سەروەری گەل شەهید عەبدوڵا ئەحمەد پوور
لەمەودای خەباتی خوێناوی وراپەڕینی دریژ خایەنی گەلە بە شخوراوەکەماندا تابڕوین دەبینین ودەبیستین ، مێشک ـ ئەو مێشکانەی خەریکن بە بیرکردنەدوە لە رێبازی وەدەست هێنانی ئازادیدا زیاتر دەپڕژێن، خوێن ــ ئەو خوێنانەی کە روون کەرەوەی رێگای پڕ لە هەڵدێر ولێژوهەوراز نشێوی شۆڕشن زیاتر دەڕژێن ، جا هەر بەو پێیە دەڕوانینە ڕابردوو وئێستای سازمانەکەمان کە یەکێک لە هیواکانی خەڵکی کوردە بۆ ڕزگاری لە ژێر باری ستەمی چەند قاتی نەتەوایەتی ومەزهەبی وئابووری وسیاسی
شەهید عەبدوڵای ئەحمەد پوور کوڕی شامحەممەد لە ساڵی (1353) لە گەڕەکی خواروی شاری بانە لەدایک بوو ، لە شەش ساڵیدا نێڕدرایە بەر خوێندن ودەورەی ڕاهنمایی بە سەرکەوتوویی تەواو کرد ولە ساڵی (1366)دا جاری یەکەم هاتە ڕیزەکانی سازمانەوەو دوای ڕوون کردنەوەی نێردرایەوە بۆ ناو شارو کاری تەبلیغی و تەشکیلاتی پێ سپێڕدرا. لە بەهاری ساڵی(1370)دوای ئەوەی ئاشکرا بوو چی تر نەیتوانی لەناو خۆدا کار بکات وهاتە ریزی پێشمەرگایەتی ودوای تەواو کردنی دەورەی نیزامی وپێشمەرگایەتی وەک کادری سیاسی لە مەڵبەندی یەکی سازماندا کاری پێ سپێڕدرا . کاک عەبدوڵا لە بەر دڵسۆزی بۆ سازمان وئیمانی پتەوی بە موبارزە پلەکانی بەر پرسیارەتی یەک لە دوای یەک دەخرایە ئەستۆ لە هەر ئەرکێکی نوێ دا لێ وەشاوەیی وکارزانی خۆی نیشان دەدا. لە مەیدانی کاری نیزامی دا کاک عەبدوڵا قارەمانێکی کەم وێنەی ڕوو بەڕوو بوونەوە لە گەڵ هێزەکانی دوژمن بوو. وە لە زۆر عەمەلیاتی گەورە دا بەشداری بەر چاوی هەبوو شەهید عەبدوڵا لە هاوینی ساڵی 1375دا بە دوای گیرانی کۆنفرانسی گەورەی سازمان بە مشاوەری کومیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا ولەو پلەیەشدا کاک عەبدوڵا پاکی ول ێهاتوویی خۆی بۆ هەڤاڵان وسازمان دەرخست هەروەها کاک عەبدوڵا کادرێکی لێوەشاوەی دەنگی خەبات بوو. ئەرکی قورسی بێژەری ئەنجام دەدا . لە ساڵی 1377 داو لە کۆنفرانسی بەرینی سازماندا وەک ئەندامی کومیتەی ناوەندی سازمان لە لایاەن زۆرینەی ئەندامانی کۆنفرانسەوە هەڵبژێردرا . کاک عەبدوڵا لە دوای هەڵبژاردنی بە ئەندامی کومیتەی ناوەندی ، ئەندامیەتی لە بەشی گشتی پەیوندییەکانی سازمان پێ سپێردرا ولەو ئەرکەشدا لێوەشاوەیی خۆی بە هەڤالان و دۆستانی نیشاندا. زۆر بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا تا ئەو هەڤاڵە بەنرخە زیاتر خزمەت بە گەل وسازمانی خەبات بکاو بە داخێکی گرانەوە لە شەوی (12/ڕێبەندان/1377)دا بە هۆی کارەساتێکی دڵتەزێنەوە گەیشتە دەرەجەی شەهادەت وئەرکی موبارەزی بۆ هەڤالانی بە جێهێشت. هەزاران سڵاو لە گیانی کاک عەبدوڵا ئەحمەد پوور وسەرجەم شەهیدانی سازمانی خەبات ووگشت شەهیدانی رێگەی خەبات وئازادی .
یادی سەروەری گەل شەهید کاک رەحمان قادری
شۆڕشی ئازادی خوازان و رزگاری دەری کوردستانی کوێستان وەک هەموو کوردستانەکانی تر بە هۆی بێدادی داگیرکەرانەوە شوڕشێکی خوێناوی بووە. کاتێک کە بێگانە چاوچنۆکەکانی دراوسێی کوردستان دەست لە داگیرکەری هەڵناگرن لە بەرانبەر موبارزەی سیاسی وداوای رەوای کوردا بە هێز وئاگرو چەک وزیندان وئەشکەنجەدان وڵام دەدەنەوە و هیچ جۆرە ویژدانی ئینسانی لە بەر چاو ناگرن لە گەل ئەوەدا کە ئینسانن وخۆ بە موسلمان وبرای دینی میللەتی کورد دادەنێن. ئایا بۆ گەلی کورد چارەیەکی تر هەیە بێجگە لەوەی کە بەرانبەر زۆردا، زۆر بەکار بێنێ؟ وەک بە چەک وکوشت وبڕۆ و زیندان هەوڵی سەرکوت کردنی دەدرێ، ئەویش بە چەک دیفاع لە خۆی بکا؟ ئایا دەکرێ بۆ میللەتی ستەم دیتوو رەنج کێشاو حەق فەوتاوی وەک گەلی کورد رەوایە کە دەست لە داوای رەوای خۆی هەڵگرێ یان لە بەرانبەر داوای رەوای دا ئەو هەمۆ کوشت وبڕۆ و زیندان وئەشکەنجە هەڵگرێ وددان بە جەرگی خۆی دا بگرێ وناوی بنێ ئاشتیخوازی و دوورە شەڕی .
قارەمان وفەرماندەی لێهاتوو کاک رەحمان قادری لە ساڵی (1343)لە گوندی تاژەبان لە ناوچەی بانە لە دایک بوو. هەر لە سەرەتای مێر منداڵییەوە توشی کۆسپ وکاری سەخت هاتووە وئەرکی قورسی جوتیاری لە ئەستۆ گرتووە، بە دوای رووخانی رژێمی پاشایەتی وداگیر کردنی بەرهەمی ڕەنجی جەماوەری ئێران لە لایان ئاخوندانەوەو دامەزراندنی حکومەتی نامەشروعیان وهێرش بۆ سەر کوردستان ، کاک رەحمان خولیای موبارزەو بەرەنگاری لە بەرانبەر دوژمنی داگیرکەر چووە بیرو مێشکیەوە، هەر بۆیە لە هاوینی ساڵی (1361)دا هاتە ڕیزی پێشمەرگایەتی سازمانی خەباتەوە . دوای تەواو کردنی دەرسە سەرەتاییەکانی ، چەکی دیفاع لە نیشتمان وخزمەت بە کوردی لە شان کرد . کاک رەحمان رۆڵەیکی تێکۆشەرو ماندوویی نەناس بوو، لە ناو هەڤاڵاندا رێزی بۆدادەنرا. لە رووبەروو بوونەوە دەگەڵ هێزە کانی دوژمندا لە خۆبوردوو بە جەرگ بوو لە زۆربەی جەنگەکانی سازمانی خەبات بەرنبەر بە هێزی داگیرکەری ئاخوندان دا ئازایەتی و هەڵمەتی دەنواند. هەرچەند کاک رەحمان خوێندەواری نەبوو . لە ماوەی چەند ساڵی پێشمەرگایەتی زۆر بەی کتێبە مێژوویەکانی کوردی خوێندەوە وئاگادارییەکی باشی لە سەر شۆڕش و ڕابردووی نەتەوەکەی پەیدا کردبوو، ئەو ئاگادارییە لە شۆڕشی کورد ببوە هۆی ئەوەی کە کاک رەحمان لە کۆر٠Žی هەڤاڵاندا باس لە کەم وکوریەکان وخاڵە لاوازەکانی شۆڕشە کانی ڕابردووی کورد لە کوردستانی ئێران بکا. کاک رەحمان باوەری بە دژایەتی رژێمی ئاخوندی تا رووخانی یەکجاری هەبوو هەر ئەو بە ئیمانی و سوور بوونەوەی ببوە هۆی ئەوەی کە دەستگا ئەمنیەتیەکانی رژێم زۆرجار هەوڵیان بۆ ترۆر کردنی دەدا.کاک رەحمان قادری فەرماندەیەکی لێوەشاوەی سازمانی خەبات بوو شارەزای زۆربەی ناوچەکانی کوردستان بوو جیاواز لە کاری نیزامی لە بواری سیاسیشدا لێوەشاوەیی خۆی نیشان دابوو. هەر بۆیە لە هەڵبژاردنەکاندا بەردەوام دەنگی زۆرینەی متمانەیی پێدەدرا و بوو بە مشاوری کومیتەی ناوەندی وئەندامی پەیوەندییە گشتییەکانی سازمانی خەبات هەزار داخ کە مەرگ مەودای نەدا ئەو ڕۆڵە تێکۆشەر ئەو فەرماندە لێهاتوەی سازمانی خەبات وگەلی کورد تا زیاتر خزمەت بە ئامانجەکانی نەتەوەکەی ونیشتمانەکەی بکا ولە شەوی(12/11/1377)دا لە کارەساتێکی دڵتەزێن دالە گەڵ دوو هاوڕی٠ی دیکەی بە ناوەکانی عەبدوڵائەحمەدپوور وعەلی ئەشرەفی مورادی گیانیان فیدای ئامانجە رەواکانی کوردو سازمانی خەبات کرد وچەکی خۆڕاگری وبەرەنگاریان بۆ هەڤاڵان بە دیاری بە جێ هێشت.
((هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی بێت ))
بە پێنووسی: کاک بابەشێخی حسینی