مامۆستا محەممەدی ئەدیبی مامۆستا و پێشنوێژی مزگەوتی کەوپێچی خوارووی ناوچەی بانە بەهۆی فشاری هێزە داگیرکەرەکانی رژیمی ئێران ناچار بە بەجێهێشتنی وەڵات کرا.
مامۆستا محەممەدی ئەدیبی مامۆستا و پێشنوێژی مزگەوتی کەوپێچی خوارووی ناوچەی بانە بەهۆی فشاری هێزە داگیرکەرەکانی رژیمی ئێران ناچار بە بەجێهێشتنی وەڵات کرا.
مامۆستا مەلا محەمەد کەسایەتیەکی دڵسۆزی خەڵکەکەی و نیشتمانەکەیەتی کە لە هەموو دەرد و ناخۆشیەکاندا لەگەل خەڵکی بانەدا بووە و ئەوەش خۆشەویستی زۆری لای خەڵکی بانە و شارەکانی دیکە بۆ دروست کردووە. بەتایبەت لە نارەزایەتی و مانگرتنەکانی ئەم دواییانەی بانەدا بووە دەنگی خەڵک و لە مینبەری مەزگەوتەکەیەوە پشتیوانی بۆ خەڵکی چەوساوەی بانە و شارە سنووریەکانی دیکە دەربری کە ئەو پشتیوانیەی مامۆستا بووە هۆی پەرەسەندنی فشاری دام و دەزگا ئەمنیەتیەکانی رژیم لەسەری و ناچار بە ماڵئاوایی لە زێدی خۆی کرا.
مامۆستا لە نامەیەکدا کە لە لاپەرەی تایبەتی خۆی لە تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوەو دەڵێ: 27 ساڵە لە نێو خەڵکی بانەدا ژیاوم هەموو خۆشی و ناخۆشیەکانی ژیانم لەم شارەدا بوون، خۆشەویستی شاری بانە و خەڵکەکەی تێکەڵ بە جەستە و رۆحم بوون. هەر بۆیە ئەگەر بە گیان و جەستە لێتان دوورم، بەڵام بەدڵ و بە رۆح هەر لەگەڵتانم.
لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا مامۆستا مەلا محەمەد دەنووسێ: وادەی ماڵئاوایی و خواحافیزیم هاتووە، ئەگەر خودا ویستی لەسەر بوو، دەگەرێمەوە ناوتان، ئەگەریش نا، وا تا ئەو رۆژەی لە خاکی غەریبی دەمنێنە ناوگۆر، پر بە دڵ یادتان دەکەم و لە دووریتان فرمێسکی چاوەکانم دەسترم.
شایانی گوتنە لە دوای هەڵوێستە جەماوەر پەسەندەکانی مامۆستا لەلایەن دەزگا ئەمنیتیەکانی رژیمەوە فشارێکی زۆر دەخرایەسەر و دوو جار لەلایەن دادگای رۆحانیەتی رژیمەوە لە هەمەدان بانگهێشت و خرایە ژێر لێکۆڵینەوە، هەر لەو بارەوە بەرێزیان ئیشارە بەوە دەکات کە " 20 ساڵی تەواوە من بەدەست ئەمانەوە زوخاوی دونیام خواردووە".