یه‌ک شه‌مه‌ 

4 سه‌رماوه‌ز2724
سازمانی خه‌بات ی
کوردستانی
ئێران
sazmanixebat

مـــــــــردنی کـــپ و بــێدەنـــگ

مـــــــــردنی کـــپ و بــێدەنـــگ
سازمانی خەبات

 ئەوین فەرەجی

هەموومان دەزانین کە مەبەست لە پڕۆسەی هاوسەر گیری، گرێدان و پێوەندی ژیانی ژن و مێردایەتی لە نێوان دوو رەگەزی جیاوزدایە،لە کاتێک دا کە ئەوان هەل و مەرجی پێویستی ئەو پڕۆسەیان هەبێ. بابەتی ژن و مێردایەتی یان هاوسەری گرینگترین و سەرەکیترین بابەتە کە لەژیانی مرۆڤەکاندا دەبێ زۆر بە وردی هەڵسەنگێندرێ وهەموو رەهەندە ئەرێنی و نەرێنیەکانی سەرنج بدرێن و هەموو سەنگ و سووکیەکانی بەتەرازوی مەنتیق و گونجان هەڵسەنگێندرێن و وەک پیێوەندێکی بنەرەتی و بەردەوام لە پێناو خۆشبەختی و خۆشەویستی و متمانە ژیانی تاسەری مرۆڤەکان بەبێ هیچ جۆرە توندوتیژی وپێشێلکاریک پێک بێت. چاوخشاندنێک بەسەر ژیان و پیوەندییە کۆمەلایەتی و کەسیەکان لە کۆمەڵگاکاندا بە گشتی، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە پڕۆسەی هاوسەرگیری و ژن و مێردایەتیە پێش وەخت و زۆرە ملیەکان، لەم سەردەمی پیشکەوتن و پێگەیشتنەش دا ئێستاشی لەگەڵدابێ، رووداوێکی تفت و تاڵی دنیای مۆڤایەتیە کە بە شیوەێکی کپ و بێ دەنگ و ترسناک و بەردەوام لە دنیای رەگەزە جیاوازەکانی مرۆڤ دا روودەدات و ناچاریان دەکات کە مل بۆ داو انارەوا و داسەپاوەکان راکێشن و بە دوور لە ئەقڵ و مەنتیق تەنیا لە پێناو داب و نەریتە کۆن و سواوەکانی باب و باپیرانیان وەجوڵێن و بە ناچاری و بێ دەسەڵاتی گوێڕایەڵی هەموو دەبێ و نابێ کانی ئەوان بن. ..ئەوەی کە دیارە و جێگای گومان نیە و مایەی پتەوی بناغەی ژیانی هاوسەرگیری و بەردەوام بوون و بە ئامانج  و ئاکام گەیشتینی ژیانی ژن و مێردایەتیە، رەزایەت و پیخۆش بوونی هەردوو لایەنی بەرانبەرە لەو پڕۆسەیەدا، بەڵام لە دیرزەمانەوە تا ئەمڕۆ پڕۆسەی هاوسەرگیری و ژن و مێردایەتی ناچاری و زۆرەملی و نەخوازراو رووی داوەوە و بەداخەوە درێژەشی هەیە کە لەم جۆرە پێکگەیشتن و تێکەلاویانەدا پشکی هەرەزۆری زەرەر و زیانە ماڵی و رۆحیەکان رووبەرووی کوڕان و کچان ، یان روونتر بڵیێن رەگەزە بەرانبەرەکان بۆتەوە.ئەم رووداو و کارەساتانە لەکاتێکدا روودەدەن کە لە تەواوی دینەکانی کە خودا بە هۆی راسپاردەکانیەوە  رەوانەی مرۆڤایەتی کردوون، مافی ئازادی تاک لە بابەتی هەڵبژاردنی هاوسەر دا مافیکی رەوایە و کەس مافی لێستاندن و زەوت کردنی ئەو مافەی نیە. بەلام بە درێژایی مێژوو بە بێ جیاوازی و بە شیوەێ جۆراوجۆر لە ناو تێکرای گەلانی سەر زەوی ئەو ماف و ئازادیە پیشێل کراوە و چاو لەدەستی و گوێڕایەڵی بۆ کەس و تاقمی دەسەڵاتدار و خاوەن بڕیار،  وەک مەرجێکی سەرەکی لەو پڕۆسە چارەنووس سازەدا زەق و بەرچاو بوەوە بە شیوەێک کە ئەم رەوشت و رەفتارە واتە پرۆسەی هاوسەرگیری و ژن و میردایەتی نە خوازراو و دوور لە پێخۆشبوونی دوو کەسی بەرانبەر، بۆتە کلتور و داب و نەریتێکی باوی کۆمەلایەتی وا کە بۆ لێکۆڵینەوە وبە دواداچوونی شێوازی جۆراوجۆری ئەو کلتورە سەقەت و نەخوازراو و دوور لە تێگەیشتن و پێشکەوتنی مرۆڤایەتی، یەکەمین کۆبوونەوەی نێونەتەوەیی سەبارەت بە هاوسەرگیری زۆرە ملی و نەخوازراو رێکخرا و بەشدار بووان کە لە ١٣ وڵاتی جۆراوجۆری دونیا پێک هاتبوون بە تێکرای دەنگ لەسەر ئەوە کۆک بوون کە  ئەم دیاردە ناشیرینە پێشێلکردنی بە ئاشکرای مافی مرۆڤە و لەم دانیشتنەدا بڕیار درا کە  لەهۆکارەکانی  وەکۆڵدرێ و ناوەندێک بەمەبەستی کۆکردنەوەی زانیاری و سەرژمێری  راستی ئەم کارەساتە دامەزرێندرا. بە پێی هەوال و سەرژمێریە تۆمارکراوەکان لەم بارەوە،بەشێکی زۆر و بەرچاو لە هاوسەرگیریە نەخوازراو و زۆرەملیەکان لە وڵاتانی رۆژئاوایی لە نێوان کۆچبەرانی دانیشتوی ئەو وڵاتانەدا روودەدەن بەشێوەێک کە زۆربەی قوربانیانی ئەم کارەساتە بەمەبەستی هاوکاری و بە هاناوەچونیان سەردانی بارەگا و ناوەندیە پیوەندیدارەکان دەکەن. بە پێی زانیاری و سەرژمێریە تۆمارکراوەکان ٨٥ لەسەدی قوربانیان،کچانی  رۆژهەڵاتی ئاسیان و زۆربەی ئەم قوربانیانە لە تەمەنی ١٨ بۆ ٢٤ ساڵ بون و لە ژێر فشاری بنەماڵەکانیاندا ناچار بە هاوسەرگیری زۆرەملی کراون. بە داخەوە لە ئێرانیش دا ئەم شێوازە لە پرۆسەی هاوسەرگیریە لە هێندێک لە پارێزگاکانی وەک: خوزستان، سیستان و بلوچستان و کوردستان، بە شێوەێکی بەربڵاو هەیە. بە درێژایی مێژوو لە زۆر ناوچە و شوێنی جیهان قەوم و کەسانێک هەبوون کە رەگەزی ژنیان وەک کاڵا و کەرەستە،  یان هۆێک بۆ مەبەستی سیاسی، ئابووری و کۆتایی هێنان بە کێشە و کوژاندنەوەی ئاگری ناکۆکی و شەڕ زانیوە و بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئاوات و چاوەڕانی و مافی سروشتی ئەوان، خستویاننە هەل و مەرجێکی نەخوازراوەوە و بە شێواز و ناوی جۆراوجۆرەوە واداریان کردون خۆ رادەستی ویست و خواستە نارەواکانی ئەوان بکەن و درێژە بە ژیانی بێ ئاکام و پڕ لە ناسۆر بدەن و لە ئاگری حەسرەتی ئاواتەکانیان دا ببرژێن .لێرەدا لە درێژەی  ئەم بابەتەماندا ئاماژە بە چەندین نمونە لە پرۆسەی هاوسەرگیری زۆرە ملی و نەخوازراو دەکەین:  هاوسەرگیری فڕاندن و داگیرکردن: لەم شێوە لە هاوسەرگیری دا بە زۆری لە ناو عێل و عەشایەری بە ناو جەنگاوەر روویان دەدا، ئەوان کچ یان ئافرەتی لە ماڵەباوان داگیردەکرد و دەفراند، کچیان سوار ئەسپێک دەکرد و پیاوی داگیرکەر بە سواری ئەسپێک بە دوای کچەدا دەکەوتە دوای و کچەی وەک نێچیرێک دەگرت و دەی کرد بە هاوسەری خۆی و خۆی بە مالیک و خاوەنی ئەو کچە دەزانی. ئەم کلتور و دابە لە کۆندا زۆرتر لە ناو هیندیەکان و چینیەکاندا باو بووە

 هاوسەرگیری غەنیمەتی یان دەستکەوتی: ئەم جۆرە هاوسەرگیریانە زۆرتر لە وڵاتی عەرەبستان برەوی زۆری هەبوە. پیاو یان ژنیان بە مەبەستی هاوسەری بڕفێنن و بە غەنیمەت و دەستکەوتی  تاڵان بی بەن. لایەنی تاڵانکەر بەزۆری  عادەتن پیاو بوون. کە ئەم  رەوشت و کلتورە بەزۆری لە کاتی شەڕ و کێشەی بەینی دوولایەن یان تایەففە وعەشیرەتی نەیار و دژ بە یەک ،وەک پەلامار و بەسەردادانی شەوانە رووی دەدا و لایەنی سەرکەوتوو هەموو شتێکی لایەنی تێک شکاو و دۆراوی بە تاڵان دەبرد و ژن و ئافرەتەکانیشی بە یەخسیر دەگرتن و وەک هاوسەر و کەنیزە هەڵس و کەوتی لەگەڵ دەکردن و مافی دەڕبڕینی هیچ جۆرە نارەزایەتی و مافێکیان نەبوو و تا مردن دەبوو بەندە و کەنیز و هاوسەری دەسەڵات داری سەرکەوتووی شەڕەکە بوونایە. بەشێکی بەرچاو لە زانایان و لێکۆڵەرەوانی بواری کۆمەلایەتی گەلان لەم بارەوە باوەڕیان وایە کە نەفرەت و بێزاری عەرەبی دەورانی دواکەوتوویی و جاهلیت سەبارەت بە کجان و زیندەبەچاڵکردنیان، هۆی ئەم کلتور و دابە قێزەونە واتە هاوسەر گیری داگیرکاری و دەستبەسەرداگرتن و بە غەنیمەت بردنی ئافرەت و کچەوە بوە.

 هاوسەر گیری میراتی: ئەم جۆرە لە هاوسەر گیرە لە وڵاتی گابۆن برەوی بەرچاوی هەبوە، داب و کلتورەکە وابوە کە ژن  بە میراتی پیاو هاتۆتە ئەژمار ولە دوای نەمان و مردنی مێرەدەکەی بۆتە مڵکی میراتی میراتگرانی یاسایی بابای مردوو نەماو. جا ئەگەر میراتگرەکە کوڕ بووبێ و میراتیەکەش دایک، ئەوە دەبوو تا مردن ئەو دایکە وەک بەردە و کاریگەر و رەنجبەر و شتی لەم بابەتانە لە لایەن میراتگرەوە هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرایە. خۆ ئەگەر میراتیەکە دایک نەبوایە میراتگر ئەو ئافرەتەی وەک هاوسەری خۆی دێنایە هەژمار و هەموو کردارێکی تەنانەت هاوجێییشی لەگەڵدا دەکرد. هاوسەرگیری کڕیاری یان هیند و ئوروپایی: لە سەردەمی باوک سالاریدا لە بابول کەسانێک کە کچیان لە تەمەنی بەشوودان دا هەبوایە دەیان بردنە شوێن یان گۆڕەپانێک کە تایبەتی کڕین و فرۆشتنی کچان بووە. لەو بازار و گۆرەپانەدا دەڵالی فرۆشتن هەبوون و ئەو دەڵاڵانە دەستیان کردوە بە پێهەڵدا گووتن و پەسنکردنیان و فرۆشتوویانن،( هەروەک بازاری ئاژەڵفرۆشی ئێستا کە فرۆشیار و دەڵاڵ یان کڕیار و دەڵاڵ لە سەر قیمەتیان بڕیاردەدەن و رێکدەکەون). بەڵام لەم شێوە لە هاوسەرگیرییەدا بە مەرجێک ئەوکچانەیان دەفرۆشتن کە وەک هاوسەر پێناسە بکرێن و هەڵس و کەوتیان لەگەڵ بکرێ. هەر بەم بۆنەو هۆیەوە لە سەردەمی ((هومر)) لە یۆنانی کۆن دا بە کچانیان دەوت ((گاهێن یان گای هێندراو)). بە وتەی ((گۆنتیر)) کڕینی ژن بە مەبەستی هاوسەرگیری بەرچاوترین و رەواجترین شێوەی هاوسەرگیری بوە لە نێوان گەلانی هیندو ئوروپایی و ئاڵمانی نەژادەکاندا. بە شیوەێک کە هاوسەرگیری بە شیوەی کڕین لە راستی دا هەمان کلتور و نەریتی باوی هیندو ئوروپاییە. لە رۆمی کۆندا یەکێک لە شێوە باوەکانی پرۆسەی هاوسەرگیری، کڕین و فرۆشتنی کچان بوە. لە ناو قەومە کۆنەکاندا کچیان بە واتای کردارێکی راستی و رەوا دەفرۆشت و نرخی کچی جوان و کەم تەمنتر زیاتر بووە. لە بەر ئەوە ئەوان بابەتی هاوسەرگیریان لەم ریگایەوە وەک کردارێکی بازرگانی زانیوە و رەزایەت و پیخۆش بوونی کچیان وەک کالاێکی بازرگانی پێ شتێکی ناپێویست بووە. لەم جۆرە کردارە دا واتە کڕین و فرۆشتنی ژن، دوو تایبەتمەندی و خێری هەبوە: یەکەم کەڵکوەرگرتنی ماددی لەژن وەک ئامراز و کەرەستێکی کارکردن و بەرهەم هێنان. دووهەم: مامەلەکردن پێوەی بە هەر شێوەێک کە پیاو ئارەزوی لێ بێ و بۆی دەست بدات وەک: بە کرێ دان، بە قەرز دان، گۆڕینەوە و تەنانەت دووبارە فرۆشتنەوەی. هاوسەرگیری سیاسی: ئەم شێوە هاوسەرگیریە بە زۆری لە ئێرانی کۆندا باو بووە کە بۆ مەسڵەت و لابردنی دژمنایەتی و شەڕ وهەڵڵا لەگەڵ وڵاتان و میرنشینانی هاسێ و دەوروبەر بە مەبەستی دامرکاندن و کۆتایی هێنان بە شەڕ و خوێنرێژی بە کار هێندراوە و ئەم جۆرە کردارە ،واتە هاوسەرگیری سیاسی بەزۆری بەناوی بەرژەوەندی  وڵات و دەسەڵات ئەژمار کراون. لەم جۆرە هاوسەرگیریانەدا کچی پادشان یان یەکێک لە گەورەپیاوان و بەناو ئەشرافزادە کانی وڵات بە پیی بەرژەوەندی سیاسی لەگەڵ شازادە یان پاشای وڵاتی بەرانبەر  یان بۆ بەهێزی پێوەندی نێوان وڵاتان بەکار هێندراوە نمونەی بەرچاوی ئەم جۆرە هاوسەرگیریە لە دەورانی فەرمانڕەوایی و دەسەڵاتی نەوشیروان دا لە ئێران روویداوە. 

هاوسەرگیری گۆڕینەوە یان ژن بەژن: 

ئەم جۆرە هاوسەرگیریە لە تێکرای ناوچەکانی دنیادا بۆ نموونە: ئێران، کشمیر. ئوسترالیا، ئوقیانوسیە و ئوروپادا برەوی هەبووە کە کچیان بە کچ گۆڕیوەتەوە کە پیان گوتووە ژن بە ژنە یا گابەگا. بۆ نموونە لە ئێران لە ناوچە عەرەب نشینەکان، خوزستان و کوردستان برەوی هەبووە. ئەم جۆرە لە هاوسەرگیریە لکێکی تریشی هەبوە بە ناوی گەورە بە بچووک کە بە زۆری لە کوردستان دا باو بوە و تا ئەم ئاخریانەش بەڕیوەدەچوو. لەم شێوازەدا دوو بنەماڵە پێک دەهاتن کە کچیان بدەن بە یەکتر و ئەو ماڵەی کە کچی لە تەمەنی بە مێرد دانیان نەبوایە دەبوو هەر کات کچەکەیان گەیشتە تەمەنی بە شوودان بیدەن بە کوری ئەوان  بەبێ ئەوەی پرس و راێک بە لایەنی بە شوودراو یان ژن هێن بکرێ. بە سەرنجدان بەو باسانەی لەسەرەوە کردمان هاوسەرگیریە داسەپاوەکان دەکرێ دابەش بکەین بەسەر دوو دەستەدا، ئەلف: هاوسەرگیری راستەوخۆ . ب: هاوسەرگیری ناراستەوخۆ. شیوە یان دەستەی راستەوخۆی لە ئێران دا بە شیوەێکی بەرچاو برەوی هەبووە و ٩٥ لەسەدی هاوسەرگیرییەکان لە ئێران دا لەم شێوەن. لەم شێوەدا پرۆسەکە بە فشار و دەسەڵاتی باوک یان برا بەڕیوەدەچن و چوون لە هۆی جۆراوجۆری هەیە وەکو: رێژەی روناکبیری، نەریت و کلتوور، کۆمەلایەتی، تاکە کەسی، ترس لە کرداری نادروستی داواکار، ترس لە چوونەسەری تەمەن و کەمی هەل و دەرفەتی شووکردن، قوتار بوون لە دێوزمەی تەنهایی . نەبوونی داواکاری زۆر، خۆدزینەوە لە خوێندن، رق هەلگرتن لە داواکارانی پێشوو، رزگار بوون لە پرسیار و وڵامی دەوروبەر، تام و چێژی جنسی و رەوانی و زۆر هۆی بنەماڵەیی و ...هتد کە هەر کام لە باس و بابەتانە بۆ خۆی باس و خواستی تایبەت بە خویان هەیە. 

ئەگەرچی لە سەردەم و هەل و مەرجی ئێستادا بە هۆی پیشکەوتنی زانست و پێگەیشتنی مرۆڤەکان پڕۆسەی هاوسەرگیری ئاڵوگۆڕی زۆر و بەرچاوی بەسەردا هاتووە و زۆربەی ئەو کلتوور و دابە کاڵ و کەم رەنگ بوونە وە یان هەر نەماون، بەڵام لە ئێرانی بندەستی دەسەڵاتی  رژیمی ئاخوندی و نیزامی ویلایەت فەقیە دا،بە پیی یاسای ئەم دەسەڵات و دەوڵەتە تەمەنی هاوسەرگیری بۆ کچان ١٣ ساڵ و بۆ کوڕان ١٥ سال لەبەر چاو گیراوە، بەلام یاسای وڵات ئەو ئیزن و مەجالە بە باوک یان باپیرەی کچ دەدات لە بە پێی تیڕوانینی خۆی  سەبارەت بە بەرژەوەندی منداڵەکەی، پێش تەمەنی ١٣ ساڵی کچەکەی بدات بە شوو ، ئەم کارە لە حاڵیک دایە کە بە پیی جاڕنامەی نیونەتەوەیی مافی منداڵان کە ئێران بۆ خۆی یەکێک لە واژووکارانی ئەم  رێککەوتنەیە، تەواوی کەسانی تەمەن لە ژیر ١٨ ساڵ بە منداڵ لە قەلەم دەدرێن و ئەم رێککەوتنە نیونەتەوەییە بە شوودانی منداڵانی نایاسایی  راگەیاندوە.بە پیی ئاخرین سەرژمێرییەکان لە لایەن ناوەندی سەبت و ئەحواڵی ئێران، لە ٩ مانگی ئەوەڵی ساڵی ١٣٩٢ دا بە شوودانی ٣١ هەزار کچۆڵەی تەمەن ژێر ١٥ ساڵ تۆمارکراوە. بە پێی ئەم ئامارە زێتر لە یەک لەسێی هاوسەرگیرییەکانی ئەم ماوە کورتە، پێوەندی بە کچانی ژێر تەمەنی ١٩ ساڵەوە هەیە. گەنج هیچ جێگاێکیان نییە و بە پیی یاسا، هەر مارەییەک کە بە زۆری بەبێ پرس و پێخۆشبوونی بەشوودراو یان ژن بۆ هێندراو لە لایەن بنەمالەوە بەرێوە بچێ، بە نارەوا و نایاسایی لە قەلەم دەدرێن. لەسەرودەمی ئێستادا ٨٠  لەسەدی گەنج و لاوان بە شێوەی زۆرە ملی  هاوسەرگیری دەکەن. زۆرە ملی بەو مانایە کە پێیان وایە دەبێ هاوسەرگیری بکەن دەنا بە پێچەوانەوە لە کۆمەڵگادا بە چاوی سووک و کەسانی بێ مایە و بێ کەڵک چاویان لێدەکرێ . هەر بۆیە بە بێ تێرامان و بیرکردنەوەێکی دروست تەنیا وەک هەست و بە بێ سۆز لەگەڵ کەسێک هاوسەرگیری دەکەن کە خاوەنی لاوازترین خاڵی هاوبەش لەگەل یەکترن، هەر بۆیە دوای ماوەێکی زۆر کورت لەگەڵ کێشەو ناکۆکی و نەسازان رووبەروو دەبن و بەهانە  پێکەوهەڵ نەکردن و نەسازان لێک جیادەبنەوە . یەکێکی تر لە هۆگەلی زۆر بوونی تەلاق و لێک جیابوونەوە پیوەندی بە نەبوونی سەربەخۆیی گەنج و لاوان لە بنەمالە دایە کە  لاوان دوای گەیشتن بە تەمەنی بلوغ و پێگەیشتن داوای سەربەخۆیی و ئازادی بێ سنور دەکەن، بەم جۆرە بۆ هەڵاتن لە فشار بەربەستی دایک و باوک و سەرپەرستەکانیان روو لە هاوسەرگیری پێش وەخت و نابەجێ دەکەن. چوونەسەری تەمەنی کچان یەکیکی تر لە هۆکاری سەرەکی زۆر بوونی رێژەی جیابوونەوە و تەلاقە.  بەداخەوە لە کۆمەڵگای ئێمەدا کاتێک تەمەنی کچان دەچیتە سەر، لە ژێر فشاری کۆمەلایەتیەکان و بنەماڵەدا وا بە باش دەزانن کە لە نێوان داواکارانی  نەشیاو دا کەسێک بە ناوی هاوسەر هەڵبژێرن کە خاوەنی لانی کەمی تایبەتمندی باشی بێت. گرینگترین هۆی زۆر بوونی تەلاق و جیابوونەوە لە ئێران دا دوو پیکهاتە بوونی کۆمەڵگایە. کە پێکهاتەی  قەدیمی یان کۆن بە تێڕوانی و کلتوری بەهاکانی پەسند کراوی بنەماڵە و کەسانی سوونەتی و پیکهاتەی دووهەم واتە پێکهاتەی پیشکەوتووە کە لەگەڵ پێگەیشتین و پیشکەوتنی کۆمەڵگا هاتۆتە ئاراوە. لەو لاشەوە لە هەمبەر ئەم دوو پێکهاتە  بۆتە هۆی سەرلێشێواوی و وون کردنی کەسایەتی لە مابەین ژن و پیاو دا. بە شێوەێک کە لەم سەردەمەدا کچان و ئافرەتان باس لە بەرانبەری ماف و ئازادی خۆیان و هاوسەرەکانیان دەکەن، کە بۆچی دەبێ دەسەلات دارو بریاردەدری بێ ئەملاو ئەولای ماڵ پیاو بیت؟ لە کاتێک دا بە پێی پیکهاتە و داب و نەریتی کۆن، ژن دەبێ پێ مل و فەرمانبەرداری  پیاوان بن و کاریان بە بەرانبەری ماف و ئازادی ژن و پیاو نەبێ. بە هۆی پەرەگرتنی ژیانی پیشکەوتوو و شارنشینی ژنان سەبارەت بە ماف و ئازادیەکانیان ئاشنا بوون و داوای بەرانبەری مافی خۆیان لە گەڵ پیاوان  لە بوارە جۆراوجۆرەکانی کۆمەلایەتی و بنەماڵەدا دەکەن. لەم سەردەمەدا ئەوان بە بەشداری خۆیان لە کۆمەڵگا و کارکردن ، باری کەسایەتی و ئابوریەوە سەربەخۆن و چاوەروانیان هەیە کە ئەم سەربەخۆییەیان لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە لەبەرچاو بگیرێ و ددانی پێدا بندرێ.لە کاتیک دا کە شێوەی تێڕوانی و بیرکردنەوەی پیاوانی کۆمەڵگای ئێمە هی ٢٠ ٠  ساڵی پێشە، پیاوان لە کۆمەڵگادا دەیانەوێت کە هەر بەو رەز و ربەی ٢٠ ٠  سال پێش ببپێون و دەسەڵاتداری بێ ئەملاو ئەولا بن و کەس قسە لەقسەیاندا نەکات و بە هەمان شێوازی زۆرەملی و زبر و فرەوێژی لەگەڵ ژنان هەڵس و کەوت بکەن. ئەو پیاوانەی خاوەنی ئەم جۆرە رێڕامن و بیر و هۆشەن سەرەرای هەبوونی هاوسەر و منداڵ، دەیانەوەێت پێوەندی و دۆستایەتیان لەگەڵ ژنی تردا هەبێ و تەنانەت ژنی سیغەشیان هەبێت. بەم هۆیەوە ژنان توانا و تاقەتی ئەم جۆرە کارانەیان نیە و بە ناچار رێگای تەلاق و جیابوونەوە دەگرنە بەر. بە بۆچوونی هێندێک لە کارناسانی بابەتە کۆمەلایەتیەکان چوونەسەری نرخ و رادەی تەلاق، لە چوونە سەری رادەی زانست و تێگەیشتن هەروەها هوشیاری ژنان سەبارەت بەمافە یاساییەکانی خۆیان، کە لە مەودای رۆژگارێکی دور و درێژدا لە بەر چاو نەگیراوە هاتۆتە ئاراوە. بەڵام لەم سەردەمەدا و بە هۆی بەشداری بەربڵاو و بەرچاوی ژنان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵدا، رادەی بەدەست هێنانی ماف و ئازادییەکانیان و نزیک بوونە وە لە گەیشتن بە مافی بەرانبەر زیادی کردوە و هەوڵ دەدەن لە مافە یاسایەکانی خۆیان کەڵک وەرگرن و لە هاوسەرەکانیان یان جیاوەبن یان چی تر نەچنە ژیر باری ژێردەستەیی مافخوراویەوە       


8 ساڵ و 9 مانگ و 1 ڕۆژ و 15 کاتژمێر و 43 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

مـــــــــردنی کـــپ و بــێدەنـــگ

مـــــــــردنی کـــپ و بــێدەنـــگ

په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

په‌یوه‌ندی گرتن


ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07506206655 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504687209 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504497138 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا     : 0767676746   (0046)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا       : 040331264   (0047)



په‌یوه‌ندی ئه‌له‌کترۆنی:



[email protected] 
[email protected]
xebatmedia@sazmanixebat.net
[email protected]om

ئۆرگانه‌کانی سازمانی خه‌بات


ڕێکخراوی ئافره‌تانی خه‌باتی کوردستانی ئێران 

ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران