کۆمەڵگەی ئێران لە ئێستادا بە دەست دەیان دیاردە و قەیرانی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتیەوە دەناڵێنێ، ئەم کە دیاردانە لە ئاکامی هەڵە و نەزانی لە بەرێوەبەران و دەسەڵاتداران
فرمێسک ئەردەڵان
کۆمەڵگەی ئێران لە ئێستادا بە دەست دەیان دیاردە و قەیرانی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتیەوە دەناڵێنێ، ئەم کە دیاردانە لە ئاکامی هەڵە و نەزانی لە بەرێوەبەران و دەسەڵاتدارانی رژیمی حاکم لە ئێران سەرچاوە دەگرێ.
یەکێک لەو کێشانەی لەمرۆدا بە زۆری وێردی سەر زمانە، بابەتی هەژاری و بێتوانایی لاوانە بۆ دروستکردنی ژیانی هاوبەش و پێکەوەنانی خێزان، تووشی کێشە و بەربەست و گیر و گرفتی زۆر دەبنەوە کە گرفتی سەرەکی بێکاری، نەداری و هەژاریە. ئەوانەیشی توانای پێکەوەنانی ماڵ و ژیانن فشارێکی زۆر قوریان دەکەوێتە سەر لە راگرتنی ئەو ژیانە، بەشێکی زۆریان ژن و پیاگ شان بە شانی یەک لە هەوڵی دابین کردنی پێداویستی ژیان و باشتر کردنی دۆخی ژیانن، بەڵام بۆ بەشێکی زۆر لە خەڵک ژیانی باش لە کۆمەڵگای ئێران بووەتە خەونێک ژمارەیەکی زۆر و بەرچاوی ئەوانەی ژیانیان پێکەوە ناوە بەهۆی دەست کورتی و هەژاریەوە لێیان هەڵدەوەشێ و ناچار بە جیابوونەوە دەبن. بۆیە دیاردەی تەڵاق تا رادەیکی زۆر لە ئێران پەرەی سەندووە و ئاماری تەڵاق هەندێ جار لەسەروو ئاماری هاوسەرگیریەوەیە و ئەو دیارەدەیە هێڵی سووری تێپەڕاندووە.
تەڵاق وەک هەموو دەزانین واتە جیابوونەوەی هاوسەرەکان، کە وازهێنان لە ژیانی هاوبەش بە دوشێوەیە، یەکێ تەڵاقی عاتێفی و یەکێکی تریش تەڵاق بەپێی قانوون، دەتوانین لە تەڵاقی عاتێفی بە دەسپێکی تەڵاقی قانوونی و راستەقینە ناو بەرین. زۆر جار جیابوونەوەو تەڵاقی عاتێفی بۆ درێژماوە بەردەوام دەبێ ئەویش یان لەبەر منداڵ یان قسەی خەڵک و کۆمەڵگە ژن و پیاو لە ژیانێکی سارد و سڕدا دەمێننەوە بەڵام هیچ ئامانجێکی هاوبەشیان نیە و شەڕ و ئاژاوەو بێ مەیلی لە ماڵەوە بەردەوامە، کە بەشێکی زۆری ژیانە هاوبەشەکان لە ئێرانی ئەمرۆدا بەوشێوەیە بێ.
داواکاری بۆ جیابوونەوەو تەڵاق واتە ٦۰لە سەدی لەلایەن ژنانەوە دەکرێ، کە دەکرێ بەهۆی فشاری زۆر و لە رادەبەدەری خێزانی یان ئابووری و هەژاری، ئاستی هوشیاری و ئاگاهی و سەربەخویی ئابووریەوە بێ. ئامانە بەشێک لە هۆکارەکانی زۆربوونی تەڵاقە، بەڵام هۆیەکی دیکەی سەرەکی زیادبوونی دیاردەی تەڵاق پەرەسەندنی دیاردەی خۆداربوون (اعتیاد) بە مەوادی هۆشبەرە کە بە رێژەیەکی زۆر و کارساتی لە کۆمەڵگەی کوردستان دروست کردووەو بووتە هۆی تێکدانی خێزان و خانەوادەکان.
بەشێوەکی دیاری کراو دەتوانین ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی زیادبوون و پەرەسەندنی تەڵاق بەو شێوەیە دەست نیشان بکەین. دەتوانین - بێکاری - هەژاری و دەستکورتی - تووش بوون بە مەوادی هۆشبەر بێ جیاوازی پیاگ و ژن -پێک هێنانی ژیانی هاوبەش لە تەمەنی کەمتر لە تەمەنی قانونی - داوێن پیسی و خەیانەت - نەبوونی نەناسینی کەسایەتی ژنان و پیاوان .
ئاماری تەڵاق لە ئێراندا بە هۆی ئەم هۆکارانەوە لە سەعاتێکدا ۲۱تەڵاق و جیابوونەوە، و لە رۆژێکدا ٤۳۹ تەڵاق تۆمار کراوە.
دیاردەی تەڵاقیش بۆ خۆی سەرچاوەی چەندین دیاردەی دیکەی وەک مندڵانی کارتۆن خەو، مندڵانی سەرشەقام و وێڵ و مندڵانی خودار بە مەوادی هۆشبەر. لە راستی دا پەرەسەندنی ئاماری تەڵاق لە وەڵاتێکی وەکوو ئێران کە گرینگی زۆر بە بوونی خانەوادە دەدرێ کارەساتە. رژیمی دەسەڵاتدار لە ئێران سەرچاوەی دروست کردنی تێکرای ئەو قەیران و دیاردە کۆمەڵایەتیانەیە لە وەڵاتێکدا کە خاوەنی ئەو هەموو سەرمایەی ژێر زەوی و سەر زەوییەیە خەڵکەکەی بە دەست دەیان دیاردەی کۆمەڵایەتیەوە دەناڵێنن و رژیم بەبێ گوێدانە ئەو دیاردانە بەرپرسەکانی خەریکی گیرفان پرکردن و گەندەڵین و دزین لە سەرمایە و داهاتی خەڵک.