شیلان محەممەدی
دیموکراسی و ئازادی لە سەرانسەری جیهاندا خاوەنی تاریف و پێناسەیێکی دیاری کراوە و بە پێی کۆمەڵێک پێوەری دیاری کراو و سەڵمێندراو دەناسرێتەوە و رێژ
شیلان محەممەدی
دیموکراسی و ئازادی لە سەرانسەری جیهاندا خاوەنی تاریف و پێناسەیێکی دیاری کراوە و بە پێی کۆمەڵێک پێوەری دیاری کراو و سەڵمێندراو دەناسرێتەوە و رێژەی بوون یان نەبوونی ئەو پێوەرانە دەکرێتە بنەما بۆ پلەبەندی وەڵات و گەلان لەمەڕ سیستمی دیموکراسی و ئازادی. لەم سەردەمەدا ئیدی دیموکراسی و ئازادی شتێک نییە کە بتواندرێ بە ئاسانی پشتگوێ بخرێ و حکوومەت و دەسەڵاتەکان خۆی لێ بدزنەوە و زۆربەی سیستم و رژیمە دیکتاتۆرەکانیش تەنانەت دەمی لێدەدەن و ئیددیعای دەکەن.
رژیمی ئاخوندانی دەسەڵاتدار لە وڵاتی ئێران کە ماوەی چوار دەیەیە دەسەڵاتی گرتۆتە دەست، لە سەعاتەکانی گرتنە دەستی دەسەڵات و رووخانی رژیمی پاشایەتی، بە شوعاری ((ئیستقلال، ئازادی، جمهوری ئیسلامی)) خەڵکیان فریودا و کێشایاننە سەر سندوقەکانی دەنگدان و لە رێکەوتی 12ی خاکەلیوەی ١٣٥٨ و لە ریفراندۆمێکدا لە ژێر ناوی جمهوری ئیسلامی ئەرێ یان نا؟ دەسەڵاتیان گرتە دەست و بناغەی سیستەمێکی وەها دیکتاتۆر و دواکەوتوویان دارشت کە مێژووی مرۆڤ کەمی بە خۆیەوە بینیوە و لەو تاریخە بەولاوە خەڵکی ئێران تەنیا چاویان بە ئازادی و، سەربەخۆیی ئیسلامەتی نەکەوت و نزیک بە 40 ساڵە حوکمی رژیمێکی ئۆپۆرتۆنیست و دیکتاتۆر بە تەواوی مانا و دواکەوتوو و گەندەڵ لەهەموو بوارەکاندا بەسەر سەریانەوەیە.
خومەینی بەکۆمەڵێک شوعاری زریقەدار و بەڵێنی درۆینە دەسەڵاتی وەرگرت و بە سوار بوونە سەر شەپۆلی هەستی جەماوەر سەرەنجی خەڵکانێکی بۆلای دەسەڵاتـەکەی راکێشا و بۆ رزگاربون لە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر و لەپێناو ئازادیدا لە پرۆسەیێکی چاوبەست و چەواشەکاری دا رژیمێکی دیکتاتۆرترو سەرکوتگەریان هەڵبژارد. ئاخوندانی خوێن رێژو سەرکوتگەری حاکم لەو وڵاتەدا، خراپترین و نامرۆڤانەترین سیستمی بەرێوەبەریان دامەزراند و بەرپرسانی رژیم زۆر کات لەو پەری بێشەرمی دا ئیدعای ئازادی و باشترین جۆری دیموکراسی لە ناوچەکە دەکەن، ئەمە لەکاتێکدا کە رۆژانە شاهێدی لەداردان و خستنە پشت میلەکانی زیندانی ئازادیخوازان، جیابیران، ماف ویستان و کەسانی چالاک دەبین، ئازادی بەیان بوونی نییە، ئازادی پۆشش و جل و بەرگ نیە، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەو وڵاتەدا گەیشتۆتە ئاستێکی یەکجار بەرز و لەنێو وڵاتاندا پلەی ١٦٠ ی هەیە لە پێشێلکردنی مافەکاندا، سەرمایەو داهاتی خەڵکی هەژارو وەزاڵەهاتوی وڵات خەرجی دروستکردنی گروپی ترۆریستی و بەهێزکردنی ترۆریستان و دەستێوەردان لە وەڵاتان دەکرێت و سەرەڕای دەوڵەمەندی وەلاتی ئێران بە سەرچاوە ژێر زەوییەکان، بەداخەوە خەڵکەکەی لەهێڵی هەژاریدان. ئەوە لەپێوەند بە کۆمەڵگا و هاوڵاتیان، ئەگەر چاوێکیش بەنێوخۆی سەرانی رژیم و بەرێوەبەریان بخشێنین، هەر لە سیستمی بەرێوەبەری و پلەبەندی دەسەڵات و شانۆی هەڵبژاردنەکان و .... جگە لە دیکتاتۆری و گەندەڵی و بێ سەرەوبەرەیی شتێکی دیکە بوونی نیە بەنێوی دیموکراسی و ئازادی.
هەموو دەسەڵات و هێز لەدەستی عەلی خامنەیی، رێبەری رژیمدا کۆبۆتەوەو دواجار هەموو بریارێکی کۆتایی لای ئەوە.
رەنگ بێ زۆر جار لەژێر ناوی بوونی هەڵبژاردنی جۆراوجۆر لە وەڵاتی ئێران ژێستی ئازادی و خەلکی بوونی نیزام و دیموکراسی کرابێ بەڵام هەرکەس شارەزای سیستەم و چۆنیەتی بەرێوە چوونی پرۆسەی هەڵبژاردن لە وەلاتی ئێران بێ دەزانێ کە هەڵبژاردن لە رژیمی ئێران لە پرسێکی گالتەجار و پێکەنیناوی زیاتر نییە. رژیم بە وەرێ خستنی شانۆی هەڵبژاردن و فریودانی خەڵکی و لە ژێر ناوی دەستاودەست کردنی دەسەڵات لە لایەن خەڵکەوە بناغەی دیکتاتۆریەتەکەیان قایم دەکەنەوە. سەرەرای ئەوەی ئەو کەسانەش کە خۆیان کاندید دەکەن هەر دەست و پێوەندانی خۆیانن، لەوێشدا دیسان ئەو کەسانەی کە کەمتر بەشداری جینایات و گەندەڵیەکانی ئەو رژیمەیان کردبێت، بەجۆرێک لە جۆرەکان دور دەخرێنەوە و کەسانی نزیکتر لەخۆیان مەیدانیان بۆ واڵاتر دەکرێت. ئەوانیش پێش وەرێ خستنی شانۆکە بەوتنەوەی کۆمەڵێک دروشمی زریقەدار و بەڵێنی درۆینە بۆ بردنە پای سەندوقەکانی دەنگدان خەڵکی فریو دەدەن، ئەوەش تەنیاو تەنیا بۆ فریودانی وڵاتان و خۆپیشاندان وەک وڵاتێکی خاوەن دیموکراسی و سەردەمیانە، لەکاتێکدا کە هیچ لایەنێکی ئەو هەڵبژاردنانە دیموکراسی تێدا پەیرەو ناکرێت و بەپێی بنەماکانی ئازادی نیە.
دامەزراوەو رێکخراوەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤیش لەو وڵاتەدا بەجێی تێکۆشان لەپێناو مافەکانی مرۆڤ، هەوڵ ئەدەن بۆ داپۆشین و پەردەپۆش کردنی تاوان و جینایەتەکانی سەرانی ئەو رژیمە گەندەڵ و خوێن رێژە.
هیچ کام لە چین و توێژەکانی ئەو وڵاتە لەژێر دەسەڵاتی ئاخونداندا ناتوانن داوای مافەکانیان بکەن و بۆیان تێبکۆشن، و لەحاند نەبون و پێشێلکردنی مافەکانیان، سەرکوت و زەبرو چەوساندنەوە دەکرێت بە خەڵاتیان.
وڵاتی ئێران خاوەنی چەندین نەتەوەو ئاین و مەزهەبی جیاوازە و ستەمی نەتەوەیی و ئایینی لە رەهەندە سەرەکیەکانی نەبوونی ئازادی و دیموکراسیە لە نیزامی ئاخوندیدا و لەسایەی بونی دەسەڵاتی ئاخوندانی حاکم لەو وڵاتەدا هیچ مافێکیان بۆ لەنەزەر نەگیراوەو کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان لە شوێنە دیارەکانی بەرێوەبەری و باڵادا جێدەستیان نیە بەهۆی رێگەنەدان.
ئەوە ماوەی چل ساڵە خەڵک لەو وڵاتەدا لەگەڵ زوڵم و زۆر و سەرکوت روبەرون و سەرەرای نەبونی حەق وماف، لەو وڵاتەدا هەموو شتێک بەلایەنی خراپییەوە هەیە و دەبینرێت جگە لە نەبونی دیموکراسی کارکردن بەپێی بنەماکانی و نەبوون و پێشیلکردنی ئازادییە تاک و کۆمەڵەکان لە سەرووی کار و بەرهەمی مانەوەی دەسەڵاتی ئاخوندی لە وەلاتی ئێراندا بووە.