مانگرتنی گشتی لە شاری بانە 16هەمین رۆژی خۆی بردەسەر و پێداگری خەڵکی قارەمانی ئەو شارە لەسەر مانگرتن هەتا هاتنەدیی داواکانیان.
رۆژی دووشەممە 10ی بانەمەری 1397 بازاری و کاسبکارانی شاری بانە بۆ شازدەهەمین رۆژی بەردەوام درێژەیان بە نارەزایەتی و مانگرتنی خۆیان دا. هەروەها ژمارەیەکی بەرچاو لە بازاریی و کاسبکاری ئەو شارە ئەورۆ گردبوونەوەی نارەزایەتیان بۆ سێهەم رۆژ لەبەردەم فەرمانداری رژیم لە بانە درێژە پێدا.
بەپێی هەواڵ هەر ئەورۆ ئەندامانی شۆرای شاری بانە دەستیان لە کار کێشایەوە. هاوکات فەرمانداری رژیم لە بانە هەوڵی دا بە بەشداری کردن لە کۆبوونەوەی جەماوەر لە مزگەوتی گەورەی شار قسە بکات و داوا لە خەڵکی شار بکات مانگرتنەکە بشکێنن بەڵام جەماوەری ئامادەبوو رێگەیان پێ نەدا قسە بکات.
بازاری و کاسبکارانی شاری بانە لەنارەزایەتی بە داخستنی سنوورەکان و زیادکردنی گومرک مانگرتنی گشتی بەرێوەدەبەن.