دوو بازاڕچەی سنووریی شووشمێ و تەمەرچین لە شارەکانی کوردستانی ئێران، بۆ هێنانی شتومەک بە فەرمی دیاری کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی حکومەتی “تەسنیم” دوو بازاڕچەی سنووریی شووشمێ و تەمەرچین لە شارەکانی کوردستانی ئێران، بۆ هێنانی شتومەک بە فەرمی دیاری کراون.
سنوورەکانی شووشمێ لە شاری پاوە و تەمەرچینی شاری پیرانشار وەکوو دوو سنووری “پیلۆت” شوێنی دیاریکردنی هێنانی کەلوپەل بە فەرمی لە لایەن رژیمی ئێرانەوە دیاری کرا.
فەرمانداری رژیم لە شاری پاوە وێرای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند: پاش هەڵسەنگاندن و پشکنینی بەرپرسانی وڵات لە سنووری پارێزگاکانی کرماشان و ورمێ و سنە، ئەم دوو سنوورە وەکوو سنووری هێنانی شتومەک و کۆڵبەری بە فەرمی دەسنیشان کران.
ئەو بەرپرسەی رژیم هەروەها ڕایگەیاند: چالاکانی ئابووری و بازرگانان دەتوانن شتومەک و کەرەستەی خۆیان لە سنوورە فەرمییەکان وڵات بەتایبەت پەرویزخان و باشماخ بە گومرۆکی شووشمێ ترانزیتی بکەن و پاش ترانزیت کردنی شتومەکان بازرگانان دەتوانن کەرەستەکانیان لە سنووری فەرمی شووشمێ بۆ هەر شوێنێکی ئێران ڕەوانە بکەن.
شایانی باسە لە دوای بریاری رژیم بۆ داخستنی سنوورەکان و قەدەغە کردنی کاری کۆڵبەری، ڕەشەمەی ساڵی 96 لە شارەکانی پیرانشارو بانە کاسبکارانو کۆڵبەران لە مەڕ داخستنی سنوورە کۆڵبەرییەکان بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک مانیان گرت و دووکانەکانیان داخست، بە هەمانشێوە لە ١٤ی خاکەلێوەی ئەمساڵدا لە شارەکانی مەریوان، جوانڕۆ و سەقز لە دژی داخرانی سنوورە کۆڵبەرییەکان دووکانو بازارەکان بە گشتی داخرانو تا وەرنەگرتنی بەڵێنی لە بەرپرسانی پێوەندیدار بۆ کرانەوەی سنوورەکان دووکانەکانیان نەکردەوە.