رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە رامین حوسێن پەناهی، بەندکراوی سیاسیی کوردی مەحکووم بە سێدارە لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە رامین حوسێن پەناهی، بەندکراوی سیاسیی کوردی مەحکووم بە سێدارە لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە، لەمەڕ ئەگەری لەسێدارەدانی ئەو بەندکراوە سیاسیە وریایی دا. بەپێی راگەیندراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی کە ئاماژە بە وتەی پارێزەری ئەو بەندکراوە سیاسییە کراوە، حوکمی رامین لەلایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە پشتراست کراوەتەوە و رەوانەی دەفتەری جێبەجێ کردنی حوکمەکانی بەندیخانەی سنە کراوە و بڕیارە پاش کۆتایی هاتنی مانگی رەمەزان جێبەجێ بکرێ. پارێزەری ئەو بەندکراوە سیاسییە رۆژی ١٧ی مانگی مەی ٢٧ی بانەمەڕ رایگەیاندبوو کە دۆسیەی رامین رەوانەی دەفتەری جێبەجێ کردنی حوکمەکان لە بەندیخانەی شاری سنە کراوە. بەرپرسانی بەندیخانەی شاری سنە رۆژی ٢٩ی بانەمەڕ بەو زیندانییە سیاسییە کوردەیان راگەیاندبوو کە ناوبراوە دوای مانگی رەمەزان کە لە ٢٤ی جۆزەردان کۆتایی دێ، لەسێدارە ئەدرێ. بڕیار بوو کە حوکمی ئەو بەندکراوە سیاسیە ١٣ی مانگی بانەمەڕ بەڕێوە بچی، بەڵام بە هۆکارگەلێک کە بەرپرسانی دەزگای قەزایی ئاماژەیان پێنەکردووە، وەدوا کەوت. لێبوردنی نێونەتەوەیی هۆکاری دواکەوتنی ئەو حوکمەی بۆ ناڕەزایەتیی گشتی و رێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤی گەڕاندۆتەوە. ئەو رێکخراوەیە راشیگەیاندووە کە رامین حوسیە پەناهی لە رەوتێکی بە تەواوەتی ناعادڵانەدا حوکمی لەسێدارەدرانی بەسەردا سەپێندراوە و بۆیە دەبێ ئەو حەکمە هەڵبوەشیەدرێتەوە. رامین حوسێن پەناهی رێکەوتی ٢ی پووشپەڕی ٢٧١٧ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و رێکەوتی ٥ی رێبەندان کە تەنیا یەکجار دادگایی کرابوو، لەلایەن لقی ١ی دادگای رژیم لە شاری سنەوە حوکمی لەسێدارە درانی بۆ بڕایەوە.