رژیمی ئاخوندی ئێران ماوەی چوار دەیەیە لەنێو موعادیلات و کایە سیاسیەکاندا زۆرترین پشکی دەست تێوەردان و شەرئەنگێزی بەرکەوتوە لەسەر ئاستی جیهاندا، و لەنێوخۆی وڵاتە
رژیمی ئاخوندی ئێران ماوەی چوار دەیەیە لەنێو موعادیلات و کایە سیاسیەکاندا زۆرترین پشکی دەست تێوەردان و شەرئەنگێزی بەرکەوتوە لەسەر ئاستی جیهاندا، و لەنێوخۆی وڵاتەکەشی وەک مشەخۆرێک جگە لە ویشک کردنەوەی جەستەو وزەی خەلکی وڵاتەکەی و بە هەدەردانی سەرمایەو و ژیانی هاوڵاتیانی، شتێکی زیاتری پێ نەبووە.
لە هێندیک کاتدا رژیم لە دەرفەتەکان بۆ بلاوکردنەوەی پانتایی شەرئەنگێزیەکانی کەڵکی وەرگرتووە و یەک لەو کاتانە ئەو کاتەیە کە باراک ئۆباما سەرۆک کۆماری پێشوی ئامریکا، ساڵی ٢٠ ١٥ رێکەوتننامەی ناوکەیی ناسراو بە بەرجامی لەگەل رژیم واژۆ کرد، هێندەی تر دەسەڵاتی رژیمی بەرفراوان کردەوە بۆ شێواندنی مەیدانی سیاسی نێودەوڵەتی.
بەڵام وەک دەڵێن تەمەنی هەر رژیمێکی دیکتاتۆرو خوێن خۆر کورتەو تا سەر ناتوانێ بەردەوامبێ.
رێکەوتنی بەرجام شا دەماری رژیم بوو، بە کۆتایی هاتنی، چارەنوسی رژیمی بە تەواوی گۆری و فشارەکان تا دێ قورستر و بازنەی گەمارۆکان تەسکتر دەبنەوە.
ئەم وەزعەی کە ئێستا بەرۆکی رژیمی گرتووە، بۆتە مۆتەکە بۆ سەرانی دەسەڵات و لەنێو شەرێکی دەرونی خراپدا دەژین و لە نێوان دو ریانێکدا گیریان کردووە کە دەربازبونیان مەحاڵە.
ئەو گەمارۆیانەی کە لە قۆناغی یەکەمدا و دوای نەوەد رۆژ مۆڵەت کارا کران، بەشێکی زۆر لە سێکتەرەکانی رژیمی کردۆتە ئامانج لەوانە: سێکتەری ماشین، زێرو کانزا خاوەکان، فەرش و پۆشاک، لەسەروشیانەوە تمەن و ئاڵوگۆری دولار.
ئەوەش کۆڵەکەی وێستانی رژیم لەق دەکات، چونکە توانای ئابوری رژیم لە بازرگانی جیهانیدا ناهێڵێ و پەکی دەخات.
لەناوخۆی وڵاتەکەشیدا قەیرانەکان و نەهامەتیەکانی خەڵکەکەی سەد قات دەکاتەوە و هێندەی تر لە مەرگ نزیکیان دەکاتەوە.
ئەوەی جێگەی دڵخۆشیە لێرەدا، ئەم دۆخەی ئێستا دروست بووە چارەنوسی رژیم بەرەو ئاقاری لەناوچوونی یەکجاری دەبات و ناچاری دەکات کە پێملی فشارو بریارەکانی ئامریکا ببێت بەوەی کە لە پەلەقاژە بکەوێت و لەپێناو مانەوەیدا قەبوڵی هەر شێک بکات.
بە هەڵسەنگاندنی دۆخی رژیمیش لەناوخۆ و ئەو قەیرانە ئابوریەی کە چاوەرێی دەکات، دەگەینە ئەو نەتیجەیەی کە رژیم تا وەگەرخستنەوەی گەمارۆکانی قۆناغی دووەم کە لە مانگی یانزەی زاینیدا کارا دەکرێنەوە، ناچاردەبێت کە بچێتە سەر مێزی وتوێژ و پێملی بریارەکان ببێ، چونکە ناتوانێ فشاری ئەو هەمووە قەیران و راپەرینە جەماوەریانەی خەڵکەکەی ... هەڵگرێت و شانی وەبەردا، یان پشت بە بەلێنەکانی وڵاتانی ئوروپایی و یەکگرتوو ببەستێ، چونکە ئەو وڵاتانە خۆشیان بە باشی دەرکیان بە مەترسیەکانی ئامریکا و گەمارۆکانی کردووە.
بۆیە رژیم ئەگەر لەماوەی ئەو نەوەد رۆژەی دیکەدا کە دەرفەتە، ئەگەر بە باشی بیر نەکاتەوە، ئەوکاتە خێرایی زیاتر دەدات بە پرۆسەکانی لەناوچونی خۆی و دەسەڵاتەکەی. هەموو ئەگەرەکانیش باس لەوە دەکەن کە دەربازبوون لەو قەیرانە یەکجار دژوارە و هەر رێگەیێک بۆ رژیم تێچووی یەکجار گەورەی بەدوادادەبێ.