لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا زنجیرەیەک نارەزایەتی جەماوەری لە ئێران و بەتایبەت شارە گەورەکان سەری هەڵدا کە ئەم نارەزایەتیانە لەلایەن هەژارانەوە ستارتی خوارد و ت
عەلی بەهرامی
لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا زنجیرەیەک نارەزایەتی جەماوەری لە ئێران و بەتایبەت شارە گەورەکان سەری هەڵدا کە ئەم نارەزایەتیانە لەلایەن هەژارانەوە ستارتی خوارد و تێکرای چین و توێژەکان پشتیوانیان لێ کرد و درێژە و دەوامی هێنا هەتا ئێستا، بەڵام لە سێ رۆژی رابردوودا ئەم نارەزایەتیانە بە مانگرتنی بازاریانی شاری تاران و شارە گەورەکانی دیکەی وەک کرماشان، کەرەج، تەورێز و... پێی نایە قۆناغێکی دیکە.
ئەو قۆناغەش بە بەرزبوونەوەی نرخی دوولار و ناجێگیربوونی نرخی ئەرز کە کاریگەری زۆری کردەسەر بازار و پەکخستنی کرین. ئەوەش نیشانەی زەق و ئاشکرای وێرانی دۆخی ئابووری و دارووخانی باری ئابووریە کە رژیم هەوڵێکی زۆری دەدا بە تەزریقی دوولاری زۆر بە بازار ئەو شکستە بشارێتەوە، بەڵام لەگەڵ شکست هێنانی ئەو هەوڵەش بازاریان و کەسەبەی تارانی پێتەخت و باقی شارەکان وەک نارەزایەتی بەو دۆخە و دەستەو وەستان و بێ توانایی دەسەڵاتداران لە کونترۆڵی دۆخەکە، دوکان و بازاریان داخست و رژانە سەر شەقامەکان و دژ بە دەسەڵاتی گەندەڵ و بێ توانای ئاخوندان کە تەنیا هونەریان دزی و نانەوەی فیتنە و کێشەیە، دروشمیان دا.
لە کاتێکدا کە خەڵکی ئێران بە تێکرای چین و توێژەکانیەوە رۆژانە نارەزایەتی بە دۆخی خراپی ژیان لە ئێران دەردەبرن، لەگەڵ پەرەسەندنی نارەزایەتیەکان، دەسەڵات لە رێگەی مۆرەکانیەوە کەوتووەتە سازکردنی هەندێ گومان لە نێو خەڵکی نارازیدا، بۆ وێنە بوونی نارەزایەتیەکانی ئەم سێ رۆژەی دوایی پێوەند دەدەن بە کێشەی باڵەکانی نێو دەسەڵات، مەبەست لەم قسە ئەوەیە کە جەماوەری راپەریو وا حاڵی بکرێن کە ئەوەی ئەوان هەوڵی بۆ دەدەن درێژەی شەری باڵەکانی رژیمە و خەڵک وەک کەرەستەیەک دژ بە یەکتر بەکار دێنن و جەماوەر لەوەدا تەنیا دەبێتە قوربانی و خێرەکەی بۆ باڵەکانی دەسەڵاتە، بەوەش جەماوەر لە شەقامەکانەوە بگێرنەوە ماڵەوە.
لای کەس شاراوە نیە خەڵکی ئێران کێرد بە ئێسکیان گەیشتووە و هەر زوو هاواریان کرد کە بروایان نە بە ئیسلاح تەڵەب و نە بە ئوسولگەرا هەیە و خوازیاری لەناوچوونی تێکرای پێکهاتەی ئەو دەسەڵاتەن و دروشمەکانی مەرگ بۆ دیکتاتۆر و مەرگ بۆ خامنەیی بوونە دروشمی سەرەکی راپەریوان.
لە ئێستاشدا کە رژیم هەموو هەوڵی خۆی دەدا رەوتی نارەزایەتیەکان بە لارێدا بەرێ و دەمکوت و سەرکوتی نارازیان بکات و بۆ ئەو مەبەستە بەشێوەی جۆراوجۆر خەریکی چاوترسێن کردنی خەڵکە، جەماوەر بەبێ گوێدانە هەڕەشە و چاوسوورکردنەوەی بەرپرسان و دامودەگاکانی ئەو رژیمە درێژە بە نارەزایەتیەکانیان دەدەن و هەر وەک لە سێهەم رۆژی نارەزایەتی بازاریان دا بینیمان رۆژ لەگەڵ رۆژ رێژەی جەماوەر لە شەقامەکاندا زیاتر دەبێ و ئاخوندان ئەوە بە گەورەترین مەترسی بۆسەر دەسەڵاتەکەیان دەزانن.
لەکاتێکدا کە هەتا دێ رژیمی ئێران زیاتر و زیاتر پەراوێز و گۆشەگیر و دەکرێتە ئامانجی گەمارۆی زیاتری ئەمریکا و دوور نیە لە داهاتوودا وەلاتانی دیکەش بچنە پاڵ ئەو هەوڵانەی ئەمریکا، رژیم لاوازتر و بێ تواناتر دەبێ و دۆخی خەڵک لەوەی کە هەیە خراپتر دەبێ. بۆیە باشترین کار کە دەکرێ خەڵک لە ئێستادا بیکەن ئەوەیە بەبێ گوێدانە ئەو هەرەشە و گورەشانە و ئەو هەوڵانەی بۆ بەلارێدا بردنی نارەزایەتیەکان دەدرێ، درێژە بە نارەزایەتیەکان بدەن و هاوکات کار بۆ گشتگیرتر بوونی شۆرشە جەماوەریەکان بکەن، چوونکە رژیمی ئاخوندی لەوە زۆر لاوازترە بتوانن زۆر خۆ لەبەرامبەر رق و توورەیی جەماوەردا راگرێ.