ئەم مانگی گەلاوێژە 26 ساڵ بەسەر شەهید کرانی شەهیدی سەرکردە خالید حەسەن نژاد تێپەری، 26 ساڵ لەوە پێش یەکێک لە باشترین و دڵسۆزترین رۆڵەکانی رێبازی سازمانی خەبات
ئەم مانگی گەلاوێژە 26 ساڵ بەسەر شەهید کرانی شەهیدی سەرکردە خالید حەسەن نژاد تێپەری، 26 ساڵ لەوە پێش یەکێک لە باشترین و دڵسۆزترین رۆڵەکانی رێبازی سازمانی خەبات بە دەستی تاقمە ترۆریستیەکانی رژیمی ئێران لە شاری رانیەی باشووری کوردستان بە پلەی شەهادەت گەیشتوو چووە ریزی نەمرانەوە. بە شهیدبوونی کاک خالید سازمانی خەبات زیانێکی قەرەبوونەکراوی وێکەوت و هەتا ئێستاش هاوسەنگەرانی خەم و پەژارەی ئەو سەرکردە دڵسۆز و ماندوونەناسەیانە.
لە یادی 26مین ساڵرۆژی شەهیدبوونی خاڵیدی حەسەن نژاد دا سەری رێز و نەوازش لەبەردەمی دا دادەنەوێنین و هەمیشە بەرێزەوە یادی بەرز رادەگرین.
یادی شەهیدی سەرکردە، شەهید خالیدی حەسەن نژاد
دەردی داگیرکەرانی نیشتمانی خۆشەویستمان کوردستانی ئازیز، دەردی دەستەسەری و دەست بەسەریی گەلی کورد و ژانی ژێر چەپۆکی و چارەڕەشیی گەلەکەمان، دەردێکی ئەوەندە گرانە کە بەخت کردنی گیانی شیرین لە رێی موبارزەی رزگاریی خوازانە لەو هەموو دەردو ژانەدا هاسانە لەلای رۆڵەکانی کوردستان.
گیان و ژیان کوا نرخی هەیە بەژێر دەستی و کۆیلەیی؟ کوا ژیان بە ژیان دەژمێردرێ کە بەند لە سەردەست و پێ بێ و قفڵی دیکتاتۆران لەسەر دەم بێ؟ ژیان بە دیلی بە ژیان ناژمێردرێ بەتایبەت ژیان بە ژێردەستی لە نیشتمان و خاک و ئاوی باو باپیران دا، دوژمن بۆ بژی لە سەر ئەو نیشتمانە؟ ئەو دوژمنەی کە ژیانی لە خاوەن ماڵ کردۆتە مەرگی بە زیللەت، چۆن دەبێ لێی کەڕ بین بێ دەردی سەر درێژە بە ستەم بدا؟
ئەو خاوەن نیشتمانە خاوەن وێژدانانەی کە ئاوا لە دەست دوژمن بە ئازارن و لە ستەم بێزارن چۆن دەبێ ئەو گیانە نیوە گیانەو ئەو ژیانە پڕ لە دەردو ژانەیان نەکەنە ئاوری بێ ئەمان بۆ گیانی دوژمنان؟ وە ئەو دوژمنانەی بە ناڕەوا ژیانیان لە خاوەن ماڵ و نیشتمانان تاڵ کردوە ژین لەوانیش تاڵ بێ. ئەوە حەقی ستەم لێکراوانە کە دژ بە ستەمگەران بیکەن.
گەر بێیە لای رۆڵەکانی کوردستانی داگیرکراو لە هەموو لایەنێکەوە، گیان بایەخێکی نیە لە رێی ئامانجی پیرۆزدا کە تۆڵە ساندنە لە ستەمگەر و پاشان راونانیەتی لە کوردستانی خۆشەویست و ئازیز. گیان لە رێی خەبات و موبارزەدا بایەخی نیە لای ئەو رۆڵە دڵ زیندووانەی کوردستان. بەڵێ هیچ رۆڵەیێکی کوردستان کە هەستی مرۆڤایەتی زیندوو بێ کە زۆربەی رۆڵەکانی وان، دەربەست بە گیانی خۆی نیە بەلام لەگەڵ ئەوەدا، هەر کام لە رووی فیداکاری و ئیسارەوە، گیانی هەڤاڵانی خۆی لا عەزیزە و حەز دەکا گیانی خۆی سوپەری گیانی وان و خوێنی خۆی بکا بە دێڕکێشی ژیانیان، هەڤاڵانیان بمێنن بە سەربەرزی و سەرکەوتوویی. خۆی بمرێ و هەڤاڵانی خۆش بن. هەر بۆیە مەرگی هەرکام لە رۆڵەکانی کوردستان لە دڵی هەڤاڵاندا بەژانە، کە دەزانن خەبات و موبارزە بەبێ خۆین نابێ.
جا لێ گەڕێ و مەپرسە مەرگی هێندێ لە هەڤالان چەندە بەژانە. مەرگی ئەو هەڤالانەی کە هەموو وجودیان دڵسۆزی و خزمەت و ماندوویی بۆ شۆرش و شۆرشگێڕانە. بێ ئەوە کە قازانجی خۆیان لەبەر چاوبگرن وە بێ ئەوە کینە لە هەڤالانیان لە دڵ بگرن. دەزانی چەندە مەرگیان بەژانە و چەندە مەرگیان بۆ شۆرش بەزیانە؟
بەڵێ جێ ی ئەو کەسانە لە دڵی هەڤاڵان لە ریزی شۆرشدا بەچرڵەو چزڵ دەمێنێ. مەگەر بە سەرکەوتن و بە گەیشتن بە ئامانج جێی ئەو جۆرە کەسانە لە دڵ و لە ریزی هەڤاڵاندا پر ببێتەوە. دیارە ئەو دەمە رۆحی ئەوانیش لە بەهەشتی شەهیداندا، دەحەسێتەوەو ئاهێکی دێتەوە بەر.
بەڵێ کوردستان رۆڵەی وا مەرگ بەژانی زۆرن کە کەلەبەریان پڕنابێتەوە مەگەر بە سەرکەوتن. سازمانی خەباتی خوێناوی زۆری رۆڵەی هەرە بەنرخی ئاوای پێشکەش بە خەباتی کوردستان کردوە. دژمنی داگیرکەر کە لە جەنگی داسەپاودا ناگاتە ئامانجی، لە رێگەی ترۆر و رەشەکوژی هەوڵ دەدا بۆ زەربەتدان لە کادرە بە کەڵکەکانی شۆڕش وە ئەو بەرنامە نا ئینسانی و ترسنۆکانەیەی لەگەڵ ئەندامە دڵسۆزەکان و لە کڵدەرهاتووەکانی شۆڕشی کوردستان بەکار هێناوە.
یەکێک لە رۆڵە بەنرخەکانی گەلەکەمان کە بەو شێوەیە بەدەستی ترۆریستەکانی رژێمی ئێران شەهید کرا، کاک خالیدی حەسەن نژاد ناسراو بە خالید سەقزیە.
کاک خالیدی حەسەن نژاد کوڕی مەلا عەبدوڵا لە ساڵی 1342دا لە شاری سەقز لە بنەماڵەیێکی هەژاردا لەدایک بوو. لە حەوت ساڵیدا چووە مەدرەسەو تا سێی راهنمایی دەرسی خوێند. کە شۆرشی گەلانی ئێران دەستی پێ کرد بووە هۆی هێرشی نامەردانەی هێزە سەرکوتگەرەکانی رژێمی خومەینیەوە بۆ سەر کوردستان نەی توانی درێژە بە خوێندنەکەی بدا. وەک رۆڵە بەهەست و دڵپاک و شەرەف پەرەستەکانی تری کوردستان پاییزی 1358 هاتە ناو ریزی پێشمەرگایەتی دەفتەری مامۆستا شێخ عیزەدینەوە. لەگەڵ پێکهاتنی سازمانی خەبات وێڕای هەڤاڵانی لەناو دەفتەردا هاتە سازمانی خەباتەوە وە بوو بە ئەندامێکی باوەر پێ کراو لە سازماندا و درێژەی بە کاری شۆرش دا بەو پەڕی پاکی تێ کۆشاوە کە جێی رەزامەندیی دڵسۆزانی سازمانی خەبات بوو.
کاک خالید سەقزی بە هۆی پاکی و شیاویی خۆیەوە پلەی سەردەکەوت تا لە کۆنگرەی دووهەمی سازماندا بوو بە ئەندامی دەفتەری سیاسی. کاک خالید لەگەڵ ئەوەش دا کە لاوێکی بەغیرەت و بەجەرگ بوو، لەبەر نیهایەتی پاکی و درووستکاریی زۆرتری کاری لە بەشی دارایی و تەداروکاتی سازماندا پێ دەسپێردرا. لە پاکی و دروست کاری دا کەم وێنە بوو، وە لە بەهاری ئەم ساڵ دا بوو بە بەرپرسی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی. کاک خالید ئینسانێکی حەواوە و رووخۆش و دڵپاک بووە جوێ لەوە لە کاری خۆیدا زۆر موقەرەراتی و جیددی و خۆشەویستی عام بوو. کاک خالید جوێ لەو کارە سازمانیانە کە گوترا لە جەولەی پێشمەرگەدا بەشداری دەکرد و لەو سەنگەرەشدا بە ئەوپەری ئیمان بە رێبازی سازمان و شۆرشە رەواکەی کوردستانی لە خۆی نیشان دا.
بەداخێکی گرانەوە ئەو رۆڵە بەنرخەی گەل، ئەو قارەمانە بە ئیمانەی سەنگەری سازمانی خەبات، لە شەوی سێ شەممە 8 لەسەر9ی گەلاوێژی 1371 بە دەستی عەوامیلی رژێمی ئێران لە ناو شاری رانیەی کوردستانی عێراق دا شەهید کرا و چووە ریزی کاروانی شەهیدانی گەلەوە.
مەرگی کاک خالید زیانێکی گەورە بوو بۆ سازمانی خەبات و شۆرش. مەرگی کاک خالید داخێکی گران و بەژانی بەسەر دڵی هەڤاڵان و دۆستان و ناسیاوان دا هێنا.
هەزاران سڵاو لە گیانی نەمری کاک خالید و گشت شەهیدانی رێی رزگاری کوردستان.
روخان و نەمان بۆ رژێمی ترۆریستپەروەری تاران. نەفرین و لەعنەتی گەل بۆ خەیانەتکارو جاسوسان.
دەستی تۆڵەی گەل بەهێزەو وەک خەزانی پاییز گەڵای تەمەنی خۆفرۆشان دەوەرێنێ و دەستی هەموو تاوانبارێک دەقرتێنێ.