نووسینی: هۆگر
شۆڕای نیگەهبانی ڕژیمی ئاخوندی لێوەشاوەیی زیاتر لە 90 لە سەدی ناودێرانی سەر بە لایەنی ڕۆحانی و ڕەفسەنجانی بۆ هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی و مەجلیسی خوبرەگانی ڕێبەری پەسند نەکرد . بەو کارە ڕژیم سەلماندی کە کەسایەتی و لێوەشاوەیی زۆربەی لایەنگرانی سەر بە باڵی بە ناو ڕیفۆرم خوازانی قەبووڵ نییە و بۆ نۆکەریش متمانەیان پێناکات ، بەڵام ئیسڵاحخوازان سوورن لە سەر ئەوەی خەڵک بۆ دەنگدان و پشتیوانی کردن لە رژیم ڕاکێش بکەن و خەڵک هاندەدەن کە لە هەر حاڵەت و هەل و مەرجێکدا بێت دەنگ بدەن . هەموو وتە بێژ و نوێنەرەکانی خامنەیی و سوپا و ئاخوند وبەرپرسەکانی سەر بە باڵی ڕاست (بەرژەوندیخواز)ی ڕژیم لە هەر بۆنە و وتوووێژ و تریبونێکدا و لە هەر هەلێک بۆیان هەڵکەوێ خەنجەریان دەکوتنە سەر سینگی ئەندام و دەستوپێوەندەکانی باڵی ئێسڵاحخوازان و کەسانێکی وەک ڕەفسەنجانی، خاتەمی، ڕۆحانی، موسەوی، کەڕوبی و ... بە خائین و سیخوڕ و بەکرێگیراوی ڕوژئاوا و ئامریکا ناوزەد دەکەن و ئەوەی بەدەمیاندا بێت پێیان دەڵێن و ئەوەی بۆیان بکرێت بەرامبەر ئەم باڵەی _لە هەردوو دین بووە_ دەیکەن . بەڵام هەرگیز باڵی چەپۆک خۆر و سووکایەتی پێکراوی ئیسڵاحخوازان نەتۆراون و بەردەوام بوون لە یارمەتیدا و خزمەتکردن بە ڕژێم و ئاشتکردنەوەی بەشێک لە خەڵک لە گەڵ سیستەمی دەسەڵاتداردا . هۆکاری بەردەوامبوونی ئەو ڕەوتە دووپاتەوەبووە چیە لە ناو کۆماری ئیسلامیدا و بۆچی ڕیفۆرمخوازانی بەش خوراو سەرەڕای هەموو ئەو گرتن و بڕین و تێرۆرانەی لە لایەن باڵی ڕاست(سوپاوخامنەیی)لێیان کراوە و دەکرێت هەر لە خزمەتکردنی خۆیان بەو سیستەمە گەندەڵ و جینایەتکارە بەردەوامن . لە بیرمان نەچێت ئەوەی بە سەر لایەنگرانی باڵی ڕیفۆرخواز کراوە لە دوای ساڵی 76 با بە دواری شڕی نەکردووە ، زۆربەی کەسایەتیەکانی ئەو باڵە زیندان و تێرۆر کراون و سووکایەتیان پێکراوە بە جۆرێک کە ئێستا زۆریەک لە ئەندامانیان یان بۆ دەرەوەی ئێران هەڵاتوون و یان لە زیندان دان و یان خانەنشین کراون و لە ژێر چاوەدێریدان . ئەو کەسانەش کە بە هۆی هاتنە سەر کاری حەسەنی ڕۆحانی گەڕاونەتەوە بۆ ناو بازنەی دەوڵەت و کاری سیاسی و کۆمەڵایەتی، کەسانێکن کە قامکی شایەتمانی و وەفاداریان بۆ سوپا و خامنەیی خستۆتە سەر کاغەز و تەوبەیان کردووە .
لە ڕاستیدا باڵێک کە لەدوای هاتنە سەرکاری محەمەدخاتەمی لە ساڵی 76 دا خۆی ناونا ئیسلاحخواز دەستە و تەقمی لایەنێکن بە ناوی ڕیڕەوەکانی ڕێی خومەینی (پیروان خØ· امام) کە هەر لە ساڵی 1358وە دەستیان دایە گرتن و کوشتنی ناڕازیان و بیرجیاوازان. هەر ئەم ئیسڵاحخوازانە بوون لە 13ی خەزەڵوەری58 هروژمیان کردە سەرباڵوێزخانەی ئامریکا و دیپلۆماتەکانیان بە بارمتە گرت و لە هەر بۆنەیەکدا و لە هەرشوێنێک هەڵیان دەکوتایە سەر بیرجیاوازان و ڕەخنەگران و مافخوازان و هەر لە سەرەتەوە لە ناوەرۆکی هەموو ڕووداو و کردوەکانی ناو بازنەی دەسەڵاتی ڕژێمدا بوون . ئەوان بوون دەسەڵاتی "بەنی سەدر" یان لە خشتە برد و بوونە هۆی خانەنشین کردنی "مونتەزیری" و لە هەموو جینایەتەکانی ڕژیمدا شوێن پێی خۆیان بە جێ هێشتووە . ئەوان شەریکی سوپا و خامنەیین لە درووست بوون ڕۆژە ڕەشەکانی دوایی و هەتا ئێستاش.
ئیسڵاحخوازان خەڵک ڕاکێش دەکەن بۆ هەڵبژاردنەکان لە بەر ئەوەی پێکهاتەی ڕژێم لە سەرەتاوە بە سەر ئەم دوو باڵەدا دابەش بووە ، گەرچی رژێم هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی دزینی شۆڕشی ساڵی 57 بە لای لایەنی ڕۆژهەڵات و بلوکی کمونیستی چین و سۆڤیەتی پێشوو و ڕوسیای ئێستادا شکاوەتەوە ونەوت و گاز و سەرچاوەکانی سروشتی و کانزاکانی وڵات و سەروەت و سامانی خەڵکی ئێرانی پێشکەش بەو دوو ئەربابەی کردووە و کەل و پەلێ بێ کوالیتی و تەکنەلۆجیای پڕ لە کێشەو بێ کەڵکی ئەتۆمیان لەو دوو وڵاتە وەرگرتووە، بەڵام هاوکات ڕژێم ئاگادار بووە کە ئەگەر ئەو پەیوەندیە گەرم و پڕخێرەی لە نێوان ئاخوندەکان و کومۆنیستەکاندا هەیە ببێتە هۆی توڕەبوونی ڕۆژئاوا ئەبێت بەرنامەیەکی ببێت بۆ هێور کردنەوەی ئەوان و بە ئامرازی پێویست دەفعی بەڵا بکات . ئامرازەکە ئەم جەماعەتی ئیسڵاحخوازەکانن . لە موعامەلەی رژێم و چین و ڕوسیادا خامنەیی و سوپا بەهرەیەکی فراوانیان بردووە هەر ئێستاش باس لەوە دەکرێ کە سامانی خامنەیی بە تەنیا 90 میلیارد دۆلارە و هەر بەتەنها قەرارگای خاتمولئەنبیای سوپا 8 هەزار کۆمپانیای هەیە کە لە هەناردەکردنی سامانە سروشتیەکەن بگرە تا هاوردەکردنی کەل و پەل بۆ ناو ئێران و بینا سازی و قاچاخی مادە هۆشبەرەکان و بازرگانی بە ژنان و ... سەدان میلیارد دۆلاری بە دەست هێناوە . ڕەفسەنجانی لە ماوەی 8 ساڵدا لە سەر کورسی سەرۆک کۆماری توانی پلە و سامانی خۆی و بنەماڵە و تاقمەکەی بە سەرمایەی خەڵک بە هێز بکات و ئەو کات بوو کە سوپا بۆ بەشەدزی خۆی لێی کەوتە هەرا و هەتا ئێستاش ئەم دەمە چەقە و سەگ بە حەوشەیەی لە ناو ماڵی ڕژێمدا هەیە لە سەر پچڕینی زیاتری سامانی خەڵکی ئێرانە و _ کێ زیاتر بدزێت_ بۆتە ئامانجی رەکەبەرایەتی هەڵبژاردنەکان . لە بیرمانە هاشمی و سوپا کەوتنە تێرۆری نووسەران و بیرجیاوازان و ئەندامان و ڕێبەرانی ئۆپوزسیۆن لە ناو ئێران و دەرەوەی وڵات و بە تایبەت لە ناو خاکی عێراق و لە ئۆروپا و هاوکات دروستکردنی بنکە ئەتۆمیەکان و پیتاندنی ئۆرانیۆمیان خێراتر کردەوە و کاتێک وڵاتانی ڕۆژئاوایان لێ هاتە دەنگ ، کەسێکی وەک محەمەدی خاتەمیان هێنایە سەر پێگەی سەرۆک کۆماری بۆ ئەوەی بە ڕاگرتنی پیتاندنی ئۆرانیۆم و درووشمی ئیسڵاحات هاوکات هەم مەترسی هروژمی نیزامی ڕۆژئاوا لە رژیم دوور بخاتەوە و هەم گەمارۆکان لا ببات و کارێک بکات بۆ ئەوەی ئیمتیازی ئابووری و سیاسی لە ڕۆژئاوا وەربگرێت و بەو کارانە تێرۆرەکانی سەردەمی ڕەفسەنجانی بشارێتەوە و لەبیر خەڵکی وەبات . خاتەمی ئەرکی خۆی بۆ رژیم ئەنجامداو کورسی دیپلۆماسی و دەوڵەتی سپاردەوە بە وەلی و ڕێبەرەکەی .
لە ڕاستیدا ئەگەر ئیسڵاحات "پڕۆسە"یەک بوایە لە ناو رژیمدا، دوای خاتەمی نەدەبوایە ئەحمەدی نەژاد بهاتبایە سەر کار . مانای پڕۆسە دڕێژەپێدان و پێشکەوتنە نەک دواکەوتن و گەڕانەوە یان لە جێ دا مانەوە . پڕۆسەیەک بە ناوی ڕیفۆرم بوونی نیە لە ناو ڕژیمدا چونکا پڕۆسە پێناسەی خۆی هەیە و ئیسڵاحخوازی ئاخوندی هیچ شتێک نەیە مەگەر دروو و فێڵ و کڵاوسەرنان . ئەگەر دەنگ دانی جەماوەری بە سوود بوایە بۆ خەڵک بۆچی لە ساڵی 84 دا کە ڕێژەی بەشداربووان کەم بوو هەرئەحمەدی نەژاد هاتە سەر کورسی دەوڵەت و لە ساڵی 88 دا کە ڕێژەی بەشداربوان زۆر بوو دیسان هەر ئەحمەدی نەژاد هاتەوە . دەنگی خەڵک فایدەی چی بووە لە ناو سیستەمی کۆماری ئیسلامیدا کە بە پێی وتەی خاتەمی و ئەحمەدی نەژاد و تەنانەت وەزیرەکانی ڕۆحانیش "دەوڵەت" خزمەتچی حکومەتە و سەرۆک کۆماریش بێدەسەڵات و هیچکارەحەسەنە . نوێنەرەکانی مەجلیسیش لە کاتێ لێپرسینەوە لێیان ئەڵێن کە هێچکارەن و ناتوانن لە بەرامبەر سوپا دا فزە بکەن و دایناسۆڕەکانی شۆڕای نیگەهبانێش چاو لە بەری پلە و پارەی مانگانەی خامنەیین . دەڵێن پیاوی عاقڵ لە کونێکەوە دووجار مار پێوەی نادات . بۆیە نابێ متمانە بە ئیسڵاحخوازان بکەین کە دیسان قامکمان ببەنەوە بۆ لای دەمی مار و لە عاقڵبوون بەدەرمان کەن .
لەڕاستیدا ئاکامی 36 ساڵ دەنگ دان بۆ ڕژێم بریتیە لە 40 ملیۆن نەفەر بێکار و 6 ملیۆن کەس موعتاد و 8 ملیۆن کەسی ڕەوان پەرێش و نەخۆشی ڕۆحی و سەدان هەزار ژن و کچی لەش فرۆش و هەزاران کۆچبەر بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوایی و هەزاران کوژراو و برینداری پێکدادانی جادەکان و ئۆتۆمبیلی بێ کوالیتی و هەزاران کەسی ئالودە بە سەرەتان کە بە هۆی خۆراکی بێ ستاندارد و پاڕازیت و هەوای پیس چاوەڕوانی مەرگ دەکەن و زیاتر لە یەک ملیۆن زیندانی کە بەشێکیان چاوەڕوانی پەتی سێدارەن . بە پێ دانپیانانی وتە بێژی دادوەری ڕژیم ئێران لە دەزگای دادوەری ڕژیمدا 8 ملیۆن پەروەندەی تێکهەڵچوون و بەشەڕهاتنی خەڵک هەیە لە گەڵ یەکتردا کە بەرهەمەکەی بریتیە لە هەزاران کوژراو و بریندار و زیندانی و ماڵوێران . وڵاتی هیندوستان بە ڕێژەی زیاتر لە ملیاردیک نەفەر هەر بە قەد ئێران پەروەندەی شەڕی فیزیکی هەیە و ڕژیم لەو بوارەش دا ڕیکۆردێکی تازەی لە جیهاندا بە ناوی خۆیەوە تۆمار کردووە . بەڵی بە هۆی فەقیری خەڵکی ئێران تێک بەربوون و ئاخوندە مل ئەستور و دزەکان سەیرمان دەکەن . لە هەر بابەتێکی پۆزێتیڤ و ڕوون و پێشکەوتوودا دا لە جیهان، ئێران لە لیستی ئاخردایە و لە هەر بابەتێکی خراپ و دواکەوتوانە و ناشەفاف و پڕ لە شەرمەزاری دا لە جیهاندا پلەی یەکەمە . دەی کەوابێ بەرهەمی دنگ دانی بەردەوام بەم ڕژیمە چی بووە بێجگە دواکەوتن لە دیکەی وڵاتانی جیهان و پیاوی عاقڵ چۆن تەوجیهی دەنگدان دەکات لە کۆماری سێدارە و سەرکوت و مەرگ ؟
وڵاتانی رۆژئاوایی (ئامریکا و ئوروپا) لە ماوەی 36ساڵەی هاتنە سەرکاری ئاخوندەکان لە چاو ڕوسیا و چین کەمترین ڕێژەی سەرمایە و بەهرەیان لە ئێران دەست کەوتووە بۆیە بە تەما بوون دوای ڕێکەوتنی ئەتۆمی بەشی خۆیان لە سەرمایە و کانزا و پتانسیلەکانی ئێران بپچڕن و ئۆباما بە خەیاڵی خۆی دەیویست بە ئامرازی لابردنی گەمارۆکان ڕژیم بۆ لای ڕۆژئاوا ڕاکێش بکات و لە بەرانبەر وڵاتە سونیەکاندا زلهێزێکی شێعە قوت بکاتەوە بۆ ئەوەی هژمونی دەسەڵاتی ناوچەکە ڕابگرێت و بە ئۆینی ئابوری ڕژیم دەستەمۆ بکات . سوپا و خامنەیی کە زانیان گەمارۆکان وەختەو بناخەی ئابوریان هەڵوەشێنێت و ڕووبەڕووی شەپۆلی ناڕەزایەتی جەماوەری برسی و ڕەش وڕووتی وڵاتیان بکاتەوە ئاوا دەستەوداوێنی نۆکەرەکانی خۆیان بوونەوە کە ناویان ناون ئیسڵاح خوازان . ڕژیمی ئاخوندی کە بریتیە لە سوپا وئاخوندەکان ، جەماعەتی ئیسڵاح خوازانیان بۆ چەند بابەت ڕاگرتووە .وەک چۆن برادەرەکانی خۆیان (تودەیی و میلی مەزهەبیەکانیان ) بە تێکڕا لە ناو بردن ، ئاواش ئەیان توانی ئیسڵاحخوازانیش لە ناو ببەن . ئاخوندوفەرمانبەرە بەناو ڕیفۆرمیستەکانیش چونکا لە هەموو جینایەت و دزیی و ڕاو ڕوتی خەڵک لە ماوەی ئەو 36ساڵەدا دەستیان بووە ناتوانن بێ قسەیی ڕژیم بکەن و لە هەر حاڵەتێکدا ئامادەی خزمەت بەم ڕژیمەن .
ڕژیم ئیسڵاحخوازانی بۆ ئەم دوو بابەتە ڕاگرتوە :
1.هێنانی ئێسڵاحخوازان بۆ ناو مەیدان لە کاتی ئەگەری شۆڕشی جەماوەری خەڵک و مەترسی ڕووخانی ڕژیم بۆ هێور کردنەوەی خەڵک و دانی بەڵێن و دروشمی درۆ بە خەڵک بۆ چارەسەر کردنی کێشە ئابوری و سیاسیەکان (نمونەی ساڵانی 78 و 88 )
2.هێنانی ئێسڵاحخوازان بۆ ناو مەیدان لە کاتی ئەگەری هروژمی چەکداری ڕۆژئاوا بۆ سەر ڕژیم بۆ ئەوەی بە (نەرمشی قارەمانانە ) و دانی ئۆینی سیاسی و ئابوری مەترسی لە ناوچوون لە خۆی دوور بکاتەوە (نمونەی ساڵی 76 و 92 )
کەواتە بێ هۆ نیە جەماعەتی دەستەوەستان و بێعورزەی ئیسڵاخوازان وەک (تدارکاتچی) و نۆکر و (سوپاپ اØ·مینان)ی ڕژیم ناودەهێنرێن و تا ئێستاش هەموو وادە و بەلێن و پڕوپاگەندەکانیان تەنها لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا و بۆ هێور کردنەوە و فێل لێکردن بووە لە خەڵکی وەڕەز و ستەملێکراو .
محەمەد ڕەزا عارف (جێگری یەکەمی خاتەمی ) کە نوێنەری ئیسڵاحخوازان بوو لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 92دا لە کاتی ناڵەکانی خامنەیی لە 29ی جۆزەردانی ساڵی 88 بۆ ڕێبەرەکەی (خامنەیی) فرمێسک هەڵدەڕێژێت و لەم چەندڕۆژەی ڕابردوشدا وتوویەتی کە ئیسڵاحخوازان لە هەرحاڵەت و لە ژێر باری هەر هەلومەرجێکدا لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری دەکەن . ئیسڵاحخوازەکان وەک ڕۆژ لێیان ڕوونە کە ئەگەر ڕژیم بکەوێتە بەر مەترسی هرۆژمی چەکداری دەرەکی یان شۆڕشی جەماوەری خەڵک و مەترسی لە ناوچوونی لە سەر بێت ئەوا خەڵک و هێزە کانی ئۆپۆزسیۆن لێپرسینەوەیان لێدەکەن و لە کاتی لافاوی جەماوەری و ڕووخانی ڕژیمدا هیچ تۆفیرێک لە نێوان ئەوان و هاودەست و هاوەڵەکانیان لە سوپا و بەیتی خامنەییدا نیە،بۆیە بە هەر شێوەیەک بێت هەوڵدەدەن ڕژێمەکەیان نەڕوخێت و بۆ ئەو کارەش فێڵەکانی ئاخوندەکان دەهێننە بواری جێبەجێکردن و لە شانۆی هەڵبژاردنەکاندا خەڵک بۆ دەنگدان ڕاکێش دەکەن . ئیسڵاحخوازان باش دەزانن تۆران و بێ متمانەیی خەڵک بەرامبەر سندووقەکانی دەنگدان و بەرنامەکانی ڕژیم سەرەکیترین مەترسیە بۆ سەر ڕژیم و کاتێک خەڵک هەڵبژاردنەکان بە گشتی تەحریم بکەن و درووشمە دووپاتەوە بووەکانی ڕژیم باوەڕ نەکەن ئەو کات ڕژیم بەرەو هەڵدێری نەمان دەڕوات و کاتێک ڕژیم بڕوخێت ئەوانیش یان دەبێ هەڵێن یان دەبێ خۆ بدەنە دەست دادگای دادوەرانی مێژوو و خەڵکی ڕاپەڕیو .