لەدوای گۆڕانکاریەکانی ئەم دواییانە و هەڵوێستی لێبڕاوانەی ئەمریکا سەبارەت بە سەرکێشیەکانی ڕژیمی تاران، سەرنجەکان خراونەتە سەر سوپای پاسداران و کلک و ئاڵقەکانی.
لەدوای گۆڕانکاریەکانی ئەم دواییانە و هەڵوێستی لێبڕاوانەی ئەمریکا سەبارەت بە سەرکێشیەکانی ڕژیمی تاران، سەرنجەکان خراونەتە سەر سوپای پاسداران و کلک و ئاڵقەکانی.
سوپای ناوزڕاوی پاسداران کە مێژووی دامەزرانەکەی نزیکە لە پێهەڵگرتنی نیزامی دیکتاتۆری ئاخوندی و لە ئامانجدا بۆ پارێزگاری و هێشتنەوەی ئەو دەسەڵاتە پێکهات، خاوەن ڕۆڵێکی گرینگی ئابووری و تەناهیە لە ئێران.
سوپای ناوزڕاوی پاسداران هێزێکی نیزامیە کە هەر لە دەسپێکی هێرش و سەرکوتی گەلانی ئازادیخوازی ئێران، بە فەرمانی خومەینی لەساڵی 1357دامەزرا. لە دووی خاکەلێوەی 1358ی هەتاوی ،خومەینی لەفەرمانێکدا بۆ "شۆڕای شۆڕشی ئیسلامی" بەفەڕمی دامەزرانی ئەم هێزە سەرکوتگەرەی ڕاگەیاند و ئەو شۆڕا لەگەڵ بونیادی سوپا و قایم کردنی پێگەیان، بەم کەرەستە پلانی سڕینەوەی ئازادی و ئازادخوازانیان خستە باری کردار.
پێکهاتەی سوپای ترۆریستیی پاسداران بە جۆرێکە کە خاوەن فەرماندەیی گشتیە و لەدووی وی جێگر یان قاییم مقام هەیە و هەموویان بەشێوەیێک پێوەند دەدرێنەوە بە فەرماندەیی گشتیەوە. فەرماندەی سوپا لە لایەن ولی فەقێ دادەنرێ و تەنیا لەژێر دەسەڵاتی ڕەهای خامەنەیدا دەمێنێتەوە.
سوپای ناوزڕاوی پاسداران، پێنج لق و بەشی لێدەبێتەوە و هەر کامێکیان بەیەک ئارمانج لەپێناو هێشتنەوەی نزامی ئاخوندی کار دەکەن.
بەشەکانی سوپا پێک دێت لە :
1- هێزی زەوینی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی
2- هێزی هەوایی سوپای پاسداران
3- هێزی دەریاوانی سوپای پاسداران
4- هێزی خۆڕاگریی سوپا واتە ( بەسیج)
5- هێزی بەدناوی قودس.
هاووکات یەکەی هاووبەش لێپرسراوی هاووئاهەنگی و فەرماندەیی پێنج هێزەکەی بن باڵی سوپای پاسدارانی لەئەستۆیە.
نیزامی ئاخوندی کە بۆ مانەوە پشتی بە سوپا و پەڕو پۆکانی بەستووە، لە ڕەوتی ڕۆژ و بە پێی بارودۆخ، سوپای بەکار هێناوە و بە پێی بەرژەوەندی سوپا و ژێر مەجموعەکانی ڕێک خستووە. لەگەڵ سەرکوت و هێرشی بەرین بۆ سەر جیابیران و ئازادی خوازانی سەرانسەری لە ئێران، لە کوشت و کوشتاری خەڵکی کوردستان درێغی نەکردوە. لە کاتی شەڕی پێشمەرگە و هێزی داگیرگەر ودڕندەی ڕژیم، سوپای پاسداران لەکوردستان بەردران و سەدان کەسیان شەهید کرد و هەزارانیان بریندار کرد. کارەساتی کوشتنی خەڵکی گوندیانی سەوزە و سۆفیان و قەڵاتان و قاڕنێیان بەسەر کورد هێنا و سەدان لاوی نەڕەسیویشیان بە بێ دادگایی ئێعدام کرد.
دواتر و لە جەرەیانی پاشەکشێی هێزی پێشمەرگە بۆ باشوور، هێزی بروون مەرزی قودسی ترۆریست، سەدان پێشمەرگە و کادر و ئەندام و دۆستی جووڵانەوەی ترۆر کرد.
سوپای قودسی ژێر باڵی سوپای پاسداران، ئەرکی ترۆر و ڕەشەکوژی ئازادیخوازان و نەیارانی ڕژیمی لەتاراوگە و دەورووبەر لە ئەستۆیە و هاووکات لێپرسراوی نانەنەوەی ئاڵۆزی و کوشتارە لە دەرەوەی سنوورەکان، بەناوی دیفاع و بەرگرتن لە پەڕینەوەی ئاڵۆزی وشۆڕش بۆ ئێران و دیفاع لەشوێنە پیرۆزەکان.
ئێستا کە بارودۆخی ڕژیم شپڕێو وشڕە و ئاڵۆزی و ڕابوون نێوخۆی گرتۆتەوە و لەدەرەوەش کەوتۆتە بەر شاڵاوی ئابڵوقە و گۆشەگیری، ڕژیم لەهێزی سەرکوتگەری سوپای پاسداران وەک هۆکارێکی فریاد ڕەس کەڵک وەردەگرێت.
دامرکانەوەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی خەڵکی ئێرانی زیاتر خستۆتە ئەستۆی سوپا و لە ساڵی 1388وە کە ئاقار و خواستی خۆپیشاندان لە داوای سینفیەوە گۆڕدرا بۆ داوخوازی دیکە ، نەخش و ڕۆڵی سوپا لە سەرکوت و مەهاری ڕابوون و ناڕەزایەتیدا زیاتر لەجاران خۆی دەرخست. ئێستا کە تەزاهورات بە شێوەی ڕۆژانەیە و لەماوەی ئەم چەند مانگەدا شاهێدی چەندین جووڵەین، خەڵکێکی زۆر لەبەند کراوون و لەپێوەند بە نەهێشتنی دەنگی ناڕازی، ڕژیم بە سوپاکەیەوە گەلێک سنوورو وهێڵی بەزاندووە کە لەگەڵ کاردانەوەی جیهانی بەرەوڕوو بووە.
سوپا وەک کۆڵەکەی ڕژیمی وەلی فەقێ، جیا لە ئەرکداری سەرکوت و دابین کردنی تەناهی دەسەڵات، هێزێکی ئابووری زەبەلاحە و بە خاوەنی سەرمایەی ئێران ئەژمار دەکرێت. لەپێوەند بە چەک و چۆل و موشەکی بالستیک قسەی یەکەم دەکا و لە دابین کردنی تێچووەکانی گشت پڕۆژە نیزامی و ترۆریستیەکان بەرپرسیارە.
بۆ بەرتەسک کردنەوەی چالاکی ڕژیم و سنووردانان بۆ سوپای ترۆریستی ئاخوندی، لەنوێترین سزای ئابووری و ئابڵوقە، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا 5 کەسی لەسەران و پێوەندیداران بە سوپا خستە لیستی گەمارۆکانەوە.
لەبەر پشتیوانی ماڵی و لۆجەستەگی سوپای قودس بۆ حوسیەکانی یەمەن و حیزب اڵلە و توندڕەوەکانی عێراق و سوریە و ناووچە، ئەمریکا کردەوەی ئەم لایەنەی خستۆتەبەر سەرنج و لە بەکارهێنانی سزاکان لەدژی خۆ نابوێرێت. بە گەمارۆ و بەترۆریست ناساندنی سوپای پاسداران و لق و بەشەکانی، ڕاستەوخۆ شاڕەگی ڕژیم کراوەتە ئامانج و لاواز کردن و لێدانی بەواتای ڕووخانی ڕژیم دێت.