خەڵکی بەشەرەفی کوردستان!
ناوەندە مرۆڤ دۆست و پارێزەری مافەکانی مرۆڤ!
دەسەلاتی ڕەشی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی 4 دەیەی رابردوو ، بەئامانجی کپ کردنی دەنگی ئازادیخوازانەی نەتەوەکەمان و بەردەوامی حوکمی نارەوای خۆی لە هەموو ئامرازێکی سەرکووت و چەوسانەوە کەڵکی وەرگرتووە و خەراپترین و قێزەونترین جۆری سەرکووت و جینایەتی لەسەر میللەتەکەمان تاقی کردۆتەوە. گەلی کورد لە کوردستانی ئێران لە پێوەند بە رێژەی ئیعدامی سیاسی لە سەرووی ریزبەندییەکاندایە و پۆل پۆل لاوەکانمان بە بیانوو و تۆمەتی ساختە و گالتەجار رەوانەی جووخەکانی مەرگ دەکرێن.
لە ئێستاشدا کە قەیرانە جۆراوجۆرەکان دەوران دەوری دیکتاتۆریەتی ئاخوندانیان گەمارۆ داوە و کێشە سیاسیە نێونەتەوەیی و ناوخۆییەکانیان رۆژ لەدووی رۆژ لەپەرەسەندن و گەورەبوونەوە دایە ، بێگومان زیاتر لە هەر کاتێکی تر ترسی تەقینەوەی رقی پەنگخواردووی گەلانی ئێرانیان لێ نیشتووە و بەو هۆیەشەوە رێژەی ئیعدام و سەرکووت وەک رێگەکارێک بەمەبەستی چاوترسێن کردنی خەڵکی ئازادیخواز لە لایەن ئەو دەسەلات و سیستەمە ناخەڵکی و دژی ئازادییە زیادی کردووە .
لەدرێژەی تاوانەکانی رژیمی تاران لە راست گەلەکەمان، ئەمجارە لاوێکی بێ تاوانی شنۆیی بە ناوی هیدایەت عەبدوڵلا پوور بە تۆمەتی بێ بنەمای هاوکاری هێزی پێشمەرگەی کوردستان کەوتۆتە بەر رقی ئاخوندانی خوێنرێژ. ناوبراو کە پێشتر لە بێدادگاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران 30ساڵ بەندینخانەی بۆ بڕابوویەوە، لە دوا پێداچوونەوە بە دەستێوەردانی سپای پاسداران حوکمەکەی گۆڕدراوە بۆ ئیعدام و لە ئێستاش دا مەترسی بەرێوەچوونی حوکمەکەی پەرەی سەندووە.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێرای مەحکووم کردنی ئەو حوکمە ناعادیلانە ، سەرجەم ئازادیخوازان و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە ئاستی نێونەتەوەیی بانگ دەکات تا دەنگی نارەزایەتی سەبارەت بەو جینایەتە هەڵبڕن و بە فشاری نێونەتەوەیی و هەمەلایەنە پێش بە ئیعدامە سیاسیەکان و ئیعدامی هیدایەت و رامینەکانی کوردستان بگرن.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
6/7/2018