دەمیرتاش لە نوێترین پەیامیدا رایدەگەیێنێ، نەک 20 مانگ، بەڵکو 20 ساڵیش لە زیندان بێت چۆک بۆ دەسەڵات دانادات. لەبارەی هەڵبژاردنیش داوایەکی ناردووە بۆ خەڵکی باکووری کوردستان و تورکیا کرد. سەڵاحەدین دەمیرتاش، بەربژێری هەدەپە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا، رۆژی یەکشەممە 17ی ژووئەنی 2018، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لە زیندانی ئەدیرنەوە، لەبارەی هەڵبژاردنەکانی 24ی ئەم مانگە رایگەیاند: "دەرفەتێکی زۆر گرنگمان لەبەردەستە، پێویستە سوودی لێ وەربگرین و بە دەنگێک هەموو شتێک دەگۆڕدرێت". هەروەها راشیگەیاند: "بڕیاری ئێوە بۆ ئەمڕۆ و سبەی و نەوەی داهاتوو گرنگە، ئەگەر دەنگ بە ئەردۆغان و ئاکپارتی بدەن، چارەنووسی ئەم وڵاتە دەکەوێتە دەستی تاکە کەسێک. قەدەری 81 ملیۆن کەس دەدرێتە دەستی تاکە کەسێک، دەستکەوتە دیموکراسییەکان کۆتایی پێدێت و وڵاتێکی ستەمکار دەبێت". دەمیرتاش لە پەیامەکەیدا جارێکی دیکە دووبارەی کردەوە کە "20 مانگە به بڕیارێکی تاکەکەسی لە زینداندام و تەنیا دوو جار منیان بردووەتە بەردەم دادگا، ئەو تۆمەتانەی رووبەرووم کراون تەنیا ئەو وتارانەن کە پێشکەشی ئێوەم کردوون، تاکە هۆکاری ئەمەش ئەوەیە ئاکپارتی لێم دەترسێت، من چۆکم بۆ ئەردۆغان دانەدا، بۆیە لێم رەنجاوە و توڕەیە". ناوبراو پێداگری لەوەش کردەوە کە ئەگەر دادگا سەربەخۆ و بێلایەن بووایە، بەدڵنیاییەوە ئازاد دەکرا، گوتیشی: "دەکرا ئازادکرابام، بەڵام بەهۆی فشاری سیاسییەوە لە زیندانم". بەربژێری هەدەپە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا، کە تاکە بەربژێرە لە زیندانەوە بانگەشە دەکات، لە پەیامەکەیدا رووی لە ئەندام و لایەنگرانی پارتەکەی کرد و رایگەیاند: "من لە ژوورەوەم بەڵام دڵنیام هەڵمەتێکی باش بەڕێوەدەبەن، 20 مانگ نا، بەڵکو 20 ساڵیش لە ژوورەوە بم چۆکیان بۆ دانادەم و گوێ بە هەڕەشەکانی ئەوانە نادەین کە هەڕەشی لەسێدارەدانمان دەکەن".