بەداخەوە سەعات 2ی سەرلەبەیانی چوارشەممە 20ی پووشپەری 1397 ، لەروداوێکی دڵتەزێنی پێکدادانی بارهەلگرێکی سووتەمەنی لەگەڵ ئوتووبوسێکی موسافیری و کەوتنەوەی ئاگر 27 هاوەڵاتی کورد گیانیان دا و ژمارەیێکی بەرچاویش بریندارن. ئەوە یەکەمجار نییە روداوی هاوشێوەی لەم چەشنە کارەساتبارە لە جادە و رێگاوبانەکانی کوردستان روو دەدا و تا ئێستاش چەندین جار نارەزایەتی بەرین لەو پێوەندییەدا لە لایەن خەڵکەوە پیشان دراوە کە بەداخەوە هیچ پێراگەیشنێکی پێنەکراوە و ئەو جۆرە روداوانە هەر وا گیانی خەلکی بێ تاوان دەستێنێ.
ئەوەی جێگەی داخە بە جێگەی ئەوەی هێزەکانی رژیم خەمی خەڵک کەم کەنەوە و زیانی زیاتری ئەو روداوە کۆنترۆڵ بکەن بە ماشینی دژە شۆڕش هاتوونەتە شوێنی روداوەکە و لەگەڵ خەڵکی زامدار تێکگیراون و بەو هۆیەوە کۆمەلێک خەڵک بریندار و دەستبەسەر کراون. بە پێی زانیارییەکان ئەو بارهەلگرە باری سووتەمەنی قاچاغی پێ بووە و یەک لەو هەزاران بارهەڵگرەیە کە لە ژێر سەرپەرشتی سپای پاسدارانەوە هاوردە دەکرێ و دەگوازرێتەوە بۆ وەڵاتانی تر.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ویرای پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەس و کاری قوربانیانی ئەو روداوە دلتەزینە و هیوای باشبوونەوەی خێرا بۆ برینداران ، تاوانی سەرەکی روودانی ئەوجۆرە کارەساتانە دەخاتە پاڵ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران و بە دیاریکراویش سپای پاسداران کە بەشی سەرەکی کەرتی ئابووری رژیمی لەدەستە و مافیای قاچاخ لەوەڵاتی ئێرانە.
ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران
20ی پوشپەری 1397