گه‌لی کورد که لە مێژە تامه‌زرۆی ئازادیە، هیواداربوو لە دوای رووخانی رژیمی پاشایەتی مافه پێشێلکراوەکانی بەدەست بێنێتەوە،
عه‌لی بەهرامی
له دوای ئه‌و ئاڵووگۆڕانه‌ی له ساڵی 1357ی هەتاوی له ئێران‌دا هاته ئاراوه، تێکڕای نەتەوەو خاوەن باوەرە جیاجیاکانی ئه‌و وه‌ڵاته ئومێده‌وار بوون که له ئێرانێکی ئازاد‌دا بە مافه بنچینه‌ییه‌کانی خۆیان بگەن و به ئاشتی و ئارامی و برایانه پێکه‌وه بژین، به‌ڵام به قۆرغکردنی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن ژماره‌یێک ئاخوندی مێشک ووشک که ته‌نها بایه‌خیان به سه‌پاندنی بیر و باوه‌ڕی دواکەوتووانەی خۆیان ده‌داو لە وەڵامی داوای مافی نەتەوەو پێکهاتەکاندا ته‌نیا پشتیان به‌سه‌رکوتوو توند و تیژی ده‌به‌ست به‌شێوه‌یێک که لەچاو رژیمی پاشایەتی سیسته‌مێکی چه‌ند به‌رابه‌ر دیکتاتۆریان هێنا ئاراوه و هه‌ر بانگێکی ئازادیخوازانه‌یان به‌خه‌یانه‌ت به وەڵات و ئینقلاب ناوهێنا و بە شێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە پەلاماریان دەدا.
گه‌لی کورد که لە مێژە تامه‌زرۆی ئازادیە، هیواداربوو لە دوای رووخانی رژیمی پاشایەتی مافه پێشێلکراوەکانی بەدەست بێنێتەوە، بەلام به‌داخه‌وه نه‌ک به مافه‌کانی نه‌گه‌یشت به‌ڵکوو که‌وته‌به‌ر بێ ره‌حمانه‌ترین شێوه‌کانی سه‌رکوت وداگیرکاری، هه‌ربۆیه به‌ناچاری رێگه‌ی خه‌بات و به‌ربه‌ره‌کانێی له‌به‌رانبه‌ر فاشیزمی مەزهەبی و بیری دواکەوتووی ئاخوندانیان هه‌ڵبژارد، هاوکات له‌گه‌ڵ باقی ئازادیخوازانی ئێرانی‌دا له به‌رامبه‌ر ئه‌و رژیمه‌دا وێستایه‌وه و ئاماده نه‌بوو مل به ده‌سه‌ڵاتێکی دیکتاتۆر و دواکەوتوو بدات، که له‌ژێرناوی دین و برایه‌تی موسڵمانان، هه‌موو ئازادیه‌کان ژێر پێ بنێ و له‌بەرامبەر داوا رەواکانی گه‌لی کوردا هێرش بۆ سه‌رماڵ و ژیانی خه‌ڵکی کوردستان په‌یره‌و بکات.
له‌وه‌ها هه‌ل و مه‌رجێکدا که کوردستان پێی دا تێپەردەبوو، هێزێکی سیاسی بەناوی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بە رێبەرایەتی مامۆستا سەید جەلالی حسەینی سەرکردەی دیاری رۆژهەلاتی کوردستان دامەزراو کورد و مافەکانی کردە ئەولەویەت و بنەمای کار و چالاکیەکانی و هەر لە سەرەتای دامەزرانەوە چەندین داستانی گەورەو بەرچاوی تۆمار کرد کە لە لاپەرەکانی مێژووی خەباتی نەتەوەی کورد دا بە زێر نووسراونەتەوە.
لە قۆناغی سەرەتای دەستپێکی کاری رێکخراوەیی سازمانی خەبات لەلایەن هێزەکانی دیکەوە کەوتە بەرپەلامار و بەداخەوە وزە و هێزێکی زۆری بۆ تەرخان کرا کە هەر زوو لە مەیدان بەدەر بکرێ و تووشی کێشەو ململانێ ی ناپێویست و زیان بەخش و ده‌ردی سه‌ریان کرد. هەروەها پیلانی ناکوردانە و ناشۆرشگێڕانەی جۆراوجۆری بۆ دارێژرا و به به‌رنامه له چه‌ند لاوه هێرشی کرایه سه‌رو زمانیان به هه‌موو بارێک‌دا له دژی هەڵدەسووڕاند و هه‌وڵی زۆریان دا بۆ ئەوەی په‌لکێشی ئاگری شه‌ڕی بکەن، بەڵام ئەوەی وەک شانازی لە سەر سازمانی خەبات تۆمار کراوە ئەوەیە کە وێرای ئەو هەموو فشار و زۆرکردنە دوور بوو لە شەر و کێشەی خۆبەخۆ و هەتا ئێستا ئەو تەشکیلاتە تاکە هێزی کوردیە کە لەو سەردەمەدا چالاکی کردووەو لەشەری براکوژیەوە نەگەوزاوە.
دەتوانین مێژووی زێرینی نزیک بە چوار دەیە خەبات و قارەمانیەتی سازمانی خەبات بەم شێوەیە پۆلین بکەین.
یه‌که‌م: ساڵی ١٣٥٨ که ده‌فته‌ری مامۆستا شێخ عزه‌دین دامه‌زرا، ئه‌رکی هه‌ره گرینگ و قورسی ئه‌و ده‌فته‌ره له سه‌ر شانی مامۆستا شێخ جه‌لالی نه‌مر و هاوه‌ڵانی بوو، له‌و ساڵه‌دا هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له ناوچه جیاجیاکانی کوردستان به‌تایبه‌ت له باشووری کوردستانی ئێران، شه‌ڕ دژ به هێزه‌کانی رژیم ده‌ستی پێ‌کرد و هه‌ست به مه‌ترسی بیانووگرتنەکانی رژیم بە بزوتنەوەی کورد دەکرا، بۆیە مامۆستا سه‌ییدجه‌لال له‌گه‌ڵ ژماره‌یێک له هاورێیانی سه‌ردانی باشووری رۆژهەلاتی کوردستانی کرد و ده‌ستی کرد به هاندانی جه‌ماوه‌ری ئه‌و ناوچانه‌و نیاز و به‌رنامه‌کانی رژیمی ئاخوندی بۆ خەڵک روون دەکرده‌وه. له شه‌ڕی سه‌رتاسه‌ری رژیم دژ به کورد که به شه‌ڕی سێ مانگه ناسراوه و له ٢٨ی گه‌لاوێژی هه‌مان ساڵ و به فتوای خومه‌ینی دژ بە کورد ده‌ستی پێ کرد، هێزی پێشمه‌رگه‌ی ده‌فته‌ری مامۆستا شێخ عزەدین بە سەرکردایەتی مامۆستا سەید جەلالی نەمر، زۆر قاره‌مانانه به‌ره‌نگاری ئه‌و هێزانه بوونه‌وه و چه‌ندین ده‌رسی خۆراگری و قاره‌مانه‌تیان تۆمار کرد، کە ئه‌کرێ ئیشاره به شه‌ڕی قه‌ره‌چیاوه‌ی سه‌قز، شەری ئێرانشای سه‌قز، شەری کامیاران، شەری که‌لی خان ، هه‌روه‌ها شه‌ڕی ده‌ی خه‌زه‌ڵوه‌ر که له که‌وپێچی ده‌شته‌تاڵی بانه به فه‌رمانده‌یی شه‌هید سه‌ید عه‌بدولکه‌ریم ده‌ستی پێ کرد‌و له ده‌روازه‌ی ئه‌و شاره هێزه‌کانی رژیم بە تەواوی تەفرو توونا کران. به پێی ئاماره‌کانی رژیم که له رۆژنامه‌ی ئیتلاعاتی ١٣٥٨ بڵاو کرایه‌وه زیاتر له ٥٠ ٠ که‌س له هێزەکانی رژیم کوژران، به‌ڵام شاهیدانی عه‌ینی و به‌شدارانی ئه‌و شه‌ره باس له ٧٠ ٠ که‌س کوژراو بریندار و تێکشکاندنی زیاتر له ٨٠ ده‌زگا ماشینی ئه‌و هێزانه ده‌که‌ن، بەهۆی ئەو قاره‌مانه‌تیه‌ی هێزی پێشمه‌رگه له ده‌ی خه‌زه‌ڵوه‌ر لەدوایی دا سازمانی خەبات ئەو رۆژەی وەک رۆژی پێشمەرگە ناودێر کرد.
به‌شی هه‌ره زۆری ئه‌و که‌سانه‌ی له ده‌فته‌ری مامۆستا شێخ عزه‌دیندا چالاکیان ده‌کرد، له ساڵی ١٣٥٩ی هەتاویدا لە دامەزرانی سازمانی خه‌بات دەوری سەرەکیان بینی، هەر بۆیە که باس له مێژووی سازمانی خه‌بات ده‌کرێ، دەبێ ئیشاره به کار و چالاکیه‌کانی دەفتەر بکرێ و پێم وایه ئه‌وه به‌شێکی گرینگ و دانەبراوی مێژووی سازمانی خه‌بات.
به راگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتیش وه‌ک ته‌شکیلاتێکی نوێ و به‌به‌رنامه، هه‌روه‌ها به دانانی بنکه و باره‌گا له ناوچه جیاجیاکانی کوردستان، له‌لایه‌ن هێزه کوردستانیه‌کانی دیکه که هۆکه‌ی جۆرێک خۆبینی و ته‌نگ نەزەری بوو تووشی کێشه و شه‌ڕو هێرشی ته‌بلیغی و هێرشی ژه‌هراوی بوویه‌وه و بۆ ماوه‌یێکی زۆر به بیانووی جۆراوجۆر کۆسب و ته‌گه‌ره‌ی ده‌خرایه به‌رده‌م، هه‌ر بۆیه ئه‌م هه‌ڵسووکه‌وته نابه‌جێه‌ی هێزەکانی دیکە له‌لایێک و هێرشه سه‌ربازیه‌کانی رژیم بۆ سه‌ر کوردستان له‌لایێکی دیکه، بوونه فشارێکی قورس بۆ سه‌ر سازمانی خه‌بات، به جۆرێک که ده‌بوو ئه‌و هێز و پوتانسیه‌له‌ی که هه‌یه‌تی له‌لایێک بۆ به‌رنگاربوونەوەی رژیم و دیفاع له کوردستان و له‌لایێکی دیکه بۆ دیفاع له مەوجوودیەتی خۆی و مانه‌وه‌ی لە مەیداندا به‌کار بێنێ.
له ده‌یه‌ی شه‌ست دا له‌گه‌ڵ چڕبوونەوەی هێرشی هێزه‌کانی رژیم بۆ سه‌ر کوردستان سازمانی خه‌بات وه‌ک هێزێکی به‌توانا له مه‌یدان و بەبوونی هێزێکی پێشمه‌رگه‌ی به‌باوه‌ڕ و قاره‌مان، توانی له زۆربه‌ی ناوچه‌کانی کوردستان هه‌ر له ناوچه‌ی مه‌هاباد، بۆکان، سه‌رده‌شت، بانه، سه‌قز و مه‌ریوان چالاکی به‌رچاوی هه‌بێ و به‌رەنگاری هێزه داگیرکه‌ره‌کان بێته‌وه و زەبری کاریگه‌ریان لێ بوه‌شێنێ.
به‌داخه‌وه له ناوه‌راستی ده‌یه‌ی ٦٠ دا رێزه‌کانی سازمان خه‌بات تووشی لێکترازان و ئینشعاب بوو. کە بۆ ماوەیەک کاریگەری زۆری بەسەر کار و چالاکیه‌کانی سازمانەوە دانا. لەگەڵ ئەوەشدا سازمان هەر زوو توانی خۆی لە بەندی ئەو کێشانە رزگار بکاو درێژە بە کار و چالاکیە سیاسی و سەربازیەکانی خۆی بدات.
دووهه‌م: به سه‌رهه‌ڵدانی جه‌ماوه‌ری و راپەرین له کوردستانی عێراق، مامۆستا شێخ جه‌لالی حوسه‌ینی وه‌ک سکرتێری گشتی سازمانی خه‌بات له رێگه‌ی رادیۆ ده‌نگی خه‌باتی کوردستان و به‌شداری له کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌ی خه‌ڵکی رانیه (دەروازەی راپەرین) هانی خه‌ڵکی دا بۆ ئەوەی دژ به رژیمی به‌عس به‌رده‌وام بن تاسەرکەوتنی یەکجارەکی راپه‌رین. هاوکات هێزی پێشمەرگەی سازمانی خەبات بوونە پشتیوانی جەماوەری راپەریو و لە گرتنی دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکانی رژیمی بەعسدا دەوری گرینگ و سەرەکیان بینی. کە لەم قارەمانەتیدا شانازی یەکەم شەهیدی ئافرەت (شەهید مریەم) لە راپەرین بە سازمانی خەبات بڕا. ئه‌م هه‌نگاوه‌ی سازمانی خه‌بات له‌و هه‌لو مه‌رجه‌دا شانازیێکی گه‌وره‌یه و لاپه‌ڕه‌یێکی زێڕینه له مێژووی دا ده‌دره‌وشێته‌وه.
له دوای سه‌رکه‌وتنی راپەرین رژیمی ئێران ده‌ستی ئاواڵه بوو له باشووری کوردستان و ده‌ستی کرد به تیرۆر و ڕه‌شه‌کوژی چالاکانی سیاسی کورد. سازمانی خه‌باتیش وه‌ک باقی هێزه‌کانی کوردستانی ئێران ژماره‌یێکی به‌رچاو له ئه‌ندامانی به ده‌ستی تیرۆریستانی رژیمی ئێران، شه‌هید کران. لە دوای ئەوەی فشاره سیاسیه‌کان پەرەیان سەند، چالاکی نیزامی که‌م ره‌نگ بوویه‌وه و به‌شێوه‌یێکی کاتی و له به‌ر مه‌سڵه‌حه‌تی هه‌رێمی کوردستانی عێراق راگیرا.
لە دوای ئەوەی هه‌رێمی کوردستان بووه مه‌یدانی رمپازێنی هێزه ئیتلاعاتی و تیرۆریسته‌کانی رژیمی ئێران و فشارێکی زۆر خرایه سه‌ر هێزه‌کانی کوردستانی ئێران، سازمانی خه‌بات له‌و ماوه‌دا تووشی ده‌یان قه‌یرانی جۆراوجۆری وه‌ک نه‌داری و هه‌ژاری و کۆچ و کۆچبار بوویەوه. که ئه‌وه کاریگەری هه‌بوو له سه‌ر چالاکی و هه‌ڵسووڕانی سازمان به جۆرێک ئه‌ندام و پێشمه‌رگه‌کانی بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵ به مه‌ترسیه‌کی زۆر و له‌و په‌ڕی نه‌داری دا کار‌و باره‌کانی خۆیان راده‌په‌ڕاند.
له کۆتایی ده‌یه‌ی ٧٠ ی هه‌تاوی دا، فشاره‌کانی رژیم بۆ سه‌ر سازمانی خه‌بات به ئه‌ندازه‌یێک زیادی کرد که به ناچار بنکه و باره‌گاکانی له ناوچه‌ی سلێمانی به‌ره‌و هه‌ولێر گواسته‌وه. له دوای جێگیربوونی له هه‌ولێر سازمان ده‌ستی کرد به خۆ رێخستنه‌وه‌ی نێوخۆیی و سازماندانه‌وه‌ی هه‌موو به‌شه‌کانی که له ئاکامدا توانی له ساڵی ١٣٨٤ کۆنگره‌ی سێهه‌می خۆی له که‌شێکی ئارام‌دا ببه‌ستێ.
سێهه‌م: به خوێندنەوەی دروست بۆ وه‌زعی ناوچه و جیهان و ئێران و کوردستان و ئه‌و ئاڵووگۆرانه‌ی له دوای رووخانی رژیمی دیکتاتۆری به‌عس هاتنه ئاراوه، سازمانی خه‌بات توانی له دوای ١٧ ساڵ کۆنگره‌ی سێهه‌می خۆی بگرێ. ئه‌و کۆنگره سه‌ره‌تا و نوقته گۆرانێک بوو له سازمانی خه‌باتدا، به له به‌رچاوگرتنی کاڵ بوونه‌وه‌ی مه‌سه‌لەی ئایدۆلۆژی و به‌رزبوونه‌وه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی له نێو خه‌ڵک دا سازمانی خه‌باتیش توانی ئاڵووگۆڕ له به‌رنامه و ئامانجه‌کانی دا پێک بێنێ و نوێکاری له ئورگان و به‌شکانی دا بکات و به رۆحێکی نوێوه بۆ پێشه‌وه هه‌نگاو بنێ. له ماوه‌ی ئه‌و چوارساڵه‌دا توانی له رێگه‌ی ئه‌ندامانی ئوروپاوه چه‌ندین کۆمیته‌ی رێکخستن پێک بێنێ و کاری سیاسی و ته‌شکیلاتی له ئوروپا و ئه‌مریکا ده‌ست پێ بکات. سازمان هاوکات توانی گرینگی زیاتر بە شانە نهێنیەکانی ناخۆی کوردستان بدات و کار بۆ پەرەپێدانیان بکات.
ئەم رەوتە بەردەوام بوو هەتا لە کۆنگرەی شەشەمدا سازمانی خەبات بریاری لەسەر دروست کردنی چەند ئورگانی گرینگی وەک دەفتەری سیاسی و ئورگانی راوێژکاران و زیادکردنی رێژەی ژنان لە سەرکردایەتی و کاریگەریان لە بریاری سیاسی لە سازمانی خەبات دا بوونە بەشێکی دیکە لە هەنگاوە تەشکیلاتیە پێویستەکانی سازمان لە ئێستادا.
لە پێوەند بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزە سیاسیەکانی کوردستانی ئێران لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا لەگەڵ هەندێک حیزبی سەرەکی دیکەی کوردستان ژمارەیەک کاری هاوبەش کراوە و لە ئێستاشدا ناوەندێک لەلایەن سازمانی خەبات و چوار لایەنی دیکەوە پێکهاتووەو ئەوەش ئەگەری پێکهێنانی بەرەی کوردستانی لە هەر کاتێکی دیکە زیاتر کردووە. له پێوه‌ند به ئه‌حزابی ئێرانی جیاواز له سازمانی موجاهیدین که په‌یوه‌ندی و دۆستایه‌تیێکی کۆنه و ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ده‌یه‌ی ٧٠ ی هه‌تاوی، سازمانی خەبات توانیویه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌حزابی نه‌ته‌وه بندەستەکانی دیکەی ئێران، وه‌ک به‌لووچ و عه‌ره‌ب پێوەندی هەبێ.
سازمانی خه‌بات ئه‌و هێزهیە کە به پێی قۆناغ و هه‌ل و مه‌رجه‌کان به هه‌ست کردن به مه‌سئولیه‌ته‌وه له حاست نه‌ته‌وه‌ی کورد و بزوتنه‌وه و داوا ره‌واکانی هه‌ڵسووکه‌وتی کردوه.
ئه‌مساڵ یادی ٥ی خه‌رمانان له هه‌ل و مه‌رجێکدا ده‌که‌ینه‌وه که له ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا ئاڵووگۆرەکان خێران و گەرانەوەی چالاکانەی ئەمریکا بۆ ناوچەکەو ئەگەری یەکلایی کردنەوەی دۆخی سوریه که هاوپه‌یمانێکی ستراتیژی رژیمی ئێرانه، زۆرە.
لە ناوچەکەدا هاوپەیمانی نوێ لەلایەن ژمارەیەک وەڵاتی عەرەبی ئیسلامی دژ بە رژیمی ئێران دروست بووە کە ئامانجی لێدانی پێگەی ئەو رژیمەیە لەو وەڵاتانە و خۆرهەلاتی ناوەراست بەتایبەتی و ئەمریکاش پشتیوانی لە هەنگاوەکانی ئەو هاوپەیمانیە دەکات.
هاوکات ئەمریکا لە مانگی بانەمەڕدا لە رێکەوتنی بەرجام چووەدەر و گەمارۆکانی جارێکی دیکە لە سەر رژیم کارا کردووەتەوە، کە ئەو هەنگاوەی ئەمریکا کاریگەری راستەخۆی دەبووە لەسەر ئابووری ئێران و بەتایبەت دراوی ئێران لە ئێستادا دابەزینێکی بێ وێنە بووە و بریار وایە لە مانگی خەزەڵوەردا قۆناغی دووهەمی گەمارۆکان لەسەر رژیم جێبەجێ دەکرێ.
به‌هۆی به‌رنامه و سیاسه‌ته‌کانی رژیمی ئێرانەوە خەڵکی ئێران و کوردستان تووشی نەهامەتی و دەرد و ئازاری زۆرتر دەبن بە جۆرێک بێ‌کاری، هه‌ژاری و گرانی به ته‌واوی ته‌نگی به خه‌ڵک هه‌ڵچنیوه، ئەوەش وای کردووە جەماوەر لە شارەکانی ئێران بەتەواوی بێزار بن و بۆ دەربرینی نارەزایەتی خۆیان لەو دۆخەی تووشی هاتوون برژێنە شەقامەکان و دروشم دژ بە بەرێوەبەرانی دەسەڵاتی دیکتاتۆر و گەندەڵی ئاخوندی بدەن و داوای رووخانی ئەو دەسەڵاتە بکەن.
سه‌رانی رژیم بەهۆی ئەوەی بێ توانان لە چارەسەری دۆخی خەڵک و قەیرانەکان لە هەموو کات زیاتر هەست بە مەترسی رووخان لەسەر خۆیان دەکەن و باش هه‌ستیان به‌وه کردوه لە ئاگری رقی جەماوەر قوتاریان نابێ. بۆیە بە تەواوی خەریکی خۆتەیار کردنن بە هێزی زیاتری سەرکوت و پۆشتەکردنی هێزەکانیان بۆ ئەوەی بە خەیاڵی خۆیان بتوانن چەند رۆژێک زیاتر درێژە بە تەمەنی شووم و نگریسیان بدەن.
لەم دۆخەدا کە جەماوەری ئێران بەتەواوی بێزارە و لە راپەریندایە ده‌بێ ئێمه‌ی کورد ئاماده‌تر بین و به ده‌رس وه‌رگرتن له رابردوو له پێناو مافه‌کانمان هه‌نگاو بنێین و بەرپرس و کادر و پێشمه‌رگه‌و ئه‌ندامانی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران هه‌ر وه‌ک چۆن له رابردوودا چاونه‌ترسانە و قاره‌مانانه تێکۆشاون، ئێستاش که رژیمی ئێران له رووخان و له‌ناوچوون زیاتر هیچ رێگه‌یێکی نه‌ماوه، بێ ده‌سته‌وه‌ستان و به ووریاییه‌وه له پێناو ئامانجه به‌رزه‌کانی سازمانه‌که‌مان که رزگاری کورد و کوردستانه هه‌نگاو بنێن.
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران پێویستە کاراتر و چالاکانەتر لە مەیداندا بێ و هەر وەک چۆن هەر جۆرە فکرە و بیرێکی دەست و پێگیری لە خۆی داماڵی دەبێ ئاواش ئەو گرێ و گۆلانەی سازدەکرێن بکاتەوە و ریزەکانی بۆ هەنگاوەکانی دوایی ئامادەتر بکات.
سازمانی خەبات بەو مێژووەی کە بە هەوڵ و هیمەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و رێنوێنی سەرکردایەتیە حەکیمەکەی تۆمار کراوە، و بەو پێگە و ئێعتبارە سیاسیەی هەیتی داهاتوویەکی روون و پرشنگداری هەیە و دەتوانێ دەوری گرینگ و کاریگەری خۆی لە هەر ئاڵگورێکی چاوەروان کراودا ببینێ.