عەلی بارامی
لە دوای ئاشکرا بوونی بەرنامەی ناوکەیی رژیمی ئێران لەلایەن شۆرای ملی مقاومەتی ئێران لە ساڵی 2002، کۆمەڵێک فشاری سیاسی و ئابووری لەلایەن کۆمەڵگەی نێ
عەلی بارامی
لە دوای ئاشکرا بوونی بەرنامەی ناوکەیی رژیمی ئێران لەلایەن شۆرای ملی مقاومەتی ئێران لە ساڵی 2002، کۆمەڵێک فشاری سیاسی و ئابووری لەلایەن کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی رژیمی ئێرانی تووشی هەراسانی و شەکەتی کرد و ناچاری کرد بچێتە سەر مێزی وتووێژ و بەخۆبەدەستەوەدان و وازهێنان لە بەرنامەی ناوکەیی لەبەرامبەردا وەرگرتنی کۆمەڵێک ئیمتیاز و بەرتیل لەلایەن دەوڵەتی ئوباما، رێکەوتنی ناوکەیی لەنێوان 6 وەڵاتی زلهێزی دونیا ناسراو بە وەڵاتانی (5+1) لەگەڵ رژیمی ئێران سەری گرت. بە واژۆ کردنی ئەو رێکەوتنە و وەرگرتنی پووڵ و پارەیەکی زۆر (ملیارێک و 700 ملوێن دولار) و هەڵگرتنی ئابڵوقەکان، رژیمی ئێران پشوویەکی هاتەوەبەر، بەڵام ئەو رژیمە بەجێی چاکسازی لە سیستەمی ئابووری و پێداچوونەوەو چارەسەری قەیرانە دارایی و ئابوورییەکانی خەڵک، ئەو داهاتوو و پووڵانەشی لەلایەن ئەمریکاوە پێی گەیشت خەرجی خراپکاری لە وەڵاتان و پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەکی خۆی کرد، و لەو داهاتانەی وەدەستی دێنا هیچ خێر و بێرێکی بۆ خەڵکی ئێران نەبوو و دۆخی خەڵک رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو خراپتر دەچوو.
بەهاتنەسەرکاری دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ، سیاسەتی ئەمریکا لەبارەی رژیمی ئێرانەوە گۆرانی بنچینەیی بەسەردا هات، دۆناڵد ترامپ وێرای رەخنەی زۆری لە رێکەوتنی ناوکەیی لەگەڵ رژیم، تاقی کردنەوەی مووشەکی، دەستێوەردانی رژیمی ئێران لە کاروباری وەڵاتان و بشێویی و کردنەوەی خراپکارانەی رژیم و دەستوپێوەندەکانی بەتایبەت لە لوبنان، سوریە، عێراق و یەمەن، هەروەها مەترسیەکانی رژیم بۆ قازانجەکانی ئەمریکا و دۆستەکانی لەناوچەکە بوونە مژار و باسی سەرەکی دەوڵەتی نوێ و بە چری لەسەر ئەو بابەتانە پێداگریان دەکردەوەو پەرەسەندنی چالاکیە خراپەکانی رژیمیان بە هۆی رێکەوتنی ناوکەییەوە دەزانی، بۆیە دۆناڵد ترامپ لە دوای ئەوەی دووجار کاتی دیاری کرد بۆ چارەسەری کەموکوریەکانی رێکەوتنی ناوکەیی و بەستنەوەی بابەتەکانی دیکە بەو رێکەوتنە، و لەدوای بێ ئاکام بوونی چاوەروانیەکان، دۆناڵد ترامپ 18ی بانەمەر بە پێداگری لەسەر ئەوەی کە بەرجام "نە ئارامی هێنا و نە ئاشتی" و رژیمی ئێران لە دوای بەرجام پەرەی بە بەرنامەی مووشەکی بالستیکی داوە و بەردەوام بووە لە پشتیوانی کردن لە تیرۆریزم، کشانەوەی ئەمریکای لە رێکەوتنی ناوکەیی لەگەڵ ئەو رژیمە راگەیاند.
بێ گوومان لە دوای پەیامەکەی دۆناڵد ترامپ و گەرانەوەی گەمارۆکانی سەر رژیم و سەپاندنی گەمارۆی زیاتر و کاریگەرتر لەلایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە رژیمی ئێران بەرەو دۆخێکی زۆر خراپتر لە ساڵی 2015 دەباتەوە کە رژیم لەژێر فشاری ئەو گەمارۆیاندا ملی دا بە رێکەوتنی ناوکەیی.
بەڵام بۆ رژیمی ئێران لە ئێستادا کێشە تەنیا کشانەوەی ئەمریکا لە رێکەوتنەکە و بەجۆرێک کۆتایی ئەو رێکەوتنە نیە، بەڵکوو لەگەڵ ئەوانەدا کێشەی سەرەکی رژیم لەناوخۆی ئێرانە، ئێرانێک خەڵکەکەی ماندوو بوون بەدەست دەسەڵاتی گەندەڵ و دیکتاتۆری ئاخوندانەوە، خەڵکی ئێران لە مانگی بەفرانبارەوە شەپۆلێک راپەرین و نارەزایەتی بەرینیان دەست پێکردووە کە لە قۆناغی یەکەمدا زیاتر لە 120 شاری گرتەوە و تا ئێستاش ئەو راپەرین و نارەزایەتیانە بەشێوەیەکی بەربڵاو لە شار و ناوچەکانی ئێران و لەوانە کوردستان درێژەی هەیە و خەڵکی ئێران لە هەر هەڵ و دەرفەتێک دەگەرێن و بۆ راپەرین و کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتداریی ئاخوندان.
خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران بەو نەتیجەو ئاکامە گەیشتوون کە چ رێکەوتن بکرێ و چ گەمارۆکان دژ بە رژیم کارا بکرێن دۆخی ئەوان هەر ئەوەیە کە هەیە و ئەگەر خراپتر نەبێ چاکتر نابێ، چوونکە دەسەڵاتی ئێستای ئێران لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا ناوەرۆکی گەندەڵی بەتەواوی بۆ خەڵک ئاشکرا بووە، رژیمێک بە تێکرای باڵەکانیەوە خەریکی دزی و راو رووتی داهات و سەرمایەی خەڵکن و لەبەر دزی و گیرفان پر کردنی خۆیان و پێشبرکێ کردنیان لەو بارە، لە چارەسەر کردنی قەیرانە ئابووری و دراراییەکانی خەڵک بێ توانان و ئەو راستیە بۆ جەماوەری هەژار و بێ دەرەتانی ئێران روونە کە ئەگەر لە ئاسمانیش زێر ببارێ هیچی وەبەر خەڵک ناکەوێ و دەسەڵاتداران لە نێوان خۆیاندا دابەشی دەکەن. بۆیە دروشم و شیعاری خەڵکی نارازی و راپەریوی ئێران رووخانی رژیمی ئێران بە تێکرای رەوت، باڵ و باندەکانیەوەیەتی.
بەم پێ یە رژیمی ئێران درچوونی لەم دۆخە زۆر حەستەم و مەحاڵە، چوونکە گەر مل بە رێکەوتنێکی گشتی بەو جۆرەی دۆناڵد ترامپ دەیهەوێ، یانی رژیمی ئێران بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە خەونی بە ئەتۆمی بوون بکات، واز لە بەرنامەی مووشەکی بالستیکی خۆی بێنێ، واز بێنێ لە دەستێوەردان لە وەڵاتان و پشتیوانی تیرۆریزم، دیسان بابەتی ناوخۆی ئێران شتێکە کە بۆ رژیم چارەسەر ناکرێ و لە ئەگەر خۆبەدەستەوەدانی یەکجاری رژیم بە ئەمریکا، ئەوکاتیش خەڵک متمانەی ئەوەی پێناکەن بتوانێ چارەسەری ئەو هەموو قەیرانە بکات کە داوێنی جەماوەری گرتووە، چوونکە پێکهاتەی ئەو رژیمە فاسد و گەندەڵە و دیاردەی گەندەڵی لە هەموو ئورگان و ناوەند و دامەزراوەیەکی دا ریشاژۆ بووەو بۆیە لە تاوانای دا نیە چارەسەری دەیان قەیرانی جۆراوجۆری خەڵکی ئێران بکات. هەر بۆیە ئەوەی چاوەروان دەکرێ ئەوەیە کە راپەرینەکان لە شارەکانی ئێران درێژە بکێشێ و لەگەڵ فشارە نێونەتەوەییەکان دەست بداتە دەستی یەک و پایەو دیواری کۆشکی ئیستبدادی دینی لە ئێران داروخێنێ.