هاو ولاتیانی بەرێز!
ژنانی تێکۆشەر و کۆڵنەدەر!
سەبارەت بە سەرهەڵدانی خەبات و تێکۆشانی ژنان لە پێناو گەیشتن بە ماف و ئازادییەکانیان و هاتنە ئارای رۆژی ٨ی مارس وەک رۆژی نیونەتەوەیی ژن ، زۆر باس و خواس کراوە و هەر ساڵە بەم بۆنەوە سیمینار و بابەت و دیکۆمێنت پێشکەش کراون کە هەرکام لە شێوە و شوێنی خویاندا جێگای سەرنج و بایەخ پێدانن ، هەر بۆیە سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، خەبات و تێکۆشانی مرۆڤ بە گشتی و بزوتنەوەی مافی بەرانبەری و گەیشتن بە ئازادی ژنان بە تایبەتی،بە ئەرکێکی پیرۆز لە پێناو گەیشتن بەو ماف و ئازادیانە دەزانێ و پێی وایە کە هەر دوو رەگەزی ژن و پیاو دەبێ بە بێ جیاوازی و باڵادەستی لایەنیک بەسەر لایەنەکەی تردا، بێنە گۆڕەپانی ئەو خەباتەوە.
بزوتنەوەی رزگاریخوازانەی گەلانیش لە پێناو سەربەرزی و گەیشتن بە پلەی مرۆڤایەتی ( ئازاد و بەختەوەر)، ئەرک و پێداویستێکی سەرەکی ژیانە بۆ گەلان، هەر بۆیە بزاڤ و بزوتنەوەی رزگاریخوازی ئێمەی کوردیش جیا نییە لە گەلانی دیکەی جیهان و ئەرکی شۆڕش و خەبات بۆ رزگاریش بەتەنیا بەپیاو ناکرێ و نەش کرواە. دەور و رەوڵی ژنانی کورد لە بزوتنەوەی کوردیدا هەر لەسەرەتاکانی هەستان و راپەرینی کورد بۆ وەدست هێنانی ماف و ئازادییەکانی یەوە دیار و بەرچاو بووە و لەم بارەوە نموونەی زۆر و دیار و بەرچاو هەن. رۆڵی ژنان ئەگەر زیاتر نەبووبێ کەمتر نەبووە. بەڵام دەبێ ئەوەشمان لە بیر نەچێت کە دەبێ لە بزوتنەوەکان و شۆڕشەکاندا بە پێی قۆناغ و هەل و مەرج و شێوە و شوێنی کار و شۆڕش، ژنان دەوری کاریگەریان هەبێ. بێگومان هەست و بیرو باوەڕی کۆمەلانی خەڵکیش دەبێ لەبەرچاوبگیرێ و ژنان بە شێوەیەک چالاک بن کە چین و توێژەکانی ناو کۆمەڵگا سڵ لە بەشداریان نەکەنەوە و پشتیان بگرن، چونکە لە ولاتی ئێمەدا نیزام و دەسەلاتێک فەرمانرەوا و بەڕیوەبەری کۆمەڵگان کە ژن وەک کەرەستەو ئامرازی بەردەستی پیاو چاو لێدەکەن و بەو یاسا و رێسایانە هەڵس و کەوتیان لەگەڵ دەکەن کە سواو و بەسەرچوون و لەگەڵ هیچ رێ و شوێن و رێز و پلەی مرۆڤایەتی سەردەم نایەنەوە و لەگەڵ رەوتی هەڵدان و تێگەیشتن و پێگەیشتنی کۆمەڵگا دا بیگانەن و بەر بە رەوتی بەختەوەری و یەکسانی مرۆڤ و ئازادی و دیموکراسی دەگرێ.
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران پیی وایە کە سەرەکی ترین شت ئەوەیە کە، پیکهێنانی کۆمەڵگایەکی بێ جیاوازی و دادپەروەر کاتێێک دێتەکایەوە، کە دانیشتوانی و پێکهێنەرانی ئەو کۆمەڵگایە ئاگا و ئاشنا بن بە مافەکانی تاک و کۆمەڵ و حەریم و حورمەتی کەسایەتی مرۆڤەکان بناسن و راگرن . جیاوازیە چینایەتی و کۆمەلایەتی و رەگەزی و ئایینیەکان نەمێنن و بەتێکرا ژن و پیاو لە هەوڵی دابین کردنی بەرژەوەندییە کومەلایەتیەکاندا بن و کەس کەس بە رەگەزی کەم وکورت نەزانێ . پیاوان هەر چەندە بەدەسەڵات و بە هێز بن لە باری جەستە و مادیەوە، مادام لە باری فکری و روناکبیریەوە بەهێز نەبن و راستی و دروستی و حیکمەتی گەورەیی مرۆڤ بە نێرو م٠Žی وە نەزانن، ناتوانن یاریدەدەر و هۆ بن بۆ پێک هێنانی ئەو کۆمەڵگایە. شکی تێدا نیە کە ژنانیش تا خۆیان خوێندەوار و هوشیار و خاوەن روناکبیرێکی ئەوتۆ نەکەن کە بتوانن بۆ خۆیان ماف و ئەرکەکانی خۆیان بناسن و لە ریگای عیلم و زانستەوە رەگەزی بەرانبەر تێنەگەێنن، ناتوانن بگەنە ماف و ئاوات و ئامانج.
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران پاڵپشتی وداکۆکی لە خەباتی ژنان لە پێناو گەیشتن بە ماف و ئازادیەکانیان دەکا و باوەری وایە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بە گشتی و کوردەواری بەتایبەتی بە ئامانجەکانی ناگات کە دووباڵی ژن و پیاو،پێکەوە لە تێکۆشانی کۆمەلایەتی و سیاسیدا بەشدار نەبن.
بۆ پیشەوە بەرەو پێکهێنانی کۆمەڵگاێکی پێگەیشتووی یەکسان و دادپەروەر .
پیرۆز بێ ٨ی مارس رۆژی نێونەتەوەیی ژن.
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
کومیتەی ناوەندی
٨ی مارسی ٢٠ ١٦ زایینی