سەرچاوە : هەنگاو
ڕۆژی یەکەمی مانگی ژوئەن وەکوو ڕۆژی پشتگیری منداڵان ناسراوە. ئەو ڕۆژە لە ساڵی ١٩٤٩ی زایینی و لە سەر بڕیاری کۆڕی جیهانیی فیدراسیۆنی ژنانی دێ
سەرچاوە : هەنگاو
ڕۆژی یەکەمی مانگی ژوئەن وەکوو ڕۆژی پشتگیری منداڵان ناسراوە. ئەو ڕۆژە لە ساڵی ١٩٤٩ی زایینی و لە سەر بڕیاری کۆڕی جیهانیی فیدراسیۆنی ژنانی دێموکرات بەو ناوەوە لە ڕۆژ ژمێردا تۆمارکرا. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وێڕای پشتگیری ئەو هەوڵە، پشتگیری لە مافەکان، ژیان و تەندروستی منداڵەکان بە یەکێک لە کارە لە پێشینەکانی خۆیان ڕاگەیاند.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“ بۆ یەکەمجار ڕاپۆرتێکی ئاماری لە سەر پێشلکاریی مافەکانی منداڵان لە کوردستان لە ماوەی زەمەنیی ژوئەنی ٢٠ ١٧ هەتا ژوئەنی ٢٠ ١٨ ئامادە و بڵاو دەکاتەوە. ئەو ڕاپۆرتە ٨٢ حاڵەتی پێشلکاریی مافەکانی منداڵان لە خۆ دەگرێت.
دەستبەسەر کردنی ٨ منداڵ و سەپاندنی ١٢٦ مانگ بەندکران
لەماوەی ساڵی ڕابردوودا، واتە لە ژوئەنی ٢٠ ١٧ هەتا ژوئەنی ٢٠ ١٨ لەسەریەک ٨ منداڵی کورد کە سێ کەسیان کچ بوون لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
هەروەها لەو ماوەیەدا دوو منداڵی خەڵکی سەردەشت سەرجەم حوکمی ١٠ ساڵ و شەش مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.
خۆکوشتنی ٢٢ منداڵ لە یەک ساڵدا
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ٢٢ منداڵی کورد لە شارەکانی کوردستان بە هۆی کێشەی خێزانی و هەژارییەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
لەو ژمارەیە ١٤ کەسیان کچ و ٨ کەسیشیان کوڕ بوون.
کوژران و بریندار بوونی ١٤ منداڵی کۆڵبەر
٦ منداڵی کۆڵبەر بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون کە یەکێک لەوانە تەنیا ١٣ ساڵ تەمەنی هەبووە و ٨ کۆڵبەری دیکەش بەریندار بوون.
هەروەها لەو ماوەیەدا ٩ منداڵی کار لە کوردستان بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان داوە کە ٣ کەسیان کچ بوون.
کوژرانی منداڵان بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران
لە ماوەی ژوئەنی ٢٠ ١٧ هەتا ژوئەنی ٢٠ ١٨ منداڵێکی کورد بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراوە و ٣ منداڵیش بریندار بوون.
کوژرانی منداڵان بە دەستی خزمانی نزیک
لەماوەی ساڵی ڕابردوودا ٨ منداڵی کورد بە دەستی کەسانی نزیکی خۆیان بە تایبەت باوک و دایکیان کوژراون.
لەو ژمارەیە ٥ کەسیان کچ و ٣ کەسیشیان کوڕ بوون.
مین و منداڵان
مین لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان هێشتا قوربانی دەگرێت و منداڵانی کوردیش بەشێکن لەو قوربانیانە.
منداڵێکی کورد بە هۆی تەقینەوەی مینەوە گیانی لە دەست داوە و ٤ منداڵیش کەم ئەندام بوون.
هەڵەی پزیشکی
نەخۆشخانەکانی کوردستان بەتایبەت نەخۆشخانەکانی شاری سنە وەکوو کوشتارگای منداڵان ناسراون.
٩ منداڵی کورد بە هۆی کەمتەرخەمی پێرسینلی نەخۆشخانەکان و هەروەها هەڵەی پزیشکییەوە لە کوردستان گیانیان لە دەست داوە.
هەموو ئەو حالەتانەی کە لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژەیان پێدراوە تەمەنیان لەژێر ١٨ ساڵ بووە.