کۆمەڵگای کوردستان بە گشتی و کۆمەلگای سیاسی کوردستانی ئێران بە تایبەتی یەکێ لە قوربانییەکانی تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.
تێرۆریزمی دەوڵەتیی رژیمی ئێران لە دژی کوردستان لە ساڵی ١٣٥٨ و لە دادگا چەند چرکەییەکانی سادق خەڵخالییەوە دەستی پێکرد و هەتا ئێستاش گەورەترین مەترسی سەر چالاکانی سیاسی کورستانی ئێران هەمان تێرۆریزمی دەوڵەتییە کە لە مێتۆدە نەگۆڕەکانی دەسەڵاتی تارانە.لەماوەی 4 دەیەی رابردوو لە رێگەی جۆراوجۆر لەدرێژەی هەمان سیاسەتی تیرۆریسم هەوڵی لە خشتە بردنی کۆمەڵگای کوردستان دراوە و هاوکات بە سەدان کەس لە تێکۆشەرانی حیزبی دیموکرات و سازمانی خەبات و کۆمەڵە و باقی هێز و لایەنە سیاسیەکان کەوتوونەتە بەر شاڵاوی تیرۆری ئاخوندانی ئێران و تیرۆری فیزیکی کران. هەموو ئەو تاوانە نەبەخشراوانە بە بەرچاوی جیهان کرا و مخابن لە دونیای سات و سەودای ئابووری ئەو جینایەتانە دێزە بەدەرخۆنە کران و تاوانباران تا تاران ئیسکۆرت کران.
لە دەرکەوتەکانی گۆڕینی سیاسەتی ئەمریکا لەراست ئێران ئاماژەدان بە تێرۆری بەرێزان دوکتور عەبدولرەحمان قاسملوو و دوکتور سەعیدی شەرەفکەندی بەدەستی دەوڵەتی ئێران لە لایەن بەرپرسانی بالای ئەمریکا بوو کە ئەوەش دەکرێ وەک بەڵگەیەکی تر لەسەر ئەوەی کە نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران قوربانی دەستی تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی ئێرانە لێی بروانرێ.
قۆناغی ئێستا لەوانەیە باشترین دەرفەت بێ بۆ زیندووکردنەوەی هەموو کەیسەکانی تیرۆری تێکۆشەرانی سیاسی لە کوردستانی ئێران و بە تایبەتی تیرۆری دکتۆر عەبدولرەحمانی قاسملوو و دکتۆر شەرەفکەندی و هاورێیانیان و هاوکات پێویستە و زەروورە بۆ بەرەڕووبوونەوە لەگەڵ تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی، هەموو وڵاتانی بەرپرس لە بەرانبەر ئاسایشی جیهانییدا، بەتایبەتی وڵاتانی ئورووپایی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لەلایان رژیمی تاران و تێرۆریزمی دەوڵەتی ئەو رژیمە بۆ بەرژەوەندی کورتخایەن نەخەنە پشت گوێ و لەو چوارچێوەشدا بێدەنگی و بێ هەلوێستی تاهەنووکەی دەوڵەتی ئوتریش مەحکووم دەکەین .
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، وێرای مەحکووم کردنی تێرۆریزمی دەوڵەتیی رژیمی ئێران و تێرۆری ڤییەن ، تێرۆریزمی دەوڵەتی لە دژی کوردستانی ئێران وەک دۆسیەیەکی کراوە سەیر دەکات و ئامادەیە لەگەڵ هەر دادگایەکی بێلایەن هاوکاری بکات بۆ ئەوەی دۆسیەی تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی لە دژی کوردستان لەو دادگایەدا تاوتوێ بکرێت و چیتر لە بێدەنگی جیهانییدا کەسایەتی و چالاکانی سیاسیی کوردستان لەلایەن رژیمی دیکتاتۆری ئێران تێرۆر نەکرێن.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
20ی پووشپەڕی 1397ی هەتاوی