عەلی بارامی
لە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێکەوتنی ناوکەیی لەگەڵ رژیمی ئێران، رژیم هەوڵی تەواوی دا کە لانی کەم ئوروپا پێبەندی رێکەوتنەکە بێ و تەزمینی ئەوە بکات
عەلی بارامی
لە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێکەوتنی ناوکەیی لەگەڵ رژیمی ئێران، رژیم هەوڵی تەواوی دا کە لانی کەم ئوروپا پێبەندی رێکەوتنەکە بێ و تەزمینی ئەوە بکات کە رێکەوتنەکە لەجێی خۆیدا دەەمێنێ و رێگە بەوە نادرێ فشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر رژیم کاریگەری دروست بکات، بەڵام هەر زوو ئەو خەیاڵەی رژیم بووە بڵقی سەر ئاو و کۆمپانیا و شیرکەتە ئوروپاییەکان یەک لە دوای یەک کشانەوەو وازهێنانی خۆیان لە کارکردن لە ئێران راگەیاند. هاوکات روسیەش زۆر بە حەزەرەوە لەو بارەوە هەڵسوکەوتی کردووە و جوێ لەوەی رەخنە لە کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام، هیچ میکانیزمێکی نەخستەروو کە بەدڵی رژیمی ئێران بێ.
لە کۆربەندی سان پیترزبۆرگیش ماکرۆن رایگەیاند شیرکەتە فەرانسەویەکان لەسەر خۆیانە کە چ رێگەیەک هەڵبژێرن. پۆتینیش رازیە بەوەی کە قسە لەسەر شەرتەکانی ئەمریکا یانی چالاکیە ناوچەیی و بەرنامەی مووشەکی بالستیکی ئەو رژیمە تا ساڵی 2025 بکرێ.
ئەمە لە کاتێکدایە زۆربەی سەرکردەکانی ئوروپا پێشتر باسیان لە راگرتنی بەرجام کردووە، بەڵام نەیاتوانیوە هیچ زەمانەتێک بە شیرکەت و کومپانیاکانیان بۆ کارکردن لە ئێران بدەن.
ئەوەی دیارە ئوروپا و روسیە پشتی رژیمی ئێران ناگرن و هەوڵدەدەن رژیم بچێتە ژێر باری فشارەکان و مل بە ویستەکانی ئەمریکا بدات. لە راستیدا رژیمیش ناتوانێ هەتا ساڵی 2025 خۆی لە بەرامبەر ئەو فشارە ئابووریانەی ئەمریکا راگرێ و بە ئەگەری زۆر لە ترسی راپەرینی جەماوەری لە ئێران زووتر لەو کاتە مل بە داواکانی ئەمریکا بدات، بەڵام ئەوەی لە رژیمی ئێران بەدیی دەکرێ ئەوەیە لە ئەگەری هەر رێکەوتنێکیش خەڵکی ئێران شتێکی ئەوتۆیان پێ ناگاو دۆخی ئابووری و کۆمەلایەتی پێشبینی باشبوونی لێ ناکرێ. ئەوەش دەگەرێتەوە بۆ پێکهاتە و ساختاری ئەو رژیمە کە سیستەمێکی تەواو گەندەڵە و رقابەتێکی زۆر لە نێوان باڵەکانی رژیمدا هەیە بۆ وەدەستهێنانی دەستکەوتی تایبەتی زیاتر. ئەوەش وادەکات خەڵکی ئێران لە داهاتووشدا بێ بەش بن لە خێر و بێری وەڵاتەکەی خۆیان و هەتا ئەو رژیمە لە ئێراندا دەسەڵاتی هەبێ ئەوەش رەوشی خەڵکەکەی دەبێ.
لەلایەکی دیکەوە رژیم ترسێکی زۆری لەوە هەیە لە ئەگەری هەر پاشەکشەیەک نارەزایەتی و راپەرینە جەماوەریەکان کە لە ئێستادا بەشێوەیەکی کەم وێنە لە ئارادایە زیاتر پەرە بستێنێ و کونترۆڵی دۆخەکەی زیاتر لە دەست بچێ و ئەو جار جەماوەری ئێران کە داوای روخانی ئەو رژیمە داوای سەرەکیانە هەتا دوا قۆناخ درێژە بە راپەرین بدەن و جارێکی دیکە سیستەمی سیاسی لە ئێران بەدەستی خەڵکی ئەو وەڵاتە گۆرانی بەسەردا بێ، کە ئەوە لە ئێستادا تاکە بژاردەیە دەکرێ لە هەر بژاردەیەکی دیکە بەهێزتر بێ.