عەلی بەهرامی
رۆژی دووی رەشەممە، 21 فوریه یەکێک لەو رۆژانە کە لە ئاکامی زۆڵم و زۆر و رشتنی خوێنی ئازادیخوازانی بەنگالی (بەنگلادیشی) رەنگی گرت، ئەویش لە کاتێکدا پاکستان سیاسەتی تاکزمانی پەیرەو دەکرد و بە هیوابوو بە زەبری زۆر و کوشتن زمانی ئوردوو بە سەر هەریمی رۆژهەلات بسەپێنێ، ئازادیخوازانی ئەو هەرێمە نایان بەو سیاسەتە وت و دەستیان دایه ناڕەزایەتی، لە جوابی ئەو ناڕەزایەتیانەدا پاکستان دەستی دایە کوشت و خوێنی بڕێ خەلک و ژمارەیەک لە ناڕازیان و ئازادیخوازانی ڕشت. ئەم هەنگاوەی پاکستان بووە هۆی ئەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پشتگیری لە سەربەخۆیی وەڵاتی بەنگلادیش بکەن و زمانی بەنگال بەرەسمی بناسرێ.
بەهۆی ئەو رووداوانەی دووی ڕەشەممە و دەسکەوتەکانی، ساڵی 1378 رێکخراوی یۆنسکۆ، رۆژی دووی رەشەممەی وەک رۆژی زمانی دایک ناودێر کرد و ساڵی 1386 لەلایەن کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە وەک رۆژی "زمانی دایک" راگەیەندرا.
لە بەر گرینگی ئەم پرسە، ئەو پاکتاو و ئاسمیلاسیۆنە هەمە جۆرەی دژ بە زمانی کوردی لە ئێراندا دەکرێ، ساڵانه بە گرینگیەوە بە پێشوازی دووی رەشەممەدا دەچین. بۆیە پێویستە لەم بابەتەدا بە کورتیش بێت پێناسەیەکی زمانی کوردی بکەین و پەنجە بخەینە سەر سیاسەتی فەرامۆشکاری و پاکتاو و فاشیزمی فارسی لە ئێراندا.
زمانی کوردی زمانێکه کە خەلکی قسەی پێ دەکاو لە باری بنەماڵەییەوە بەشێکه لە زمانه هیندوئێرانیەکان کە ئەوانیش بەشێکن لە زمانە هیندوئوروپاییەکان. لە ناو زمانه هیندوئێرانیەکاندا بە سێهەمین زمان لە دوای زمانی فارسی و پەشتو دێته ئەژمار.
زمانی کوردی چەند شێوەزاری سەرەکی هەن کە زۆربەی زماناسان شێوەزارەکانی کوردیان بەم جۆرە پۆلین کردوە، کوردی باکوری، کوردی ناوەندی، کوردی باشووری، گۆرانی یان زازایی. هەروەها بەشێک لە زمانناسان لوڕیش بە بەشێک لە شێوەزاری کوردی دەزانن، بەڵام تا ئێستا کۆ دەنگی لە سەر ئەو پرسە بوونی نیە.
بەهۆی ئەوەی دەسەلاتدارانی عوسمانی و ئێران لە کۆنەوە بۆ نووسین، ئەلفوبێی عەرەبیان بەکار هێناوە، وە کوردیش ژێر دەستی ئەو دەسەلاتانه بووە ئەلفوبێی عەرەبی بەکار هێناوە، بەلام لە دوای بەرەسمی کردنی ئەلفوبێی لاتینی، جەلادەت عەلی بەدرخانیش لە ساڵی 1932 ئەلفوبێی کوردی داهێناوە.
ئەوەی لێرەداو لە دوای ئەو بیوگرافیە کورتەی زمانی کوردی، بە پێویستی دەزانم تیشک بخەمە سەر ئەو ئاسمیلاسیۆنه هەمە جۆرەی داگیرکەران لە ئێران کە دژ بە زمانی کوردی کردویانە.
لە نەوەد ساڵی رابردوو، وە دوای دامەزرانی حکومەتی دیکتاتۆری پەهلەوی لەلایەن رەزاخانەوە، تا بە ئەورۆ حکومەتە دیکتاتۆرە یەک لە دوای یەکەکان لە ئیران، بە زۆر زمانی فارسیان بە سەر زمانەکانی دیکەی وەکوو، زمانی کوردی، تورکی، بەلوچی، تورکمانی و عەرەبیدا سەپاندوە و بە کردەوە زمانی دوو لە سەر سێی خەلکی ئێران پەراوێز خراوە و نەتەوەکانی غەیرە فارس دەبێ بە زمانێکی جیاواز لە زمانی خۆیان بخوێنن.
لە دوای بە رەسمی ناسینی زمانی فارسی وەک تاکە زمانی فەرمی خوێندن و نوسین لە ئێران، فێرخواز و خوێندکارانیان ناچار کردوە بە زمانی جیا لە زمانی نەتەوەکەی خۆیان بخوێنن، ئەم سیاسەتەی رێژیمەکانی پەهلەوی و ئاخوندی لە ژێر ناوی (ئێران یەک نەتەوەیە و فارسیش زمانیەتی) وای کردوە کە زمانی نەتەوەکانی دیکەی ئێران وەلا بنرێ و زەربەی کارییان وەبەر بکەوێ. هاوکات ئەم سیاسەتەی دەسەلاتداران کاردانەوەی خراپی رۆحی و رەوانی کردۆتە سەر خوێندکاران.
لە لایەکی دیکەوە ئەم شیعاری یەک میلەت و یەک زمان وا کاری لە سەرکراوە، که قسە کردن و پرسیار خستنە سەریشی وەک بڤەیە و ئەگەر نەتەوەکان بیان هەوێ قسە و باسی لەسەر بکەن بێ شک لەلایەن فاشیزمی فارسی هێرش دەکرێتە سەریان و نەتەوەکان بە شتی سەیر و سەمەرە تۆمەتبار دەکرێن، وەک جیاخوازی، زەربەدان و هەڵتەکاندنی بنەمای ملی ئێران و بوونە پیاوی ئینگلیس و ئەمریکا و جێ بە جێ کاری ئەوامری وان و زۆر قسەی دیکە.
بە پێچەوانەوە بە بۆچوونی ئەوان و سیستەمی زاڵ دەبێ نەتەوەکان شانازی و ئیفتخار بە زمانی فارسیەوە بکەن، چوونکە کۆدی پەیوەندی نەتەوەکانی ئێرانە و گەر زمانی فارسی نەبێت کەس لە یەک حاڵی نابێ.
فارس و فارسی زمانەکان
یەکێکی دیکە لەو فەلسەفانەی له هەستێکی فاشیستیانەوە سەرچاوە دەگرێ، ئەوەیە کە نزیک بە 40 لە سەدی خەلکی ئێران که فارسن لە فارسی زمان جیادەکاتەوە و دەڵێن، زمانی نەتەوەی فارس فارسیە و نەتەوەکانی دیکە فارسی زمانن. یان زمانی نەتەوەکانی دیکە به لەهجه و شێوەزار ناودەبەن و دەڵێن لە مێژووی کۆن ۆ نوێی ئێراندا زۆرێک لە نووسەران و شاعیرانی قەومەکانی ئێران بە شانازیەوە خزمەتی زمانی فارسیان کردوە. بێ شک ئەم قسانە کە لەلایەن تاقمە فاشیستەکانی نەتەوەی فارسەوە زۆر دەکرێ، خۆ گێل کردنە لەو راستیەی کە له ئێراندا بە دوو شێوە فەرهەنگی نەتەوەی بالا دەست به سەر زمان و فەرهەنگی نەتەوەکانی دیکە زاڵ کراوە ئەویش یان ئیمتیاز بووە، یان ترس و زۆر و ملهوڕی دەسەلاتداران.
لە ئێراندا جوێ لە زمانی فارسی چەندین زمانی دیکە بوونیان هەیە کە نەک زاراوە نین بەلکوو لە باری زمانەوانیانەوە هیچیان لە زمانی فارسی کەمتر نیە. هەر چەند تا ئێستا لە حاست زمانی کوردی زۆر کەمترخەمی کراوە و زۆرێک هەوڵی پاکتاو و پشت گوێ خستنی لەلایەن دژمنان و داگیرکەران دراوە بەلام زمانی کوردی بە هەوڵی دلسۆزان و ئەدیبان پارێزراوە و بە زیندوویی ماوەتەوە بەتایبەت لەم چەند ساڵەی دوایی دا هەولی زۆر لە ئارادایه بۆ دامەزرانی زمانی ستانداری کوردی کە دیسان ئەوەش هەنگاوێکە بۆ بەرپەرچدانەوەی سیاسەتی چەندین ساڵەی دەسەلاتەداران دژ بە زمان و فەرهەنگی کوردی.
کۆتا قسە ئەوەیە کە پێویسته هەوڵی تەواو لە راستای وریاکردنەوەی کۆمەلگای کوردی لە سیاسەتی فەرهنگی رێژیمە یەک لە دوی یەکەکان بەتایبەت رژیمی ئێستا دژ بە زمان و داب و نەریتی کورد بدرێ، هاوکات لەگەڵ نەبوونی دەرفەت بۆ خویندن و نووسین بە زمانی کوردی، دایک و باوکان وەک ئەرکێک ئاخاوتن و نوسینی کوردی فێری مندالەکانیان بکەن، کە ئەو هەنگاوە خزمەتێکی گەورە بە پێشخستنی منداڵی کورد لە فێربوونی زمانی دایکی دەکاو هاوکات هەول و سیاسەتەکانی رێژیم لەو بارە پووچەڵ دەکاتەوە.