ئەم واژەیە لە وشەی (فاشیمۆ ) وەرگیراوە، کە وەک دروشمی هێز لە ڕۆمی کۆندا بەکار هاتوە و ناوی چەند کۆمەڵە ڕم و تەورێک بوون، کە دەستەی پێشەوەی سوپا لەگەڵ خۆیان دا
زێنەب حسینی
ئەم واژەیە لە وشەی (فاشیمۆ ) وەرگیراوە، کە وەک دروشمی هێز لە ڕۆمی کۆندا بەکار هاتوە و ناوی چەند کۆمەڵە ڕم و تەورێک بوون، کە دەستەی پێشەوەی سوپا لەگەڵ خۆیان دا هەڵیان دەگرت.
فاشیزم بریتیە جۆرێک لە حکومەت، کە تا ئاستی توندڕەوی، شێوازێکی ملهوڕی و تۆتالیتاری هەیە. لە بنەمادا فاشیزم بۆ گەڕاندنەوەی نەزم و نیزام و یاسا بۆ کۆمەڵگا دامەزراو پەیڕەو دەکرا.
بەڵام لە ڕاستیدا بۆ چەسپاندنی ئەو نەزم و یاسایە دەوڵەتە فاشیستەکانیش بەجۆرێک زوڵم و ستەمیان پیادە دەکرد و لەسەر هەمان ڕێچکە دەڕۆیشتن.
مۆسۆلۆنی شانازی بەوەوە دەکرد کە پابەندی هیچ نەزم نیزامێک نیە، بەڵام لە دوای بە دەسەڵات گەیشتنی بۆی دەرکەوت کە بۆ ڕووبەڕوبونەوە لەگەڵ حیزب و بیروبۆچونە بەهێزەکانی باو لەو ڕۆژەدا، پێویستی بە فەلسەفەو تیورێکی گونجاوە.
بەپێی ئەو بنەماو پێڕەوە سەرەکیانەی کەهەر نیزامێکی فاشیستی پەیڕەوی دەکات، ئازادی و کارو دەسەڵاتە ڕەهاکانی ڕابەری و لابردنی هەرجۆرە لێپرسینەوەیەک لە لایەنی خوارەوە بێ بایەخ چاولێ دەکرێت.
ڕژیمی ئێران لەسەرەتای گەیشتنی بە دەسەڵات بنەماو دیاردەکانی دەوڵەتێکی عەیارفاشیستی لێ وەدیارکەوت .
بنەماکانی دەوڵەتی فاشیستی کە دەسەڵاتی ڕەها و سەرکوت و تیرۆر و ئایدۆلۆژیا و ئابوریە هۆکاری درێژەکێشانی دەسەڵات بووە.
چەند بزوێنەرێکی سەرەکی هەن لە دەسەڵاتی فاشیستی کە درێژەدان بە بەڕێوەبەری لە ڕوی ئایدۆلۆژیەوە ، سەر ئەکێشێ بۆ بنەمای ڕابەرێکی تاک ویەک جەمسەر کەتا ئێستاش لە وەڵاتە دیکتاتۆرەکان باوە.
ڕژیمی ئێران لە ماوەی چوار دەیە لە دەسەڵاتیدا، ڕێبەرایەتی موتڵەق پەیڕەو دەکات و بڕیارو یاساو ڕێساکانی وڵات و زەمام داری لە ئەستۆی وەلی فەقیە،کەخۆی بکوژ وببڕە.
هەر جۆرە بیرو بۆچونێکی پێشکەوتن خوازانە لە لایەن دەسەڵاتەوە ڕەدکراوەتەوەو جێگەی قبوڵ نیە. بەکارهێنانی قەڵغان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هاووڵاتی وڕێگری لە ئازادی وخواستەکانی،بە زامنی مانەوە زانیووە.
دژایەتی ئیمپریالیستی ئەمریکاو ئیسڕائیل و وڵاتانی ڕۆژئاوایی کردۆتە پیشە وتوێشوو بۆ سەرکوت ودەیهەوێ وا مەترسی لەسەر نیزام دوور بخاتەوەو بەداتاشینی دژمنی ساختە وبوونی مەترسی لەسنورەکان ، دوژمنی سەرەکی خەڵک کە دەسەڵاتی وەلی فەقێیە، لەبیرکردوە.
بە میلیتاریزەکردنی خەڵک و وەڵات هەم لە ڕووی ئایدۆلۆژیەوە و هەم لە ڕووی نیزامیەوە زۆربەی خەڵکی ئامادەی قبوڵکردنی شەڕ کردووە. دەسەڵاتی ئێران کە وەک دەسەڵاتێکی فاشیستی ڕەفتار دەکات، بەو شێوە قازانجی لە ناسیۆنالیزمی ئێرانی وەردەگرێت و وەک ئامرازێک بۆ بەرزڕاگرتن و گەورەنیشاندانی خۆیی و بەراوردکاری لەگەڵ نەتەوەو ئەدیانی ترو هاندانی خەڵکەکەی بۆ یەکگرتن لەگەڵ یەک لە بەرامبەر دژمنی ساختە و دەرەکی دروشمی بەرزی وبەرتەری ئایین ونەتەوە بە گوێی خەڵکدا دەدات، کە هەر ئەم سیاسەت وڕێکارە بەسە بۆ جێکەوتەکردنی ڕژیم وەک دەسڵاتێکی فاشیست.
یەکێکی تر لەو هۆیانەی کە دەسەڵاتی فاشیستی پەیڕەوی دەکات تیرۆرە!
پەیڕەوکردنی کردەوە تیرۆریسیتەکان بۆ مانەوەی حاکمیەت، یەکێک لە هۆکارە بنچینەیەکانی دەوڵەتی فاشیزمە.
ڕژیمی ئێران بە سەرکوت کردنی هێزە دژبەرەکانی پێناسەی دەسەڵاتی فاشیستی لە خۆ گرتوەو بەبەزاندنی هەموو سنورێک ، چکۆلەترین جوڵانەوەی ئازادیخوازانە بێ بەزەییانە سەرکوت و تیرۆر دەکات و تیرۆریزمی ڕژیم لەم پێوەندیەدا هیچ سنورێک ناناسێ . هەروەک چۆن ئەندامانی ڕێبەری و سەرکردەکانی حکومەت و دەسەڵات بە شێوەی جۆراو جۆر سزاو ئەشکەنجە و حەپسی خانەگی و تیرور کردوە.
یەکێکی تر لەو فاکتەرانەی کە ڕژیمی ئێران وەک دەوڵەتێکی فاشیستی پەیڕەوی دەکات، دروست کردنی ڕێکخراو و گروپی جۆراو جۆرەو تەیارکردنیەتی بەمەبەستی ژێر ڕکێف کردنی کۆمەڵگا.
یەکێکی تر لە پەیڕەوەیەکانی دەسەڵاتی فاشیستی لایەنی ئابوری وڵات و خەڵکە.
ڕژیمی ئێران بە شیعاری خۆش گوزەرانی و فریوکاری بەردەوام قوتی خەڵکی وڵاتیان قۆرغ کردوە و سەرمایەی وڵاتیان لە بەهەدەردان بۆ گروپ و لایەنە ترۆریستیەکان و فراوان کردنی پێگەو دەسەڵات و بە هەدەردانی سەرمایە بۆ بۆنە ئاینیەکان وبڕەودان بە ڕاگەیاندنی تاقم وگروپەکانی لەجۆری خۆی و..... هتد بەکار هێناوەودەهێنێت.
لەگەڵ ئەوەی ڕژیمی ئاخوندی هەموو ڕێگەکانی فاشیستی خۆی تاقی کردۆتەوەو بەسیستمی ڕەفتار فاشیست دەسەڵات دەبات بەڕێوە، گەلی ئێران و کورد دەستە وەستان نەبوە و بەرپەرچی ئەو دەسەڵاتەی داوەتەوەو بە ناڕەزایەتی بەرفراوان و جۆراو جۆر نای بەو دەسەڵاتە گوتوە.
ئەگەر چی تا ئێستا زیاتر ئەم جۆرە دەسەڵاتە بە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری ناوزەد کراوە وکەمتر وەک حاکمیەتێکی فاشیستی ناوی هاتووە، پێویستە سیستم وجۆری حاکمیەت لەئێران وەک خۆی ئەژمار بکرێت ولە ناوهێنانی ئەو دەسەڵاتەدا فاشیست بکرێتە پێوەرو پێناسەی.