لە یادی هەشتەمین ساڵوەگەڕی وەفاتی سەرکردە و رێبەرمان ، مامۆستا شێخ جەلالی حسینی دا، سەری رێز و
لە یادی هەشتەمین ساڵوەگەڕی وەفاتی سەرکردە و رێبەرمان ، مامۆستا شێخ جەلالی حسینی دا، سەری رێز و
نەوازش دادەنەوێنین.
بەشداربووانی بەرێزی ئەم کۆڕیادە، هاوباوەڕانی بەرێزی رێبازی پڕ لەسەروەری مامۆستای نەمر!
٣٠ پووشپەڕی ئەمساڵ هەشتەمین ساڵڕۆژی وەفاتی ئەو مرۆڤە بە هەلوێست و خۆنەویست و گەل و نیشتمان خۆشەویستەیە کە هەر لە هەڕەتی لاوی و سەرەتاکانی ژیانیەوە، لە پێناو بەدەست هێنای زانست و پێگەیشتن و هەڵدان و بەرەو پێشچوون دا،هەڵوەدا بووە ، ئەم مرۆڤە دانستەو هەڵکەوتوە، لەسەردەم و قۆناغێک دا، خۆی ناسیەوە کە کۆمەڵگای کوردەواری لە کوردستانی ئێراندا لە سەرەتاکانی ئاڵوگۆڕیکی سیاسی ــ کۆمەڵایەتی وفەرهەنگێەکی وا دابووە کە لە سەردەمەکانی پێش خۆی جیاوازتر و بەرجاوتر بووە.
مامۆستا بەهۆی کەسایەتی باوک و برا و هەڵس و کەوتەکانی خۆی، زۆر زوو لە لای پیاو ماقولان و کەسایەتیە ناودارەکانی ئەو سەردەمەی کۆمەڵگاکەی ، بۆتە جێگای رێز و متمانە. مامۆستا هەم خوێندکارێکی بە توانا و ئەرک ناس بووە و هەم خوازیارێکی زانست و بەرەوپیش چوون . بناغەی پتەو و دروستی فێربوون و زانستی سەرەتا لە لای دڵسۆزترین کەسی واتە باوکی و پاشان بۆ دارشتن و بنیاد نانی کۆشکی عیلم و مەعریفەت و ئەخلاق جوانی و نیشتمان پەروەی، لەلای برای گەورەی خۆی واتە مامۆستا شێخ عیزەدین ی نەمر و رەوانشاد، دادەڕێژێ و دەبێتە خوێند کار. مامۆستای نەمرمان مامۆستا شێخ جەلال وێرای خوێندن و کۆکردنەوەی عیلم و زانستە باو و جۆراوجۆرەکانی ئەو سەردەمە، لەسەر رێنوێنی کەسانی دڵسۆزی نەتەوە و نیشتیمان، یەک لەوان مامۆستای براگەورەی، هەست و سۆزی کوردایەتی و نیشتمان پەروەری و شۆرشگێڕی لە پێناو رزگاری نەتەوە و نیشتمانی دا، نەک هەر گەشەدەکات، بگرە بە کردوە دەکەوێتە مەیدان و سەنگەری خەبات و تێکۆشان و بەشانازیەوە دەبێتە ئەندامی کۆمەلەی ژیانەوەی کورد (ژێکاف) و لەسەر دەستی یەکێک لە مامۆستاکانی سوێندی وەفاداری تاسەر بە نەتەوە و نیشتمانەکەی دەخوا، کە تا کاتی مردن و لەدنیا دەرچوونی بەو سوێند و بەلێنەی وەفادار مایەوە ولە هیچ هەل و مەرج و قۆناغێک دا سوێند و بەلێنەکەی نەشکاند.
مامۆستا نەک هەر سۆرشگێر و باوەڕدارێکی ئایینی و نەتەوایەتی بوو، بەڵکو ئەدیبێکی روانبێژ، زاناێکی وانە وێژ،رێبەرێکی پشوودرێژ،سیاسێکی بەرواوێژ . مرۆڤ دۆستێکی بە ئەندێش بوو. مامۆستا خەمخۆری تیکرای چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بوو. ئاوات و ئامانجی سەرکەوتنی کورد و رزگاری نیشتمان بوو، لە لای مامۆستا نەتەوەی کرد و کۆمەڵگا مەلێک بوو کە بە دوو باڵی بەرانبەری ژن و پیاو دەیتوانی بفڕێ و رێگای سەختی بەرەو رزگاری ببڕێ. هەر بۆیە دوای ئەوەی کە سازمانی خەباتی کوردستانی ئێرانی دامەزراند، بەشداری تێکڕای چین و توێژەکانی کوردەواری بە بێ جیاوازی دانان، بە مەرجی سەرەکی دانا و ژن و پیاوی لەیەک سەنگەر و یەک ریز دا بۆ خەبات و بەربەرەکانی داگیرکەران هاندەدا،لەم بارەوە سەرەتا لە ئەندامانی خێزانەکەی خۆیەوە دەستی پێکرد و پاشان لە هەموو قۆناغەکانی ژیانی خۆیدا لە بەڕیوەبردنی سازمانی خەبات و ئەرکی شۆڕسگێری دا پشتیوان و داکۆکی کاری ماف و ئازادیەکانی ژن بوو. هەر بۆیە ئێمە وەک رێکخراوی ئافرەتانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران، بە لەدەست دانی ئەو رێبەر و سەرکردەیە، دڵسۆز و داکۆکی کارێکی مەزن و پاڵپشتێکی قایممان لەدەست چوو،ئەوەی لە لای مامۆستا جیاوازی هەبوو، جیاوازی رادەی تێگەیشتن و دڵسۆزی بوون و ئەرک ناسی و راستگۆیی و نەبەزی مرۆڤەکان بوو نەک جیاوازی جنسی . گوێگرتن لە وتە بەنرخەکانی و سەرنج دان بە وتار و رێنماییەکانی ئەوراستیانەمان بۆ دەردەخات کە مامۆستا رێبەری نەمرمان چەندە بە قوڵی لە ماف و ئازادیەکانی مرۆڤ بەگشتی و مرۆڤی ئافرەت بە تایبەتی گەیشتووە و هاو سانی و هاوبەشی هەردوو رەگەزی نێر و میی لە بەرەو پێشبردنی کۆمەڵگا و ژیانی رۆژانەدا بە لازمی یەکتر زانیوە . مامۆستا وەک مامۆستاێکی ئایینی ، ماف و ئەرکەکانی مرۆڤی بە ژن و پیاوەوە لە دووتوێی زانستی ئایینی و، وەک ئازادیخواز و سۆرشگیڕێک ، لەهەستی بەرزی یەکسانی خوازی و، وەک داکۆکی کارێکی دادپەروەری کۆمەلایەتی و ئازادی نەتەوایەتی، لە رەهەندەکانی دیموکراسی و پێکەوە ژیانی بەرانبەردا، بە تەواوەتی موتالا کرد بوو و لە پێناو بە کردەوەیی کردنیان دا بە درێژایی ژیانی شۆرشگێری خۆی خەباتی بۆ کرد و خۆی توشی هەموو ناخۆشیەکانی ژیانی پڕ لە کوێرەوەری دەربەدەری دوور وڵاتی و لەدەستدانی جگەر گۆشەو ئازیزانی کرد.
ئێمە وەک رێکخراوی ئافرەتانی خەبات ی کوردستانی ئێران هیوادارین لە هەر هەنگاو و ئاکار و کردار وبیر و تێرامانێکمان دا، وانەکانی ئەو رێبەر و سەرکردە و مامۆستایەمان بکەینە سەرمەشقی کار و تێکۆشانمان لەرەوتی ژیانی سیاسی و ئاسایی خۆماندا، تا بەم هۆیەوە توانیبێتمان وەک وەفاێک بۆ ئەو مرۆڤە بەرز و مەزنە دەینی خۆمان ئەدا کردبێ.
هەزاران هەزار سڵاو لە گیانی پاک و بەرزی مامۆستای مرۆڤایەتی و کوردایەتی و یەکسانخوازی، مامۆستا شێخ جەلال حسینی سەرکردەو رێبەری نەتەواییمان.
رێکخراوی ئافرەتانی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
٣٠ پووسپەڕی ١٣٩٧ کۆچی خۆری.