دوو کۆڵبەری کوردی خەڵکی شارەکانی سەردەشت و پیرانشار، لەلایەن هێزە ئینتزامیەکانی رژیمەوە درانە بەر دەسترێژی گوللە
دوو کۆڵبەری کوردی خەڵکی شارەکانی سەردەشت و پیرانشار، لەلایەن هێزە ئینتزامیەکانی رژیمەوە درانە بەر دەسترێژی گوللە
بە پێی راپۆرتی کوردپا، شەوی پێنجشەممە ١٧ی جۆزەردان، هێزە ئینتزامیەکانی رژیم جێگیر لە پاسگای "کەپرانی" شاری سەردەشت، دەسڕێژیان لە ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی ئەو ناوچەیە کردووە و لە ئاکامدا یەکێک لە کۆڵبەرانی کورد بە ناوی "ئەسکەندەر.ف" کوڕی حەمزە، گیان دەدات.
سەرچاوەیەکی ئاگادار باس لەوە دەکات کە هیزەکانی رژیم بەبێ ئەوەی ئەو کۆڵبەرانە ئاگادار بکەنەوە داویاننە بەر دەسترێژی گوللە.
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، تەرمی ئەو کۆڵبەرە کوردە، بۆ پزیشکی یاساییی شاری ورمێ ڕاگوێزراوە و هەتا ئێستا تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوە.
لە لایەکی دیکەوە و لە هەمان کاتدا، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد، لە بەرزاییەکانی "سپیڕێز" لە شاری پیرانشار لە شوێنێک بە ناوی "خێوەتگە" دەکەونە کەمینی هێزە ئینتزامیەکانی رژیم و لە ئەنجامی تەقە کردنی ئەو هێزانە، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "سولەیمان پوورسەعید" کوڕی تەها خەڵکی گوندی "گەپلەسەن" سەر بە شاری پیرانشار بە سەختی بریندار بووە.
ئەو کۆڵبەرە کوردە بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی شاری پیرانشار کراوە.