عەلی بەهرامی
رۆژی 7ی رەشەممەی 1394ی کۆچی خۆری، لە دوای هەراوهۆسەیەکی زۆر رژێم شانۆی هەڵبژاردنی هەردوو مەجلیسی خوبرەگان (شارەزایان) و مەجلیسی شۆرای ئیسلامی بەرێوەبرد. ئەگەر چی بۆچوونی جۆراوجۆر لە سەرپرۆسەکە هەیە و هەر کەسە و لە گۆشەیەکەوە لەو شانۆگەریەی رژێم دەروانێ بەڵام ئەوەی زۆر گرینگە، بۆچوونی هێزە نەیار و بەرهەڵستەکانی ئەو دەسەڵاتە بەتایبەت لە کوردستان بوو! کە بەداخەوە بە سەر دوو بەرەدا دابەش ببوو و هەر ئەو دابەش بوونە تەئسیری هەبوو لە سەر ئەنجامی ئەو شانۆگەریەو بەرەو پێشبردنی بەرنامەکانی رژێم لە پارێزگاکانی کوردستان.
ئەگەر چی لە کوردستاندا رێژەیەکی بەرچاو لە جەماوەر هەمیشە بەچاوی گومانەوە لە سیاسەت و هەڵوسووکەوتی دەسەڵاتدارانی رژێم دەروانن و دوورە پەرێزیان کردوە لە چالاکی و بەشداری لەو پرسە سیاسیانەی رژێم بەرێوەیان دەبا، بەڵام رێژەیەکیش بە هۆی بانگەوازی هێزە ئازادیخوازەکانی کوردستانەوە خۆیان بە دوور دەگرت و نەدەچوونە یاریەکەوە کە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە دارێژرابێ و کاری بۆ کرابێ. بەڵام ئەو دابەشبوونەی هەڵوێستی هێزە سیاسیەکان لە نێوان بەشداری لە هەڵبژاردن و بایکوت، ئەو رێژە لە جەماوەری تووشی جۆرێک لە سەرلێشێوان کردو وەک بینیمان رێژەیەک کەوتنە ژێر کاریگەری بانگەشەی ئەوانەی خوازیاری بەشداری بوون. هاوکات لەگەڵ هەوڵ و تەقەلای رژێم بۆ بەرز کردنەوەی رێژەی بەشداری خەڵکی کوردستان دیسان کەم نەبوون ئەوانەی بەدەم هەڵوێستی لایەنەکانی دیکەی کوردستان چوون، کە خوازیاری بایکوت و نەچوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان بوون.
ئەوەی لە ماوەی یەک رۆژی بەرێوەچوونی هەڵبژاردنەکاندا بەدیی دەکرا هەوڵێکی ناساڵم بوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتی و تێڤیەکان بوو، بۆ کەم بایەخ کردنی هەڵوێستی بایکوت و بەشداری نەکردن. ئەو بەرێزانە بە بڵاوکردنەوەی پۆستەر و وێنەی ئاپۆڕای جەماوەریی دەیانویست ئەوە بڵێن کە بە بەشداری کارایان لە هەڵبژاردنەکەی رژێم شکستیان بە سیاسەتی بایکوت لە کوردستان هێنا.
بەو پێ یە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ کە هۆی بایکوت نەکردنی هەڵبژاردن مەبەستدار بووە، وە وەک خۆیان بانگەشەیان بۆدەکرد خەمی نان و ژیان خەڵکیان نەبووە بەڵکوو مەبەست شکست پێهێنانی هەوڵی هێزەکانی دیکە بەتایبەت هێزە رەقیب و بەرامبەرەکەی خۆیان بووە. ئەو هەنگاوە راست ئەو قسەمان وەبیر دێنێ کە ئەو کارە لە خۆشەویستی عەلی نەبووە بەڵکوو لە رقی عومەر کرا.
بەڵام بەدەر لەوە با بەو پێکهاتەی دەچنە مەجلیسی رژێم و چاوخشانێک بە سیاسەتەکانی رژێم خوێندنەوەیەک بۆ داهاتووی وەزعی ئێران و ئەو ئەگەر و ئەممانە بکەین کە چاوەڕێی خەڵکی ئێران و کوردستان دەکەن.
بۆ مەجلیسی خوبرەگانی رێبەری رژێم، ئەو 88 کەسەی دەچنە ئەو مەجلیسە بە پێچەوانەی بانگەشەکانی بەتایبەت بەرەی رەفسەنجانی، تا خامنەیی لە ژیاندا بێ هیچ کەسێک دیاری ناکرێ بۆ جێگرەوەی ناوبراو. پێش مردنیشی بۆی هەیە کەسێکی باوەڕ پێکراوی خۆی دیاری بکاو بیداتە ئەو مەجلیسەو ئەوانیش وەک رێبەر و وەلی فەقیە شەرعیەتی پێ بدەن، وە ئەگەر مەرگیش مەودای نەدا دڵنیایە لە پێکهاتەی مەجلیسی خوبرەگان بۆ ئەوەی کەسێک دیاری دەکەن کە لە باری بیر و ئەندێشەوە نزیک بێ لە خامنەیی.
بەڵام بۆ کار کردی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی رژێم، باسەکە هەروا بەو ئاسانیە نیە دەبێ قوڵتر لە داهاتووی ئەو مەجلسیە و کارەکانی بروانین. لەو راستایەدا مەسەلەی ئابووری، دەستێوەردانە سیاسی و سەربازیەکان، گەندەڵی و فەساد کە رەگ و ریشەی لەو سیستەمەدا داکوتاوە، شیی بکرێنەوە ئەو جا دەتوانین قسە سەر رێژەی ئاڵووگۆر لە بار و گوزەرانی خەڵکی ئێران بکرێ.
وەک دەزانین بە هۆی ئابڵوقەی ئابووری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ سەر رژێم بەهۆی گەڵاڵە ناوکەییەکانەوە، ئابووری ئێران بەتەواوی دارووخرا و رژێم نەیتوانی خۆی لە بەرامبەر ئەو فشارانەدا بگرێ و ناچاربوو مل بدا بە ویستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەت ئەمریکا و لە سەر لابردنی ئەو بەرنامانە، چەندین ئیمتیازی ئابووری و ئازاد کردنی پووڵە بلوک کراوەکان رێکەوتن کرا، بەو پێیەی کە ئەوە بۆ چەند مانگ لە ئازاد کردنی ئەو پووڵانە و کرانەوەی دەرگای کۆمپانیا و شیرکەتە زلهێزەکان بۆ ئێران، بەڵام تا ئێستا هیچ جۆرە جموجوڵێک لە بازارەکاندا بەدیی ناکرێ و پێ ناچێ بەو زوانە رژێم بەهۆی هاوکاری گروپە ترۆریستیەکان و دەستێوەردانی دەرەکی بیر لە چارەسەری وەزعی ناوخۆ بکاتەوە.
وەک ئاشکرایە هەڵسووکەوت و دەستێوەردان لە کاروباری وەڵاتانی جیران بۆ رژێم هەزینە هەڵگرە و ئەو هەزینانەش بێ شک لە قووتی خەڵکی ئێران دەکێشرێتەوەو خەرجی مەرام و سیاسەتەکانی رژێم دەکرێ. وەک دەبینین ئەو مەسرەفانەی رژێم بۆ فەلستین و باشووری لوبنان دەکرێ بە جۆرێکە کە هەل و مەرج و گوزەرانی خەڵکی ئەو دوو شوێنە لە خەڵکی ئێران زۆر باشترە.
هەر لەو بارەوە لە ماوەی 5 ساڵی شەڕی ناوخۆی سوریە، رژێم لەگەڵ ئەوەی لە ژێر باری گرانی تەحریمە ئابووریەکاندا بوو، بەڵام دەستی لە پشتیوانی رژێمەکەی ئەسەد هەڵنەگرت و لە پێناو هێشتنەوەی ئەو رژێمە پارەوپووڵێکی خەیاڵی خەرج کردوە، بێ گوومان لە دوای رێکەوتنی ئاگربڕ لەو وەڵاتەش هەوڵەکانی رژێم بۆ بەهێزکردنی ئەسەد و دارودەستەکەی بەردەوام دەبێ و خەرجی ئەوەش کەمتر نابێ لە کاتی شەڕ.
لە هەمانکاتدا شەڕی یەمەن و پشتیوانی حوسیەکانی ئەو وەڵاتە کەمتر نیە لە خەرجیەکانی رژێم لە سوریەو بەو زوانەش کۆتاییان نایە.
ئەوە لە کاتێکدایە کە لە وەڵاتانی دیکەی وەک پاکستان، ئەفغانستان، وەڵاتانی عەرەبی، وەڵاتانی ئەفریقایی پەرەدان بە مەزهەبی شیعە و دامەزرانی تاقم و گروپی جۆراوجۆر و کردنەوەی ناوەند و رێکخراوی تایبەت بە کاری تێکدەرانە و جاسووسی بەردەوام دەبێ بۆ ئەو مەبەستەش رژێم ساڵانە بودجەیەکی یەکجار زۆر تەرخان دەکا. لە هەمان کاتدا چالاکی تاقم و گروپە ترۆریستیەکانی سەر بەرژێم لە وەڵاتان و بەتایبەت ئوروپا، تێچوویەکی زۆری مادی و سیاسی دەبێ.
یەکێکی دیکە لەو گرفتانەی بەرۆکی خەڵکی ئێرانی گرتووەو رێگرە لە پەرەگرەسەندنی وەزعی ئابووری و هەستانەوەی بازاری کار و باشتر بوونی وەزعی خەڵک، بوونی گەندەڵیەکی لە رادەبەرە لە نێو سیستەمی جمهوری ئیسلامیدایە، ئەو گەندەڵیەش بەجۆرێکە کە هەر تاقم و گروپێکی دەسەڵاتدار، دەستی بە سەر بەشێک لە سەرمایە و سەرچاوەکانی داهاتی ئەو وەڵاتەدا گرتووە، کە لەو راستایەدا گەندەڵیەکە بە ئەندازەیەکە کە هەندێ جار دەکەونە رقابەت و پێشبرکێی یەکتر، بێ گوومان ئەو مافیایانە بە ئازاد بوونی پووڵ و سەرمایە بلوککراوەکان چالاکیەکانیان زیاتر دەبێ و لە داهاتووشدا شاهیدی دزی و فسادی زیاتر دەسەڵاتداراندا دەبین.
هەوڵەکانی رژێم بۆ خۆ تەیارکردن بە چەک و چۆڵ یەکێکی دیکە لە کۆسپەکانی بەردەم باشتر بوونی بازار و گوزەرانی خەڵکە، وە هەمووان ئەو راستیە دەزانین کە لە دوای تەواو بوونی شەڕی ئێران و عێراق، رژێمی ئێران بە نهێنی بۆ چەندین ساڵ پەرەی بە بەرنامەی ناوکەیی و مووشەکی خۆی داوە کە ئەو بەرنامانەی رژێم هەڵگری خەرجیەکی زۆر بوون بە هۆی ئەوەی کە تەیار بوون بە چەکی ناوکەیی و مووشەکی مەسرەف و پووڵی باشی دەوێ، هاوکات رژێم بۆ بە نهێنی هێشتنەوەی بەرنامەکانی لە رێگەی بازاری رەشەوە کەل و پەلەکانی بەدەست هێناوە بۆیە ئەو جۆرە کارکردنە خەرجیەکانی ئەو بەرنامەیەی دوو بەرابەر کردوە. هەروەها لە ئێستاشداو لە دوای نۆشینی جامی زەهرو پێ مل بوون بەفشاری ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، لە هەوڵی ئەوەدایە بە کرینی چەک و چۆڵی پێشکەوتوو لە وەڵاتان، خۆی پڕچەک و تەیار بکات، بێ گوومان ئەو هەنگاو بەرنامەی رژێم لە داهاتوودا هەزینەیەکی زۆری دەوێ و رژێم پڕ چەککردنی هێزەکانی خستۆتە پێش وەزع و گوزەرانی خەڵکی ئێرانەوە، چوونکە سروشتی حکومەتە دیکتاتۆرەکان بەو شێوەیە کە پێان وایە بە سەرکوت و چەک و چۆڵی پێشکەوتوو دەتوانن تەمەنی دەسەڵاتەکانیان زیاتر بکەن.
لەو هەل و مەرجەدا و بۆ پەرەپێدانی بەرنامەکانی، وەلی فەقیە پێویستی بە مەجلیسێک بوو کە بە بێ هیچ باس و تێچوویەکی نێوخۆیی شەرعیەت بە بەرنامەکانی بدا، بۆیە لە رێگەی ئەنجومەنی چاودێری (شۆرای نیگابان)وە دەستی دایە رەدی سەڵاحیەتی رێژەیەکی زۆر لەوانەی ناوی خۆیان بۆ کاندیدی مەجلیس تۆمار کردبوو، وە تەنها کەسانی سەربە باڵی وەلی فەقیە بتوانن بچنە ئەو دەورەیەی مەجلیسەوەو یەک دەست بوونی مەجلیس بۆ وەلی فەقیە گرینگ بوو، وە هەر بەو رێگەیە چاودێریەکی توند بخاتە سەر دەزگای بەرێوەبەری.
بەو شیی کردنەوەیە بۆمان روون دەبێتەوە کە رژێم بە سەر ئەو هەموو خەرجی و مەسروفاتەی لە چالاکیە مەزهەبی و ترۆریستی و دەستێوەردانی وەڵاتانی جیران و کڕینی چەکو چۆڵ و لەگەڵ ئەوانەدا گەندەڵی و فەسادی دەسەڵاتداران، هیچ ئاسۆیەکی روون بەدیی ناکرێ لە راستای باشتر کردن و چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتی و ئابووریەکانی خەڵکی ئێران، ئەگەر هەنگاو گەلێکی سەرەتاییش هەڵگیرێ ناتوانێ وەڵامدەر و بەپێی پێویستی خەڵک بێ و حەتا ناتوانێ بە رێژەیەک بێ کە جوابدەرەوەی بانگەشەی پاڵێوراوانی مەجلیسی دەیەمیشی بێت.
کارنامەی رژێم لە 36 ساڵی دەسەڵاتداری رژێم لە کوردستاندا بکەینە پێوانە، تووشیب هەڵە دەبین گەر چاوەرێی ئاسۆیەکی روون بکەین و پێمان وابێ دەست و پێوەندەکانی ئەو دەسەڵاتە لایەک لە خەڵکی چەوساوەی کورد دەکەنەوە، چوونکە رژێم لە کوردستاندا هیچ گرینگیەک بە ژێرخانی ئابووری و پیشەسازی نەداوە و لەو بارەوە جیاکاریەکی بەرچاو لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی ئێراندا دەبینین، بێ گوومان ئەو سیاسەتانەی رژێم لە کوردستان گۆرانیان بەردا نایەت و بەردەوام دەبێ و میلیتاریزەکردنی کوردستان پەرەی زیاتر دەستێنێ نەک باشترکردن و چارەسەری کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانی ئەو ناوچەیە. هاوکات وەک لە رابردوودا بینیومانە بە برسی هێشتنەوەی خەڵکی ئێران و کوردستان بەتایبەت یەکێک لە بەرنامە ریشەییەکانی ئەو سیستەمە بووە، هەر بۆیە ئەو هێزانەی کاریان بۆ بایکوتی شانۆی هەڵبژاردنەکانی رژێم دەکرد راستی و ناوەرۆکی ئەو رژێمەیان باشتر ناسیوەو لە داهاتووشدا روون دەبێتەوە کە بیرو بۆچوونی ئەوان لە سەر هەڵبژاردن لە چوارچێوەی رژێم و کارکردی ئەو نیزامە لە کوردستان واقعبینانەتر بووەو لە داهاتووشدا بەرپرسایەتی خەبات و بەرەنگاری رژێم زیاتر لە رابردوو دەکەوێتە ئەستۆ و پێویستە هەوڵ زیاتر بدرێ بۆ روون کردنەوە و هۆشیاری زیاتری جەماوەر لە حاست سیاسەت و بەرنامە و فێڵ و تەڵەکەبازی دەسەڵاتداران لە ئێران.