لە نوێترین کاردانەوە بە تاقی کردنەوەی مووشەکی رژێم، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە پێشێلکاری بڕیارنامەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە قەڵەمداو وەزیری دەرەوەی فەرانسە رژێمی ئێرانی ئاگادار کردەوە کە بەو هۆیەوە لەلایەن یەکیەتی ئوروپاوە ئابڵوقەی نوێی بخرێتە سەر.
ژان مارک ئێرو وەزیری نێوی دەرەوەی فەرانسە، رۆژی یەکشەممە 23ی رەشەمەی 1394، لە پاریس میوانداری وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا، بریتانیا، ئاڵمان، ئیتالیا و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتی ئوروپای کردو لە دوای دیدارەکان ئەوەی بیرهێنایەوە کە ئەگەر پێویست بکا، ئابڵوقەکان کارا دەکرێنەوە.
هەواڵدەریەکانی فەرانسە و ئاڵمان لەو بارەوە لە زمانی جان کێری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بڵاویان کردەوە کە هەنگاوەکانی رژێمی ئێران پێشێلکردنی بڕیارنامەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
بە پێی هەواڵدەری ئاڵمان، جان کێری لە دوای چاوپێکەوتنی لەگەڵ هاوتا ئوروپاییەکانی تەکیدی لەوە کردەوە کە تاقی کردنەوەی مووشەکی رژێم، پێشێل کردنی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشە، چوونکە ماوەی پێکانی لەو رێژەیە زیاترە کە رێگە پێدراوە. بە پێی ووتەی ناوبراو بوردی موشەکە نوێکان، دەتوانێ مەترسیەکی جیددی بێ بۆ وەڵاتانی ناوچە و لەوە بەولاتریش.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەروەها زیادی کرد، لەگەڵ رێزمان بۆ بەرامبەر، ئەوەمان روون کردۆتەوە کە چالاکیە مووشەکیەکان ئابڵوقەکان دەیانگرێتەوە وە هەرواش دەمێنێتەوە. ئەگەر رژێمی ئێران بیهەوێ بڕیارنامەکان پێشێلکا، دەبێ چاوەرێ ئابڵوقەی زیاتر بن هەروەک لە مانگی پێشوودا بەهۆی تاقی کردنەوەکانی پێشووەوە کردمان.
ئەمریکا دەهەوێ لە کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی ئەنجومەنی ئاسایش تاقی کردنەوەی مووشەکی رژێم بخاتە بەرباس، وە هەر لەو بارەوە سامانتا پاوەر نوێنەری ئەمریکا لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان گووتی: واشینگتۆن ئەو مەسەلە لە کۆبوونەوەی راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایش باس دەکا و داوا لە وەڵاتان دەکا بۆ بەرنگاری بەرنامەی مووشەکی رژێمی ئێران هاوکار بن.
ئەو دیپلۆماتەی ئەمریکا ئەوەی بیرهێنایەوە کە ئەو تاقی کردنەوانە دەرخەری ئەو راستیە کە دەبێ لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی، بۆ لاوازکردنی بەرنامە مووشەکیەکانی رژێمی ئێران هاوکاری بکەین.
سوپای پاسدارانی رژێم حەوتووی رابردوو رایگەیاند لە مانۆرێکدا دوو مووشەکی دوورهاوێژی 2000 ک م تاقی کردۆتەوە، لە بەرامبەردا ئەمریکا، فەرانسە و هاوپەیمانان رایانگەیاند تاقی کردنەوەی مووشەکیی رژێم پێشێل کردنی بڕیارنامەی 2231ی ئەنجومەنی ئاسایشە.
ئەو هەنگاوی رژێمی ئێران کاردانەوەی زۆری لە ناوخۆو دەروەی ئەمریکا بەدوای خۆیدا هێنا. سەرۆک وەزیری ئیسرائیلیش ئەو حەوتووە لە دانیشتنی کابینەی خۆیدا تاقی کردنەوەکانی رژێمی پێشێلکاری رێکەوتنی بەرجام ناوبرد و داوای سزادانی رژێمی کرد.
بڕیارنامەی 2231ی ئەنجومەنی ئاسایش، بۆ پشتیوانی لە رێکەوتنی ناوکەیی لە ویەن درچوو کە لە رژێمی ئێران داوا کراوە کە بۆ ماوەی هەشت ساڵ بەرنامەی مووشەکی ئابڵوقەی لەسەرە و لە هەر جۆرە چالاکیەکی مووشەکی کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمی هەبێ خۆ ببوێرێ.
لە هەمانکاتدا هەواڵدەری رۆیتەرز، تاقی کردنەوەی مووشەکی ئەمدواییەی سوپا بۆ زیاتربوونی کێشەی نێوباڵەکانی رژێم بەتایبەت لە نێوان توندئاژۆکان و کابینەی ئاخوند رۆحانی لە سەر ئاسایی کردنەوەی پێوەندیەکان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەگێرێتەوە.