و: عەلی بەهرامی
سەرچاوە : رادیۆ فەردا
لە کەس شاراوە نیە کە ئاخوند خامنەیی بەردەوام ئەمریکای بە دژمن داناوە. لەو بارە ناوبراو ئەوندە زیادەرەوی دەکا کە دەڵێ: کەسانێک قسە لە ووتووێژ لەگەڵ ئەمریکا دەکەن، یان لە ئەلف و بێی سیاسەت تێ ناگەن، یان لە ئەلف و بێی غیرەت نازانن.
لەگەڵ گۆران لە هەڵوێستی ناوبراو سەبارەت بە ووتووێژ لە سەر پەروەندەی ناوکەیی، کاتێک دەرگەی ووتووێژی کردەوە کە ئەو ووتووێژانە تەنیاو تەنیا تایبەت بە مەسەلەی ناوکەیی بێ. ئەگەر چی گومانی زۆر هەیە بەڵام بەڵگەی تەواو لە بەردەستدا نیە کە لە پەراوێژی ووتووێژە ناوکەییەکان باسی مەسەلەکانی دیکە نەکرابێ، بەڵام لە ئێستادا کتێبێک لە چاپ بووندایە کە تیایدا باس لە پێوەندی نهێنی رژێم لەگەڵ (شەیتانی گەورە) لە کاتی هیرشی ئەمریکا بۆ روخانی رژێمی سەدام دەکا.
ئەو کتێبە بەناوی نوێنەری تایبەت (THE ENVOY)، بیرەوەریەکانی زاڵمای خەلیلزاد دیپلۆماتی پلەبەرزی ئەمریکاییە کە پەردە لە سەر ووتووێژی نهێنی درێژماوەی خۆی لەگەڵ محەمەد جەوادی زەریف نوێنەری ئەوکاتی رژێمی ئێران لە نیۆیۆرک لادەدا. کە ئەو ووتووێژانە لە پێش و پاش هێرشی ئەمریکا بۆ سەر رژێمی بەعسی عێراق ئەنجام دراوە. نیۆیۆرک تایمز چەند بەشێکی ئەو راپۆرتەی خەلیلزادی بڵاوکردۆتەوە کە چەندین خاڵی گرینگ و سەرنج راکێش لە خۆ دەگرێ.
یەکێک لە خاڵە گرینگەکان، ئەوەیە کە لەگەڵ دژایەتیەکانی ئاخوند خامنەیی بۆ ووتووێژ لەگەڵ ئەمریکا، ووتووێژێکی درێژماوە و نهێنی لە پێش و پاش هێرشی ئەمریکا بۆ سەر سەدام حوسێن لە ئارادا بووە.
لەلایەکی دیکەوە ئەو گوومانەی کە ئەو ووتووێژانە بە بێ ئاگاداری رێبەری رژێم بەرێوەچووبێ بێ بنەمایە، چوونکە بەپێی قسەی خەلیلزاد ئەو ووتووێژانە لەگەڵ تاران بۆ ئەوە دەستی پێ کرد کە ئەمریکا دڵنیایی تەواو لە پەدافەندی هەوایی ئێران بەدەست بێنێ کە لە ئەگەری چوونە ئاسمانی ئێران فرۆکە شەرکەرەکانی ئەمریکا پارێزراو بن و تەقەیان لێ نەکرێ. هەر بە پێی گووتەی ناوبراو، رژێمی ئێران ئەو گفتەی بە ئەمریکا دا. کە دانی بەڵێنی وا بە ئەمریکا بەبێ رەزامەندی خامنەیی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، جێ بەجێ نەدەبوو.
سەیر ئەوەیە ئەو ووتووێژانە لە دوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێنیش هەر بەردەوام بووە. ناوبراو ئەوەشی پێ زیاد دەکا کە یەکێک لە قەرارەکانی ووتووێژەکان ئەوە بوو کە تاران بە کەڵک وەرگرتن لە پێگەی خۆی لە نێو هێزەکانی شیعەی عێراق، هانیان بدا بۆ ئەوەی دوای سەدام حوسێن دەوڵەتی عێراق پێک بێنن.
زالمای خەلیلزاد هۆی راگرتنی ووتووێژەکان لەگەڵ رژێمی ئێران دەگێرێتەوە بۆ ئەوەی جۆرج دەبلیۆ بووشی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا ناوی رژێم دەخاتە لیستی وەڵاتانی (تێکدەر).
ئەو سەفیرەی ئەمریکا گرینگترین ئەرکی خۆی لەو ووتووێژانە لەگەڵ محەمەد جەوادی زەریف، تێگەیشتن لەو خاڵەیە کە ئەمریکا ویستوویەتی لە رێژەی هاوکاریەکانی رژێم لەگەڵ ئەمریکا بۆ روخانی سەدام حاڵی بێ.
یەکێک لە کۆسبەکانی بەردەم وتووێژەکانی ئەمریکا و رژێمی ئێران، جیاوازی خوێندنەوەی دوو لایەن بووە بۆ ترۆریسم، ناوبراو دەڵێ لە باسی ترۆریسم دا زەریف داوای لێ کردوە کە ئەمریکا بەرپرسانی رێکخراوی موجاهیدینی خەڵکی ئێرانیان رادەست بکاتەوە لە بەرانبەردا ئەوانیش بەرسانی پلەبەرزی رێکخراوی ئەلقاعیدە کە لە ئێراندا بوون رادەستی ئەمریکا بکا. کە ئەو داوایە لەلایەن واشینگتۆنەوە رەد کراوەتەوە و لە ئاکامدا باسی وتووێژەکان لەگەڵ رژێمدا سنووردار کراوە تا کاتێ لە ساڵی 2005 وەک سەفیری ئەمریکا لە عێراق دیاری کراوە.
ناوبراو هەروەها دەنووسێ لەو کاتەی نوێنەری ئەمریکا لە عێراق بووە، لایەنە عێراقیەکانی وەکوو عەبدولعەزیز حەکیم داوایان لە خامنەیی کردوە کە دەرگای ووتووێژ لەگەڵ ئەمریکا بکاتەوە،کە ئەو داوایە قەبووڵ کراو لە ئاکامدا تیمێک لە وەزارەتی دەرەوەو دەزگا ئەمنیەتیەکان لەلایەن رژێم و ناوبراویش لایەن ئەمریکاوە بۆ ئەو مەبەستە دیاری کراوە.
بەرای خەلیلزاد کێشەی بەردەم ووتووێژەکان ئەوە بووە کە تەنها رێگەی پێ دراوە بە شێوەی سنووردار و لە سەر رووداوەکانی عێراق لەگەڵ لایەنی بەرامبەر ووتووێژ بکا. ناوبراو هەروەها دەڵێ بە هۆی نادیار ووتووێژەکان بە فەرمانی واشینگتۆن لە دەقەی ئاخرادا راگیرا.
راگرتنی ئەو ووتووێژانە بەپێی قسەی خەڵیلزاد کە لە زمان عەبدولعەزیز حەکیمەوە دەگێرێتەوە، بۆتە هۆی ناراەحەتی خامنەیی و ئەوەش وای کرد رژێم چەک و تەقەمەنی پێشکەوتوو بداتە هێزە شیعە عێراقیەکان، کە دژ بە هێزەکانی ئەمریکا بکاری بێنن.
ئەو دیپلۆماتەی ئەمریکا هەروەها دەنووسێ: سێ مانگ پێش ئەوەی ئەرکەکەی لە عێراق کۆتایی پێ بێ داوای لە واشینگتۆن کردوە کە هەنگاوی توندتر دژ بە رژێمی ئێران پەیرەو بکرێ کە لە نەتیجەی ئەو داوایەدا سەردانی هەندێ بەرپرسی سوپای قودس بۆ عێراق قەدەغە کراو ئەو بریاریە لە دیسامبری 2006 جێ بەجێ کرا.
ئاکام:
بەپێی ئەو راپۆرتە، ئەگەر چیی دیپلۆماسیەتی نهێنی و ژێربەژێر بەشێکە لە دیپلۆماسی، بەڵام بە پێی کارکردی خامنەیی بەو نەتیجە دەگەین کە رژێمی ئێران ناتوانێ بانگەشەی ئەوە بکا کە (ئەمریکا ناتوانێ هیچ غەڵەتێک بکا) ئەگەر ترس لە هەنگاوەکانی ئەمریکا نەبووە بۆ چی رێبەری رژیم ئامادەی هاوکاری ئەمریکا دەبێ بۆ روخانی تالیبان و سەدام حوسێن؟
لە هەمانکاتدا بیرەوەریەکانی خەلیلزاد ئەوەمان پێ دەڵێ کە سیاسەتی خامنەیی بۆ وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا پێچەوانەی سیاسەتی تەبلیغی ئەوان بووە.