شەوی شەممە 6ی گەلاوێژی 1397 لە بارەگای ناوەندی سازمانی خەبات رێورەسمی هەشتەمین ساڵرۆژی کۆچی دوایی مامۆستا سەیید جەلال حسێنی دامەزرێنەری سازمانی خەبات و رێبەری
شەوی شەممە 6ی گەلاوێژی 1397 لە بارەگای ناوەندی سازمانی خەبات رێورەسمی هەشتەمین ساڵرۆژی کۆچی دوایی مامۆستا سەیید جەلال حسێنی دامەزرێنەری سازمانی خەبات و رێبەریی نەتەوەیی گەلی کورد بە ئامادەبوونی بەرێز کاک بابەشێخ حسێنی سکرتێریی گشتی بەرێوە چوو. رێورەسمەکە بە فاتیحەو دەقیقەیێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە شەهیدانی سوورخەڵاتی کوردستان و بە تایبەتی مامۆستای نەمر دەستی پێکرد.
پاشان داوا لە بەرێز کاک بابەشێخ حسێنی سکرتێری گشتی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران کرا کە پەیامەکەی بەو بۆنەوە پێش کەش بکات. بەرێزیان لەووتارێکدا تیشکی خستە سەر چەندین لایەنی بەرزی کەسایەتی مامۆستای نەمر و بە ئاوردانەوە لە کەسایەتیە دەگمەنەکەی مامۆستا باسی چەندین وێستگەی گرینگی ژیانی جەنابی مامۆستای کرد. بەرێز کاک بابەشێخ حسێنی لەبەشێکی تر لە قسەکانی دا تیشکی خستە سەر سیاسەتە ئوسولیەکانی سازمانی خەبات و مانەوە لەسەر ئەو ئوسولانەی بە سەرمایە و بایەخێکی گرینگی سازمان ناساند. بەرێز حسێنی لە درێژەی وتەکانی دا ئاماژەی بە دۆخی ناسکی ئێران و ئەرکەکانی جوڵانەوەی رزگاریخوازانەی گەلەکەمان کرد و رەوشی قەیراناویی دەسەڵاتی ئاخوندی بە دەرفەتێک بۆ وەدیهێنانی ئالۆگۆری قوڵ و بنەڕەتی سیاسی لەئێران لێکدایەوە و دوورەدیمەنی ئامانجی رووخانی دەسەڵاتی بە روون وەسف کرد.
لەدوای ووتەکانی بەرێز کاک بابەشێخ حسێنی سکرتێری گشتی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران پەیامی رێکخراوی ئافرەتان لە لایەن بەرێز خاتوو فاتم عەبدوڵلا زادە بەرپرسی کومیتەی سلێمانی رێکخراوەوە پێش کەش کرا. لەدوای پەیامی رێکخراوی ئافرەتان، فیلمێکی دیکۆمێنتاری لەسەر چەندین قۆناغی گرینگی ژیانی سیاسی جەنابی مامۆستا سەیید جەلال حسێنی پێش کەش کرا.
مامۆستا محەممەد ئەدیبی بەرنوێژی مزگەوتی کەوپێچی بانە کە ماوەێکە بە هۆی فشارە لەرادەبەدەرەکانی وەزارەتی ئیتلاعات ناچار بە بەجێهێشتنی زێدی خۆی بوو و یەکێک لە میوانانی رێورەسمەکە بوو، بە بۆنەی هەشتەمین ساڵیادی کۆچی دوایی جەنابی مامۆستا وتاری پێش کەش کرد. بەرێز مامۆستا ئەدیبی لە وتەکانی دا ئاماژەی بە گەورەیی و خۆشەویستی جەنابی مامۆستا شێخ جەلال و دەور و نەخشی بەرێزیان لە راپەرین و سازدانی جەماوەری راپەریو دژی سیستەمی پاشایەتی کرد و مانەوە لەسەر بایەخ و بەلێنەکانی خۆی بۆ گەلەکەی بە یەکێک لەو هۆکارانە زانی کە مامۆستای بۆ هەتا هەتایە لە ناو دڵی خەڵکدا بە زیندوویی دێلێتەوە.
پەیامی رێکخراوی لاوانی خەبات ی کوردستانی ئێران لە لایەن بەرێز کاک عەتا سەعیدی ئەندامی رێکخراوی لاوان پێش کەش کرا. جێگەی باسە لە ناوئاخنی رێورەسمەکە چەندین سرود و پەخشانی بە پێز پێش کەش کرا.