عەلی بارامی
بانە وەک بە ناوەکەیەدا دیارە یانی هەڵکەوتوو له بەرزی و بان، شارێکی بە ژمارە بچووک بەڵام ورە و خۆراگری و شەهامەت و قارەمانیەکەی بەرزتر و گەورەترە لە شاخەسەرکەشەکانی دەورووبەری. بانەییەکان بەهۆی هەڵکەوتەی تایبەتی شارەکەیان لەنێو کوێستان و شاخەبەرز و دارستانە چڕو پڕەکانی، خاوەن هەستی ملنەدان و خۆراگری و مقاومەت و ژیان بە سەربەرزین.
خەڵکێکی خوێنگەرم و میواندار، کە هەر لە هەرەتی منداڵیەوە لەگەڵ دەرد و رەنج و مەینەتی جۆراوجۆر دەست و پەنجە لێدەدەن و لە ژیاندا گەلێک بەردی سارد و گەرم دێتە رێیان و ئەوەش وایان لێدەکات خەڵکێکی خاوەن تایبەتمەندی بەرز و مەردانە بن.
بانەییەکان ناتوانن بە هەموو شتێک بڵێن بەڵێ و مل بدەن بەتایبەت داگیرکراوی و دەردی ژێردەستی بەلایانەوە لە هەموو دەرێک بە ئازارترە و ئەوەش وای لێکردوون لەبەرامبەر دیکتاتۆر و داگیرکەراندا زۆرترین وشەی "نا" یان هەبێ. بۆیە گەر مێژووی شۆرشی نەتەوەیی کورد هەڵدەینەوە دەوریی بانە و بانەییەکان زۆر دیار و بەرچاو دەبینین.
لە کۆمەڵەی ژێکاف و کۆماری کوردستان و بزوتنەوەکانی دوای ئەوانیش دەوریی بانەییەکان زۆر دیار و بەرچاوە، لە کاتی کۆماری کوردستاندا گەورە ژنراڵی کۆمار حەمە رەشی خانی بانە وێردی سەر زمانی خاس و عامی کوردستان بوو ئەو ژنراڵەی لە پێناو پاراستنی کۆمار و خاکی کوردستان لە هیچ هەوڵێک درێغی نەکرد. لەشکری بانەییەکان لە دژایەتی هێزی داگیرکەری شا و دەست و پێوەندەکانیان داستانی ئەوندە زۆر و زەوەندیان تۆمار کردووە کە ئازایەتی و چاونەترسیان هەتا ئێستاش باسی نێو مەجلیس و شەو چلەکانە.
لە کاتی راپەرینی خەڵکی ئێران دژ بە رژیمی شا، شاری بانە و بانەییەکان شۆرشیان لە هەموو شوێن و ناوچەیەکی دیکەی کوردستان و ئێران بەناو و دەنگتر بوو، بانەییەکان بە پێشەنگایەتی مامۆستا شێخ جەلال بانەیان کردبووە ناوەندێکی گرینگ و کاریگەری راپەرینی جەماوەری و خەباتی خەڵکی بانە بۆ روخانی رژیمی شا ببووە نمونە و رەمز بۆ شار و ناوچەکانی دیکەی کوردستان و هەوڵ و هیمەتی بانەییەکان لە چوارگۆشەی ئێراندا دەنگی دابوویەوە.
لە دوای هاتنەسەرکاری رژیمی خومەینی خوێنمژ و هێرش و پەلاماری هێزەکانی رژیم بۆسەر کوردستان، بانەییەکان زۆرترین داستانی بەرنگاریان تۆمار کرد، گەورەترین جەنگەکانی ساڵی 1358 لە ناوچەی بانە و بەشان و پیل و خوێنی بانەییەکان تۆمارکرا، نمونەی هەرە دیاری ئەو شاجەنگانە، جەنگی 10ی خەزەڵوەری 1358 کە لە پێچەکانی کەوپێچەوە هەتا دەروازەی شاری بانە، هێزی پێشمەرگەی سازمانی خەبات هێزێکی زۆر و تا ددان پۆشتەی رژیمی خومەینیان بە تەواوی تەفروتوونا کرد و داخێکی گەورەیان نا سەردڵی دەسەڵاتدارانی تازەی ئێران. لە دوای داگیرکردنەوەی کوردستان لەلایەن هێزەکانی رژیمەوە، بانەییەکان زۆرترین زەربەی گورچوبریان لەو هێزانە دا، وەک دەڵێن پێشمەرگەکانی بانە کونەمشکیان لە پاسدارانی رژیم کردبووە قەیسەری.
خەڵکی شاری بانە لەماوەی ساڵانی رابردوودا لە هەر هەلێک کەلێکیان وەرگرتووە بۆ راپەرین و نارەزایەتی دژ بە رژیمی دیکتاتۆر و داگیرکەری ئێران. بەتایبەت لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا راپەرین و نارەزایەتی بانەییەکان وێردی سەر زاران بووەو کەم رۆژ بووە سەردێری رۆژنامە و ماڵپەرەکانی پێ نەرازێتەوە.
بانەییەکان یەکدەست و یەکگرتوو لە نارەزایەتی بە سیاسەتی داخستنی سنوورەکان و قڕکردنی خەڵکی کوردستان لەلایەن رژیمی دژە کوردی ئاخوندانەوە، 25 رۆژ مانگرتنی کەم وێنەیان بەرێوەبرد و وێکرا دووکان و بازاریان داخستوو و داوای کردنەوەی سنوورەکان و کەمکردنەوەی گومرک و بەربەستەکانی دیکە بۆ هاوردە و گواستنەوەی کەل و پەل لەو سنوورانەیان دەکرد. ئەو مانگرتنە بەشکۆیەی شاری بانە لە ماوەی دەسەڵاتی 40 ساڵەی ئاخوندان زۆر گەورە و کەم وێنە بوو، کە بانەییەکان بەو هەنگاوەیان داستانێکی دیکەیان قارەمانانەی دیکەیان بە مێژووی پر سەروەری خۆیان زیاد کرد بەوەش هێندەی دیکە ئازیز و قەدر گران بوون لەکن خەڵکی شارەکانی دیکەی کوردستان و ئێران. دەرد و رەنج هەر چەند زۆر بێ قارەمانی و جوانمێری زیاتر لە بانەییەکان دەبیندرێ و تا دێ بانە زیاتر و زیاتر دەبێتە مەکۆی سەرهەڵدان و خۆراگری و بەرنگاربوونەوەی داگیرکاری و بڵێسەی گڕی خەبات و رزگاری کوردستان لە بانەوە لێدەدرێ و بانەییەکان دەبنەوە نمونەی ئازادیخوازی و مافویستی.
ماوە بڵێم بانە شارێکی بچووک بەڵام بەرز و خۆراگر و قارەمان بۆ هەمیشە ناوی بە بەرزی یاد دەکرێتەوە.
سڵاو لە قارەمانی و خۆراگری خەڵکی پێشرەو و پێشەنگی شاری بانە "قەڵای مێرخاسان".