ب.رۆژین
زمان گەورەترین داهاتی فەرهەنگی مرۆڤایەتیە و ڕەوتی بەرەوپێش چوونی مرۆڤایەتی لە رێگەی زمانەوە دەگوازرێتەوە بۆ جیل و نەسلەکانی داهاتوو و ئەگەر زمان لە کۆمەڵگایێک بستێندرێتەوە چەرخەی بەرەوپێش چوونی کۆمەلایەتی مرۆڤ دەوێستێ. پاراستن و بەهێزکردنی فەرهەنگ و کەلەپووری کۆمەڵگایێک بەپاراستن و بەهێزکردنی زمانی ئەو کۆمەڵگایە دێتەدی، ئەوە زمانە کە رابردوو و داهاتوو بە یەک دەبەستێتەوە و گەورەترین دەور لەڕەوتی گەشەسەندنی کۆمەلایەتی و فەرهەنگی کۆمەڵگاکان دەبینێ.
چەندە زمان لەژیانی مرۆڤدا دەور و کاریگەری هەیە ئەوەندەش زمانی دایکی، کاریگەرە لەسەر پێش کەوتن و گەشەسەندنی کۆمەڵگاکان لەسەرجەم بوارەکانی کۆمەلایەتی و فەرهەنگی و...هتد. سەرەڕای ئەوانەش دەرکەوتووە قسەکردن بە زمانی زگماکی بۆ گەشە سەندن و شوناسخوازی پتەوتری مندالان و هەڵسووکەوتی باشتری ئەوان لەگەڵ خەسارە کۆمەلایەتیەکان لەقۆناغی جەوانی و پێگەیشتوویی دا دەوری ئەرێنی دەبینێ. پسپۆڕان و لێکۆڵەرەوان دەریانخستووە کە قسەکردن و خوێندن بە زمانی زگماکی هەر لەمنداڵیەوە دەبێتە هۆی ئەوەی کەسانێکی بەهرەمەند و بە توانا و خەلاق دروست ببێ.
لەکاتێک دا کە زۆربەی وەلاتانی خاوەن زمانە جیاجیاکان بەو حەقیقەتە دەزانن کە زمانی جۆراوجۆر مایەی پێش کەوتن و مانەوەی شارستانیەتەکانە و لەهەوڵی پەرەپێدان و گەشەدان و پاراستنی زمانە جۆراوجۆرەکانن، وەکوو سوئیس کە ٤ زمانی لێکجیاوازی تێدایە و هێندوستان ٧٠ زمانی تێدایەو هەمووش بەیەک ڕادە رێزیان لێدەگیرێ و بەکاردەهێندرین و هەرگیز بە کۆسپێک نایەنە ئەژمار لەلایەن دەسەلاتدارانی ئەو وەلاتانە و هەروەها لەکاتێکدا کە تەواوی هەوڵەکانی جیهان لەپێناو ئەوەدایە کە پێش لە لەناوچوونی زمانە جیاجیاکان لەسەرانسەری جیهان بگیردرێ و سازمانی نەتەوە یەکگرتووکانیش بەهەست کردن بەو راستیە لەساڵی ٢٠ ٠ ٠ رۆژی ٢١ی فێوریەیان وەکوو رۆژی جیهانی زمانی زگماکی دیاری کردووە و پێشنیاریان بە وەلاتان کردووە کە سیستەمی بارهێنان و پەروەردەی خۆیان بە شێوەیێک داڕێژن کە زمانی زگماکی بپارێزرێ. بەداخەوە شاهیدین کە دەسەلاتدارانی دژە مرۆڤی ئێران بە بیانووی دوور لەراستی وەکوو پەرەدان بە بیرۆکەی تەجزیەتەڵەبی و لەتکردنی ئێران لەهەوڵی توانەوە و لەناوبردنی زمانە جیاوازەکانی تری پێکهاتەی ئێرانن و لەرێگەی بە فەرمی ناسین و بالادەست کردنی زمانی فارسی، بەسەر هەموو پێکهاتەی ئێران لەیاسای بنەڕەتی ئێران (لەکاتێکدا کە ئێران خاوەن چەندین نەتەوە و زمان و فەرهەنگی جیاوازە) خەسارەتێکی هەرە گەورەیان لەزمانە جیاوازەکانی پێکهاتەی ئێران داوە و بەو شێوەیە رۆژانە لەمەدرەسە و خوێندگاکان سووکایەتی بە زمانە جیاجیاکان دەکرێ و مندالانی غەیرە فارسی ئێران لەکاتی چوون بۆ خوێندنگە لەناکاو بێ ئەوەی شارەزاییان هەبێ دەکەون بە سەر زمانێکی نامۆ کە تا ئەو کاتە نەقسەیان پێکردووە و نە گوێیان لێبووە. بەردەوام دەبێ سەرنجیان لەلای مانای ووشەکانی مامۆستا بێ کە بە زمانێکی جیاواز لەزمانی خۆیان دەدوێ. یەکێک لەسیاسەتەکانی دژە مرۆڤی ئاخوندی درێژەکێشانی ئەو ڕەوتەیە بۆ لاوازی و تەنانەت لەناوچوونی زمانە جیاجیاکان لەناو ئێراندا.
بێگومان ئەوە ئامانجی سەرەکی دەسەڵاتدارانی ئێرانە کە ئەو ئاسمیلاسیۆنە نەتەوەییە لە راست گەلانی ئێران هەروا بهێڵننەوە. سەیر لەوەدایە کە هەموو جارێ لە کاتی پروپاگەندەی هەڵبژاردنەکان پاڵوێراوەکان دەیانهەوێ لەو رێگەیەوە سەرەنجی خەڵک بەلای خۆیاندا راکێشن و لەدەورانی خاتەمی و کاندیداتۆری موسەوی و کەرووبی و دواجار روحانی زیاتر لە وانی تر شاهیدی گەرم بوونی ئەو باسانە بووین. روحانی کە یەکێک لە بەڵینەکانی جێبەجێکردنی ئەو خاڵەی یاسای بنەڕەتیە بوو کە باس لە زمانی زکماگی دەکات، بەڵام بینیمان کاتێک کە عەلی یۆنسی راوێژکاری روحانی بۆ کاروباری ئەقوام باسی خوێندن و فیربوون بە زمانی زکماگی هێنایە بەرباس، یەکسەر فەرهەنگستانی زمان و ئەدەبی فارسی وەدەنگ هات و ئەو قسانەی رەد کردەوە و ووتی ئەوە پیلانی رۆژئاوایە. لەبەرانبەریشدا ئەو دەوڵەتەی ئیدعای جێبەجێکردنی ئەو خاڵەی دەکرد ووتی زمانی فارسی زمانی رەسمی وەلاتە و قەومەکانی تریش خاوەنی وردە کلتوورن وهیچی دیکە.
بە دڵنیاییەوە هەرگیز لە ژێر سێبەری دەسەڵاتدارانی ئێران کەمترین مافەکانی گەلی کورد جێبەجێ نابێ و بچووکترین ویست و داواکاریی بە مەترسیەکی زۆر گەورە بۆ سەر خۆیان و دسەلاتەکەیان دەزانن و هەر بۆیە پیویستە گەلەکەمان زیاتر لەوە وریاتر بێ و لە کاتی پروپاگەندەکان بۆ بەرێوەبردنی ئەو مادە و خاڵانە نەکەونە داوی دەسەڵاتدارانی رژیم و بەڵکو لە رێگەی تر، زمانی زکماگی بپارێزن و هەموو خێزانێک منداڵەکانی فێری زمانی شیرینی کوردی بکات و بەمجۆرە بەرپرچی سیاسەتە دژی گەلیەکانی رژیم بدرێتەوە.