆڵێکی کاریگەر و سەرەکی وەک یاساناس گێڕا. بەبۆنەی کۆچی دوایی سارم خان سادق وەزیری، بەناوی کاک بابەشێخی حوسێنی سکرتێری گشتی سازمانی خەبات و دەفتەری سیاسی و تێکرای ئورگانەکانی سازمانەوە پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەس و کاری کۆچکردوو دەکەین و کۆچی دوایی ئەو تێکۆشەرەی گەلەکەمان بە خەسارەتێکی گەورە بە بزوتنەوەی ئازادیخوازی کورد لە کوردستانی ئێران دەزانین.
سازمانی خهبات کومیتهی ناوهندی