بنیامین نەتانیاهو سەرۆک وەزیری ئیسراییل لە بەرنامەیەکی راستەوخۆی تەلەفزیۆنی دا زانیاری گرینگی لەسەر بەرنامەی ناوکەیی رژیم ئاشکرا کرد.
هەواڵدەری رۆیتەر لە راپۆرتێکدا دەڵێ: ئەمرۆ نەتانیاهو سەرۆک وەزیری ئیسراییل رایگەیاند کە رژیمی ئێران لەبارەی ئەوەی کە هیچ کات بە دوای چەکوچۆڵی ناوکەییەوە نەبووە، درۆی کردووە. ئەو رژیمە لە دوای ئیمزای رێکەوتنی ناوکەیی لە ساڵی 2015 لەگەڵ زلهێزەکانی جیهان درێژەی بە بەرنامەی زانستی چەکی ناوکەیی خۆی داوە.
ناوبراو وێنە و فیلمی زۆری لەو بارەوە خستەروو و وتی: ئەو وێنانە هی دامەزراوە نهێنیە ناوکەییەکانی رژیمی ئێرانن.
نەتانیاهو ئیشارەی بە پرۆژەی نهێنی ناوکەیی رژیمی ئێران بە رەمزی "عیماد" کرد و وتی ئەو بەرنامەیە لە ساڵی 2003 وەلا نراوە بەڵام چالاکیەکان لەو بارەوە درێژەی هەبووە.
هەندێ راگەیاندنی دیکە لە زمانی نەتانیاهوەوە وتیان: رژیمی ئێران لە دوای ئیمزای رێکەوتن نامەی ناوکەیی لە ساڵی 2015 دا هەموو بەڵگە پێوەندیدارەکانی لە ناوەندێکی نهێنی لە نزیک تاران "شورئاباد" شاردوەتەوە. ئێمە لە کردەیەکی هەواڵگریدا توانیمان 55 هەزار لاپەرە و 55 هەزار فایلی دیجیتاڵی لە پێوەند بە بەرنامەی ناوکەیی رژیمی ئێران وەدەست بێنین.