13 ساڵ لەمەوبەر زنجیرە خۆپیشاندان و تەزاهۆراتێک سەرانسەری کوردستانی گرتەوە. خرۆشانی جەماوەری کە سەرەتا لە شاری مەهاباد دەستی پێکرد، زۆری نەخایاند کە هاوپەشتی و هاودەنگی زۆربەی شارەکانی کوردستانی راکێشا و لەرووداوێکی کەم وێنە دا بۆ ماوەی مانگێک هەر لە ماکۆوە هەتا کرماشان بەشێوەیێکی بەربلاو خەڵک رژانە سەر شەقامەکان و دەنگی نارەزایەتیان دژی پێکهاتەی نیزامی جینایەتکاری ئاخوندان بەرز کردەوە.
سەعات 7و نیوی ئێوارەی رێکەوتی 18ی پووشپەڕی ساڵی 1384، لاوێکی شۆڕشگێڕی مەهابادی بە ناوی “کەماڵ ئەسفەرەم” ناسراو بە “شوانەی سەید قادری” خەڵکی گەڕەکی پشت تەپ لە شاری مهابد وێڕای چەند هاوڕێیەکی خۆی دەکەونە ناو بۆسەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مهاباد و سەرەنجام وێڕای ئەوەیکە شوانە بەهۆی تەقەی هێزەکانی ڕژیم بریندار دەبێت، هێزەکانی ئیدارەی ئیلاعات جەستەی برینداری ناوبراو لەپشت ئۆتۆمبێلێک دەبەستنەوەو لەناو شار ڕاکێشی دەکەنو سەرەنجام شوانە دەکەوێتە ژێر دڕندانەترین ئەشکەنجەکانو گیان دەدا.
هەروەک لە وێنە و ڤیدیۆکاندا دەردەکەوێ جیا لەوەی کە ئاسەواری لێدان و ڕاکێشان بە دوای ترۆمبیل لەسەر جەستەی شێواوی شوانە دیارە، لە هەمان کاتدا لە شاری ورمێ، گورچیلە و بەشێک لە ئەندامەکانی جەستەی دەرهێنرابوو.
جینایەتی دەسەلاتداران و وێنەی تەرمی شێوێندراوی شوانە، هاواری نارەزایەتی و وەجۆش هاتنی خەڵکی ئازادیخواز و لاوانی خوێنگەرمی مەهابادی لێبۆوە و لە جوولەیێکی شۆرشگیرانە شەقامەکان بوونە سەنگەری خۆراگری و خەبات دژی دەسەلاتدارانی ئێران و نارەزایەتیەکان هەتا دەهات زیاتر پەرەی دەستاند و تورەیی و ڕقی چەندین ساڵەی خەڵک بەرەو راپەرێنێکی بە شکۆ کە ئامانجی رووخان و لەناوبردنی کۆشکی زۆرداران بوو، کانالیزە دەبوو. بە هەمان شێوە دوای کەمتر لە2 ڕۆژ شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان گەیشتە شارەکانی سەقز، سنە، کرماشانو سەرەنجام زۆرینەی شارەکانی کوردستان بوونە گۆرەپانی رووبەرووبوونەوە لەبەرانبەر دەسەلاتی جینایەتکار و پشتیوانی و هاودەنگی لەگەڵ خەڵکی راپەریو و لاوی بەناحەق لەخوێن گەوزاوی مەهابادی بەربلاوتر دەبوو.
دەسەلاتدارانی حکوومەتی کە هەرگیز چاوەڕوانی بەخاوەن دەرکەوتنی خەڵک لە رۆڵەکانیان بەم چەشنە نەدەکرد و خۆیان بۆ ئەوە ئامادەکردبوو دەستی خوێناویان بشۆن و بە خەیاڵی ئاسوودە روانەی مۆڵگە و شوێنی حەسانەوەیان ببەن، لەناکاو هاواری جینایەتکار لەرزێنی جەماوری نارازی و ئازادیخواز پەردەی گوێچکەیانی دڕاند و بەرەورووی کێشەیێکی گەورەی کردن.
رژیمی ئاخوندی کە بە تەواوی ناهۆمێد بوو لەوەی رق و بیزاری جەماوەری و داوای ناساندن و موحاکەممەی بکەرانی ئەو جینایەتە بە فریو و درۆ بنیشێنێتەوە و کۆتایی بە تەزاهوراتەکان بێنێ، ئامرازی هەمیشەیی سەرکووت و کوشتنی هێنایە ئارا و دەستی کرد بە کوشتن و گرتن و زیندان کردنی خەڵکی مافخوازی کوردستان، هەموو شارەکانی کوردستان لە کوشتن و برینداریی و زیندان بێ بەش نەبوون و لەکاتێکدا پێویست بوو روونکردنەوە لەسەر ئەو جینایەتە نامرۆڤانەیە بدرێ، زۆر دڕندانە کەوتنە گیانی خەڵک و چەندین کەسی دیکەش شەهید کران و ژمارەیێکی بەرچاویش برینداربوون و سەدان کەسیش راپیچی گرتووخانەکران و حوکمی قورسیان بەسەر دا سەپا. هەرچەند لەدوای مانگێک راپەرینی جەماوەریی کۆتایی پێهات، بەلام ئەو حەرکەتە نارەزایەتیە دەرسێکی گەورەی بە دەسەلاتداران دادا و نیشانی دا کە گەلی کورد لە حاست خوێنی رۆڵەکانی بێ دەربەست نابێ و کوشتنی هەر تاکێک لەکوردستان تێچووی گەورەی بۆ دەسەلاتداران بەدواوە دەبێ و لەهەمان کاتیشدا هێزی لەرادەبەدەری یەکێتی و هاوپشتی بە جوانی دەرخست.
راپەرینە پڕشکۆکەی هاوینی ٨٤ ئەزموونێکی گرانبەهای لە دەفتەری شۆڕشی رزگاریخوانەی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران تۆمار کرد و لە وێنەی ئەو یەکگرتوویە لە کاتی لەسیدارەدانی ٤ لاوی تێکۆشەری کورد لە کوردستان رەنگی دایەوە و بینمیمان کە ئیتر وەک نەریتیک خەڵکی کوردستان لە دەسەلاتی قەبووڵ ناکەن کە رۆڵەکانیان بە بێ هۆ و بێ بەزییانە لەناو ببا و لەسێدارەیان بدا و ئەگەر کردەوەێکی لەم چەشنە بەرێوە ببا بێ گومان نرخەکەی زۆر گران دەبێ و خەڵکی دەرژێنە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندان و نارەزایەتی بەربلاو بەرێوە دەبن و ریزەکانی خۆیان یەکگرتوو دەکەن و ئەزموونی زیاتر وەدەست دێنن و هەستی نەتەوەییان تێدا بەرز دەبێتەوە.