پێنچ شه‌مه‌ 

1 سه‌رماوه‌ز2724
سازمانی خه‌بات ی
کوردستانی
ئێران
sazmanixebat

بۆچی سەڵتەنەت نا؟!

بۆچی سەڵتەنەت نا؟!
عەلی بارامی

رۆژی شەممە 9ی پووشپەری 1397 لە پاریسی پێتەختی وەڵاتی فەرانسە کۆبوونەوەی ساڵانەی ئێرانیانی ئازادیخواز کە لایەن شۆرای میللی مقاومەتەوە رێکخرابوو، بەرێوەچوو. لەو ک

رۆژی شەممە 9ی پووشپەری 1397 لە پاریسی پێتەختی وەڵاتی فەرانسە کۆبوونەوەی ساڵانەی ئێرانیانی ئازادیخواز کە لایەن شۆرای میللی مقاومەتەوە رێکخرابوو، بەرێوەچوو. لەو کۆبوونەوەدا سەدان کەس لە چالاکانی سیاسی، بەرپرسانی پێشوو، پارڵمانتێر لە  ئەمریکا، ئوروپا و وەڵاتانی عەرەبی بەشدار بوون و لە وتارەکانیاندا پشتیوانی خۆیان بۆ ئوپزسیۆنی ئێران دەربری و پێداگریان لەسەر رووخانی رژیمی ئێران کردەوە. 

کاک بابەشێخی حوسێنی سکرتێری گشتی سازمانی خەبات وەک تاکە لایەنی کوردی بەشداری کۆبوونەوەکەدا کرد و وتارێکیشی پێشکەش کرد. لەدوای وتارەکەی کاک بابەشێخ   کە تیایدا پێداگری لەسەر رەتکردنەوەی سەڵتەنەت و سیستەمی پاشایەتی کردەوە و فەرمووی: خەڵکی کوردستان بە درێژایی مێژوو دژ بە دەسەڵاتە ستەمگەرەکان لە خەباتدا بوون. دژی دەسەڵاتی شا و رژیمی ئاخوندی پێشەنگ و پێشرەوی خەبات بوون و تا گەیشتن بە ئازادی درێژە بەو خەباتە دەدەن. 

کاک بابەشێخ هەروەها گوتی: لە هێندێک دەبیستین کە پاشماوەکانی شا بە ئەلتەرناتیو ناو دەبەن، هیچ کات خەڵکی کوردستان پێشوازی لە هیچ دیکتاتۆرێک ناکەن.

ئەم وتانەی کاک بابەشێخ لەلایەن هەندێ چاودێر و رەخنەگرەوە خرایە بەرباس و هەندێکیش وایان لێکدایەوە کە پێویست نەبوو دژایەتی سەڵتەنەت تەڵەب بکرێ. یان ئەوەی کە باش نیە بزوتنەوەی کوردستان بەسەر لایەنە ئێرانیەکاندا دابەش ببن.

سەرەتا دەبێ بزانین ئێمەی کورد بۆچی دەبێ لاریمان لە سەڵتەنەت بێ و پێمان خۆش نەبێ سەڵتەنەت تەڵەبەکان لە داهاتووی ئێراندا بە دەسەڵات بگەن؟ 

لەدوای بەدەسەڵات گەیشتنی رەزاخان لە ساڵی 1304ی هەتاوی و دامەزرانی دەسەڵاتی پەهلەوی لە ئێران، ناوبراو هەوڵی چەسپاندنی بنەماکانی دەوڵەت نەتەوەی داو هزری نەتەوەگەرایی لەسەر ئەساسی وەڵات جێبەجێ کرد و بەو پێیەش وەڵاتی ئێران خاوەنی یەک نەتەوەیە و ئەویش نەتەوەی ئێرانە. ئەمە وێرای ئەوەی ناوبراو بۆ گەرەنتی دەسەڵاتەکەی رۆژنامەکانی داخست و تێکرای حیزبە سیاسیەکانی ئێرانی هەڵوەشاندەوە و بە تەواوی دەسەڵاتێکی پاشایەتی دیکتاتۆر و تاکرەوی چەسپاند.

لە کاتی دەسەڵاتی رەزاخاندا چەندیش شۆرش لە ئێران و کوردستان سەریان هەڵدا کە لە رێگەی هێز و فرت و فێل توانی شۆرشەکان سەرکوت و سەرانی ئەو سەرهەڵدانانە شەهید بکات، یەک لەو شۆرشانەی کورد کە هەتا ئێستاش شانازی پێوە دەکرێ، شۆرشی سمائیل ئاغای شکاکە کە بە فێل لە پادگانی شنۆ لەلایەن رەزاخانەوە لە سەر مێزی وتووێژ تیرۆر کرا. 

لەدوای کۆتایی شەری یەکەمی جیهانی و دوور خستنەوەی رەزاخان لە دەسەڵات لەلایەن موتەفەقینەوە، حەمە رەزای کوریان هێنایە سەر دەسەڵات کە ئەویش یەکەم هەنگاوی بۆ گێرانەوەی هێژموونی دەسەڵاتی پەهلەوی و سەڵتەنەت پەڵاماری کۆماری کوردستانی دا لە مەهاباد و ئەو کۆمارەی هیوا و هومێدی کورد بوو لە لەلایەن حەمە رەزاوە لە بار براو پێشەوا و هاوڕێیانی و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئاغا و بەگەکانی لایەنگری کۆماری لەسێدارە دان. 

هەروەها حەمەرەزای پەهلەوی شای ئێران  بزوتنەوەی ساڵەکانی 46ـ47ی کوردستان کە لەلایەن شەهیدان سلێمانی موعینی و مەلا ئاوارە و ... دەستی پێکردبوو سەرکوت کرد و بەشێکی زۆر لەو تێکۆشەرانەی کوردی شەهید کرد.

لەگەڵ ئەو رابردووەی سیستەمی پاشایەتی لە کوردستان تۆماریان کردبوو، خەڵکی کوردستان رق و بێزاریەکی زۆریان لەو دەسەڵاتە هەبوو هەر بۆیە وێرای جەماوەری ناوچەکانی دیکەی ئێران لە ساڵی 1357 (1979) بە مەبەستی روخان و لە کۆڵ کردنەوەی ئەو دەسەڵاتە راپەرین و لەو پێناوەشدا ژمارەیەکی زۆر لە رۆڵەکانی کورد لە شارە جیاجیاکان لەلایەن هێزەکانی نیزامی پاشایەتیەوە شەهید کران، بەڵام خەڵکی کوردستان لەگەڵ دانی هەر دڵۆپە خوێنێک شێلگیرتر دەبوون لە دژایەتی کردن و هەنگاونان بۆ روخان و لەناوبردنی ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرە.

ئەو چەند نمونە لە رابردووی دەسەڵاتی دیکتاتۆر و دژە کوردی بنەماڵەی پەهلەوی لە راست نەتەوەی کورد لە ئێران بەسە بۆ ئەوەی ئەو قسە بسەڵمێنین کە نابێ رێگە بە دروست بوونەوەی سیستەمی پاشایەتی لە هەر جۆر و شێوە و قاڵبێکدا بدەینەوە. ناکرێ لە ئێستاوە مەشروعیەت بدەین بە دەسەڵات و کەسانێک کە بە رووبارێک خوێنی رۆڵەکانی کورد و نەتەوەکانی ئێران لە کۆڵ بوونەتەوە.

هەر وەک کاک بابەشێخ ئیشارەی پێدا خەڵکی کوردستان بە درێژایی مێژوو بۆ رزگاری و ئازادی خەباتی کردووە و هیچ کات ئامادە نابێ پێشوازی لە دیکتاتۆرەکانی رابردوو بکەنەوە، هەروەها وەک دەبینین نە کوری شا و نە دارودەستەکەی شتێکی ئەوتۆ نین کە لە بەرامبەر رژیمی ئێراندا دەور و کاریگەریان هەبێ، وە نابێ ئێمە لەو خەڵکە رەگەزپەرەست و هیچ لەباردا نەبووانە ئاڵترناتیوی رژیمی ئێران دروست بکەین چوونکە ئەوان لە ئێستادا کە هیچیان بەسەر هیچەوە نیە حاشا لە بوونی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران دەکەن، بێتو بەدەسەڵات بگەن یەکەم قوربانی دەستیان هەر ئەوانە دەبن کە ئێستا دەیانەوێ بە ناوی کوردەوە پشتیوانیان لێ بکەن و دوکەڵی ئەم کارەش بە چاوی خۆماندا دەچێتەوە، بۆیە ئێمە وەک سازمانی خەبات پێداگری لەسەر ئەوە دەکەینەوە نابێ رێگە بدرێ سەڵتەنەت تەلەبەکان هەوای دەسەڵات بیانگرێ، یان لانی کەم ئێمەی کورد کە قوربانی زۆرمان داوە بۆ لەناوچوونیان پشتیوانیان لێ بکەین بۆ ئەوەی بە کورسی و پلەی پاشایەتی بگەنەوە.

لە ئێستادا کە دەسەڵاتی ئاخوندان بەرەو زبڵدانی مێژوو ملی رێیان گرتووە، نابێ رێگە بە گەرانەوەی دەسەڵاتی سەڵتەنەتی و پاشایەتی بدەینەوە، بەڵکوو هەوڵەکانمان بۆ دامەزرانی دەسەڵاتێکی کۆماری لەشێوە پارڵمانیەکەی، کە دەنگی خەڵک تیایدا میلاک و حەکەم بێ و تێکرای نەتەوەکان بەتایبەت نەتەوەی کورد بە مافە بنچینەییەکانی خۆی بگات بخەینە گەڕ.


6 ساڵ و 4 مانگ و 9 ڕۆژ و 8 کاتژمێر و 42 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

بۆچی سەڵتەنەت نا؟!

بۆچی سەڵتەنەت نا؟!

په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

په‌یوه‌ندی گرتن


ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07506206655 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504687209 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504497138 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا     : 0767676746   (0046)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا       : 040331264   (0047)



په‌یوه‌ندی ئه‌له‌کترۆنی:



[email protected] 
[email protected]
xebatmedia@sazmanixebat.net
[email protected]om

ئۆرگانه‌کانی سازمانی خه‌بات


ڕێکخراوی ئافره‌تانی خه‌باتی کوردستانی ئێران 

ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران