تەقینەوەی مین لە ئیلام ٢ هاووڵاتی کوردی بریندار کرد
بەهۆی تەقینەوەی مینی بەجێماو لە شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق لە دوو رووداوی جیادا لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای ئیلام، ٢ هاووڵاتی خەڵکی دێهلۆران بریندار بوون. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، لە رووداوی یەکەمدا لە ڕۆژی شەممە 22ی رەشەمەی 1394. لە ناوچەی "عەین خۆش" سەر بە بەشی موسیان ڕووی داوە کە تێیدا کەسێک بەناوی لەتیف عەلی یارم ٣٨ ساڵە و کوڕی سوحبەتوڵا بریندار بووە.هەروەها ڕۆژێک دواتر مێهدی خۆرسانیان خەڵکی ناوچەی "چەم هێندی" سەر بە دێهلۆران بە ڕووداوێکی هاوشێوە بریندار بوو. جێگەی باسە کە ئەم پارێزگایە ١ میلیۆن و ٧٠ ٠ هەزار هێکتار زەوی چێندراو بە مینی شەڕی ٨ ساڵەی هەیە.
بە فەرمی، دان بە گیرانی هاووڵاتیانی کوردستانی ئێراندا نرا
پولیسی ئێران لە ڕاپوڕتی چالاکییەکانی ئەو ساڵیدا هێمای بە دەستبەسەرکردنی ١١٠ هاووڵاتی لە کوردستان کرد. بە پێی هەواڵی کوردپا، لە سەرەتای ئەو ساڵدا مەئموورانی ئەمنی و نیزامیی سەربە پولیسی ئینتزامی حکوومەتی ئێران، ١١٠ هاووڵاتییان لە ناوچەکانی کوردستانی ئێران دەستبەسەر کردووە. وتەبێژی هێزی ئینتزامیی رژێمی ئاخوندی ئێران لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لە ماوەی ئەم ساڵدا ١١٠ نەفەر لە کەسانی دژەشۆڕش لە ڕۆژئاوای وڵاتدا دەستبەسەر کراون. ڕۆژنامەی "حمایت" لە زاری سەعید مونتەزیرولمەهدی بڵاوی کردەوە کە ئەو کەسانە لەلایەن "پاسەوانی سنوور"ەوە گیراون. ئەوە یەکەمجارە کە پولیس بە فەرمی دان بە گیرانی کەسانی "دژەشۆڕش"دا دەنێت و لە ڕاگەیەنەکاندا باسیان لێ دەکات. ئەو بەرپرسەی هێزی ئینتیزامی باسی لە شوناس و چارەنووسی ئەو ١١٠ کەسە نەکرد و خۆی لە دانی وردەکاریی زیاتر پاراست. زاراوەی "دژەشۆڕش" لە ئەدەبیاتی سیاسیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بەو کەس و لایەنانە دەوترێت کە چالاکیی سیاسی بە پێچەوانەی سیاسەتی فەرمیی حکوومەت دەکەن. لە کوردستان ئێراندا، وەزارەتی ئیتلاعات بەرپرسی دۆسیەی کەسانی سیاسییە و سپای پاسدارانیش لە سەرسنوورەکان جێگیرە و لێپرسینەوە لە هاووڵاتییان دەکات. هەندێک لە ناوەندەکان و کەسانی توندڕەویش، هەموو هاووڵاتییەکی کوردستانی ئێران(دانیشتووانی پارێزگاکانی کرماشان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و ئیلام) کە بەبێ ئێزن بە سنوورەکاندا تێپەڕێت، بە "دژەشۆڕش" دەزانن.
تەبانی کردن بۆ داگیرکردنی زەوی لە لایەن سپای پاسداران لەشاری ڕەبەت
چەندین هێکتار لە زەوییەکانی نێوەڕاستی شاری ڕەبەت لە لایەن سپای پاسدارانی حکوومەتی ئێران لە شاری سەردەشتەوە دەستی بەسەردا گیرا. بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی کوردپا، سپای پاسداران لە چەند حەوتووی ڕابردوودا لە شاری ڕەبەت بە هەڵواسین و دانانی تابلۆ لە سەر کۆمەڵێک زەوی نێو شاری ڕەبەت ڕایگەیاندووە کە خاوەنی ئەو زەوییانەیە کە پانتایی ئەم زەوییانە زیاتر لە ٩ هێکتارە. بە پێی ئەم راپۆرتە، لە سەرەتای شەڕی ٨ ساڵەوە، زەوییەکانی ناوەندی شاری ڕەبەت کراون بە شوێنی سەربازی بۆ هێزەکانی سپا و تاکوو چەند ساڵ پێش ئێستاش ئەم زەوییانە کە بە مڵکی گشتی دەناسرێن لە ژێر دەسەلاتی ئەواندا بووە. سەرچاوەێکی ئاگادار کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، باسی لە بڕیارێکی شارەداریی ڕەبەت لەمەڕ دانی ئەم زەوییانە بە توێژە کەم داهاتەکان و کارگێڕانی حکومەتی کرد و گوتی: لە چەند مانگی ڕابردوودا سپای شارستانی سەردەشت بەبیانووی سنووری بوونی ناوچەکە و خاوەندارەتی زەوییەکان، ئیزنی بە جێبەجێ کردنی بڕیارەکەی شارەداری نەدا. بەوتەی ئەم سەرچاوەیە، لە سەرەتای پاییزی ئەمساڵەوە بەهۆی "ڕانتی ئیتلاعاتی سپا" و تەبانیکردن لەگەڵ دەزگا ئاوەدانی و خزمەتگووزارییەکانی وەک شارەداری و کاروباری کۆچەرە بیانییەکانی پارێزگای ورمێ، زەوییەکانی ناوەندی ڕەبەت بوون بە مڵکی سپا.
بریارنامەی کۆنگرەی ئەمریکا لەمەر ناساندنی ئەسەد، روسیە و ئێران وەک جینایەتکارانی شەڕ
کۆنگرەی ئەمریکا بریارنامەێکی پەسەند کرد کە تێیدا دیکتاتۆری سووریە، رووسیە و رژێمی ئاخوندی وەک جینایەتکارانی شەڕ ناو لێ بردووە. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، لە رۆژی دووشەممە 24ی رەشەمەی 1394، کۆنگرەی ئەمریکا بە 392 دەنگی ئەرێنی و 3ی دەنگی نەرێنی بریارنامەی ناساندنی بەشارئەسەد، رژێمەکانی رووسیە و ئێرانی وەک جینایەتکارانی شەڕ پەسەند کرد. بە پێی ئەم راپۆرتە، بریارنامەی نوێنەرانی کۆنگرەی ئەمریکا داوا لە باراک ئۆباما دەکات کە، پشتیوانی بکات لە پێکهێنانی دادگاێکی سازمانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پێراگەیشتن بە جینایەتەکانی بەشارئەسەد. جێگەی باسە کە هەر لەو دانیشتنەی نوێنەرانی کۆنگرەی ئەمریکادا بریارنامەێکیتر لەمەڕ جینایەتەکانی داعش بە 393 دەنگی ئەرێنی و بە بێ دەنگی نەرێنی پەسەند کراوە.
نیگەرانی ئەحمەد شەهید لە زیادبوونی ئێعدامەکان لە ئێران
ئەحمەد شەهید راپۆرتنێری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لەمەر مافی مرۆڤ لە ئێران نیگەرانی خۆی لە زیاد بوونی رێژەی ئێعدامەکان لە لایەن رژێمی ئاخوندی ئێرانەوە دەربری. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، رۆژی دووشەممە 24ی رەشەمەی 1394، ئەحمەد شەهید لە رێژەی زۆر ئێعدامەکان و بە تایبەت ئێعدامی منداڵان لە لایەن رژێمی ئاخوندی ئێرانەوە نیگەرانی دەر بری. بە پێی ئەم راپۆرتە، ئەحمەد شەهید لە راپۆرتەکەی خۆیدا لەمەر بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران رایگەیاند، لە نێوان ساڵەکانی 2012 تا 2015ی میلادی لە ئێران لانیکەم 16 منداڵ لە سێدارە دراون. جێگەی باسە کە ئەحمەد شەهید وتی، ئەو زیندانیانەی کە تۆمەتی ئەمنییەتی خراوەتە پاڵیان لە هەر چەشنە مافێکی یاسایی و دادگای عادڵانە بێ بەشن.
کوژرانی 4 هاووڵاتیی بلوچ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکان
لە ماوەی پێنج ڕۆژدا ٤ هاووڵاتیی بلوچ، دوو کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان و دوو کەسێ دیکە بە زەربی چەقۆ بە شێوەی گوماناوای لە چەند شوێنی جیا جیا لە شاری زاهیدان سەر بە پارێزگای سیستان و بلوجستان کوژراون. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، لە ڕێکەوتی ١٥ و ٢٠ ڕەشەمە، دوو کەس بە ناوەکانی محەممەد ڕیگی تەمەنی ٢٨ ساڵە و ئیحسان شەبەخش (یارمحمد زهی) لە گەڕەگی چوارڕیانی ڕەسووڵی و شەقامی خۆڕمشهر، بە تەقەی ڕاستەوخۆی مەئموورانی هێزە ئینتزامییەکانەوە دەکوژرێن. کەمپینی چالاکانی بلوچیش لەو پەیوەندییەدا باس لە کوژرانی هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی پەرویز ناروئی تەمەن ١٣ ساڵە کوڕی خدا نەزەر دەکات کە بە زەربەی چەقۆ لەلایەن کەس یان کەسانێکی نەناسراوەوە کوژراوە. هەروەها ئەو کەمپینە باس لە کوژرانی هاووڵاتییەکی دیکە دەکات کە هەتا ئێستا شوناسی ڕوون نەبووتەوە.دوا بە دوای کۆتایی هاتنی شانۆ هەڵبژاردنەکان لە ئێران، هێزە ئەمنیەتییەکان شەپۆلێکی نوێیان لە گرتن و سەکوت کردنی خەڵکی ئێران دەستپێکردوە.
کشانەوەی هێزەکانی روسیە لە سووریە
کۆشکی سهرۆکایهتی روسیە کرملین رهتیکردهوه ئامانج له کشانهوهی هێزه سهرهکییهکانیان له سوریا فشارخستنه سهر بهشار ئهسهد بێت. بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، دمیتری بیسکۆڤ وتهبێژی رۆژنامهوانی سهرۆکی روسیە لهکۆنگرهیهکی رۆژنامهوانیدا له وهڵامی پرسیارێکدا که ئایا بڕیارهکهی ڤلادیمێر پۆتین ئاماژهیه به ناڕازیبوونی روسیا له ههڵوێستهکانی بهشار رایگهیاند، ئهو بڕیاره پهیوهندی به ئهسهدهوه نییه، بهڵکو پهیوهندی به بهدیهێنانی ئامانجی هێزهکانی روسیاوه ههبووه لهو وڵاتهدا. وتیشی: "کشانهوهی بهشێکی بنهڕهتی هێزی روسیە له سوریە پهیوهندی بهگفتوگۆکانی نێوان ڤلادیمێر پۆتین و سهرانی نێودهوڵهتییەوە نهبووه، بهڵکو پۆتین بۆخۆی ئهو بڕیارهیداوه". شهوی رابردوو دمیتری بیسکۆڤ وتهبێژی کۆشکی کرملین رایگهیاند، ڤلادیمێر پۆتین، سهرۆکی روسیا لهگهڵ سێرگی شویگۆ وهزیری بهرگری و سێرگی لافرۆڤ وهزیری دهرهوهی ئهو وڵاته کۆبووەتهوهو فهرمانی به وهزیری بهرگری کردووه له رۆژی سێشهممهوه پرۆسهی کشانهوهی هێزی سهرهکی وڵاتهکهی له سوریا دهستپێبکات.