ماڵپەری هاوار وتوێژێکی لەگەڵ خاتوو شیلان محەمەدی، ئەندامی کومیتەی ناوەندیی سازمانی خەبات پێکهێناوە کە بەرێزیان لەو وتووێژەدا تیشک دەخاتە سەر بەشێک لە گرفت و کێش
بەمەبەستی شرۆڤەی دۆخی ژنان و ئاوڕدانەوە لە کێشە و گرفتەکانی ژنانی کورد لە کوردستانی ئێران ماڵپەری هاوار وتوێژێکی لەگەڵ خاتوو شیلان محەمەدی، ئەندامی کومیتەی ناوەندیی سازمانی خەبات پێکهێناوە کە بەرێزیان لەو وتووێژەدا تیشک دەخاتە سەر بەشێک لە گرفت و کێشەی ژنان و ئاماژە بە چەندین خاڵ وەک کەم کرنەوەی دیاردە خراپەکانی کۆمەڵگە دژ بەو تووێژە دەکات. لێرەدا دەقی دیمانەی "هاوار" لەگەڵ خاتوو شیلان بڵاو دەکەینەوە.
هاوار: وەک چالاکوانێکی بواری ئافرەتان لە ئێستادا ڕەوشی ئافرەت لە کوردستان چۆن دەبینی؟
محەمەدی: ڕەوشی ئافرەتان لە کوردستان لە دوو بەشی گشتی و تایبەتدا هەم وەک تاکێکی کورد و هەمیش وەک ژن، دەکرێ خوێندنەوەی بۆ بکرێ. لە ئاستی گشتی دا لە کوردستانی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئاخونداندا دۆخی ژیانی خەڵک بە هەموو پێکهاتەکانیەوە و لە هەموو ڕووەکانیەوە کارەساتبار و خەماوییە و خەڵک لەگەڵ خراپترین زوڵم و چەوساندنەوە ڕوبەروون و تەواوی پێکهاتە و چینەکانی ئەو وڵاتەی بێ جیاوازی لەگەڵ قەیرانی جیددی ڕوبەروو کردووە. هاوکات لە کوردستان ئافرەتی کورد بە چەند بەرانبەر لەگەڵ ستەمی سیستماتیک ڕوبەروویە و ژنی کورد لەچاو باقی نەتەوەکانی دیکە جگە لە سێبەری قورسی داب و نەریتە دواکەوتووەکان و سیستەمی پیاوسالاری و لە هەموانیش ئازاربەخشتر ڕێسا و یاسا دژە ژنەکانی نیزامی ئاخوندەکان دەبێ قورسایی ستەمی نەتەوەییش لە سەر شانیان هەڵگرن. هاوکات لەگەڵ ئەو ڕەوشە خەماوییە، بزووتنەوەی ژنان لە ناوخۆ بزووتنەوەیەکی زیندووە و ڕۆژبەڕۆژ ژنان چاوکراوەتر و وشیارتر دەبنەوەو بۆ وەدەست هێنانی مافەکانیان شێلگیرانەتر دێنە مەیدان و لە هەوڵەکان بو نەهێشتنی ستەم لەسەر ئافرەتان بە گشتی و ئافرەتی کورد بە تایبەتی شوێن پەنجەی ئافرەتی کورد دیارە و لەگەڵ ئەوەشدا کە فەزاێکی یەکجار مەحدود و داخراو دەوراندەوری ژنانی کوردستانی تەنیوەتەوە بەڵام ناکرێ حاشا لە بوون و خەبات ی ژنانی کوردستان بکرێ .
هاوار: ئافرەتان لە ڕووی سیاسی و ئیدارییەوە پێگەیەکی بەرچاویان نییە، تا چەند خۆیان لەو بوارەدا کەمتەرخەمییان کردووە؟
محەمەدی: ئەگەر مەبەست لە پرسیارەکەلە ناو سیستەمی ڕژیمی ئێران و لەناوخۆی ئێران بێ بە دڵنیاییەوە ئەوەیە کە نەخێر چونکە ئافرەتان کەمترین دەرفەت و زۆرترین بەربەست و جیاوازییان بۆ دروست کراوە، ژنان لە ئێراندا خراپترین یاساکانیان بۆ لەنەزەر گیراوە وبە بەردەوامی لەگەڵ بێعەداڵەتی و ماف زەوت کردن و سەرکوت ڕووبەروون. ئەگەر بۆ نمایشیش بیان هێننە نێو ساحەی سیاسیەوە ئەوکات لە شوێن گەلێک دایان دەنێن کە کەمترین دەسەڵاتی بەرێوەبەری هەیە و لەژێر دەسەڵات و چاودێری خۆیاندایە و دەبێ بیر و هزر و کاریان پیاوانە بێ. ئەگەر ڕووی پرسیارەکەش لە ئافرەتی کورد بە گشتی و لەدەرەوەی وەڵاتی ئیران بێ بێگومان دەکرێ بەشیک لە خەسارەت و نەبوونی ژنان لە شوێنە سیاسی و ئیدارییە بالاکان بگەرێندریتەوە بۆ خودی ئافرەتان و نەهاتنە دەرەوەیان لەو قالبەی دەقیان پێوە گرتووە، بێکاریگەر نییە لە بێ بەش بوونیان لە ناوەندی بریارەکان و ڕەنگە کەمتەرخەمی و هەوڵنەدانی خۆیان تا ئاستێک هۆکاربێ و نەتوانن داهێنەرو خالقی دۆخێک بن کە جواب دەرەوەی مافەکانیان بێت و جێ دەستیان دیاربێ لەو بوارەدا. هاوکات لەگەڵ ئەو ڕاستیەش نابێ فرامۆش بکەین کە ئەو کۆت و بەندانەی ژنانی کورد بە گشتی گیرۆدەی هەن تەنیا لایەنی یاسا حکوومیەکان نییە بەڵکو بەشێکی بەرچاوی چەوسانەوەی ژنان لە دەروازەی داب و نەریت و کلتووری سەقەتی کۆن و نیزامی پیاو سالاری بەرێوە دەچێ و هەر بۆیە کێشەی ژنی کورد تەنیا لە چوارچێوەی نیزامە دەسەڵاتدارەکان تاریف ناکرێ و بەشێکی بەرچاوی دەگەرێتەوە بۆ خودی کۆمەڵگا و یاسا و ڕیسا باوەکانی . لەگەڵ هەموو ئەو لایەنە مەنفیانە دەتوانین هەول و تێکۆشانی ژنانی کورد لە بواری سیاسی و بەرێوەبەرییەکان و خەبات و تێکۆشانیان لەو پێناوەدا چ لە ناو حیزب و لایەنە سیاسیەکان و چ لەناو دام و دەزگای حکوومی هەست پێبکەین و ببینین.
هاوار: زۆر جار دابونەریتی کۆمەڵگە بە ڕێگر و کۆسپی بەردەم بەرەوپێشچوونی ئافرەتان دادەنرێ، چۆن دەکرێ بەسەر ئەو نەریتانەدا زاڵ ببن؟
محەمەدی: بەڵێ هەروەک لە پرسیارەکانی پێشووش ئاماژەم پێدا، نەریت کۆسپ و ڕێگرێکی دیار لەبەردەم پێش کەوتن و گەشەی خەباتی ژنانە. بەشێک لە ئەرک و کاری ژنان تەرخانە بۆ دۆزینەوەی مکانیزمی شیاو بۆ ڕووبەڕووبونەوەی کۆسپەکانی بەردەم چوونەپێشەوەیان و لەو چوارچێوەیەدا دا بێگومان وشیاری هەمەلایەن و گشتگیری ئافرەتان دەتوانێ دەورێکی یەکجار گەورە بگیێڕی. بە خۆشحاڵیەوە دۆخی ئافرەتان ڕۆژ بە ڕۆژ گۆڕانی بە لایەنی ئەرێنی بەسەردا دێت و ئافرەتان چاوکراوەتر دەبن لەحاست مافەکانیان. پێویستە وەگەڕخستنی هەوڵ و تواناکانی ژنان و ئاشنابوونی زیاتر بە مافەکانیان ببێتە گرنگترین ئەرک و بەرنامەی ڕێکخراوەکانی ژنان. بێگومان لەو ڕێگایەدا کۆمەلگا و گۆڕینی نرخ و نۆرمە کۆمەلایەتیەکان کاریگەر دەبێ و پێویستە سیستەمی پەروەردەی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای یەکسانی و لابردنی هەلاواردنی ڕەگەزی بێ و وشیار کردنەوەی کۆمەڵگاو گۆرین و بەرەنگاربونەوەی داب و نەریتی دواکەوتووانەی ناو کۆمەڵگا.هەنگاوی تەواوکەری ئەرکی سەرەتا دەبێ.
هاوار: نکۆڵی لەوە ناکرێ کە زۆرینەی میدیای کوردی بایەخیان بە مافەکانی ئافرەت داوە و کەم و تا زۆر کاریان لەسەر کردووە، بەڵام بۆچی تا ئێستا خۆکوشتنی ئافرەتان بەردەوامە؟
محەمەدی: ڕاستە کە میدیاکان لە کوردستان و تەنانەت لە دەرەوەی کوردستانیش بە بەردەوام و بەگرنگیەوە باس لە بزووتنەوەکانی ژنان و کێشەو گرفتەکانیان دەکەن، بەڵام ئەوەندە کافی نیە. من هەمیشە وتومە کە بەداخەوە باسکردن لەسەر دۆخی ئافرەتان تەنیا بۆتە دیاردەیەک و تەنانەت میدیاکانیش زۆربەی کات بۆ پرکردنەوەی بەرنامەکانیان گەڵکی لێوەردەگرن و زۆربەی شتەکان دەچنە قاڵبی شوعار و ڕۆاڵەتەوە، تەنیا باسکردنی کێشەو گرفتەکان بەبێ بوونی چارەسەری ڕیشەیی و قووڵ و گۆرینی ساختاری کۆمەڵگا و یاساکانی دژی ژنان و هەموو کۆت و بەندەکانی تر بێگومان دیاردەی خۆکوژی هەر وا بەردەوامەی دەبێ. لەگەل هەموو دژایەتیەکانمان بۆ ئەو دیاردە نەشیاوە و تا ڕادەێک تەسلیم خوازانەیە، بێ دەرەتانی و گەیشتنی ستەم بە لوتکەی خۆی وەک هۆکاری بەرێوەبردنی ئەو دیاردەیە دەزانین و بۆ کەم کردنەوەی ئەو دیاردەیە وێرای فەرهەنگ سازی و بردنە سەرەوەی ئاستی ووشیاری ژنان پێویستە دەرەتان و پارێزگاری بۆ ژنانی چەوساوە بەرەو سەر ببەین.
هاوار: بەڕای تۆ ئەو میکانیزمانە چین کە توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەتان کەم دەکاتەوە؟
محەمەدی: پاڵپشتی و چەسپاندنی یاساکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە لایەن دەسەڵاتەوە و بوونی ناوەندەکانی ژنان و هەلسوورانیان لەو بوارەدا و پارێزگاری و داکۆکی لە ژنانی توندوتیژی لەبەرانبەر دا کراو و دیاری کردنی سزا و تێچووی قورس بۆ کردەوەی توندوتیژی دەکرێ هاوتەریبی هەنگاوەکانی تر وەک مکانیزمی کەم کردنەوەی ئەو دیاردەیە نەشیاوە لێی برواندرێ.