کۆمەلانی خەڵکی کوردستان
حیزب و لایەنە سیاسیە کوردستانی و ئێرانیەکان
ئەندامان و دۆستان و پێشمەرگە خۆنەویستەکان!
سی و هەشت ساڵ بەر لە ئێستا لە 5ی خەرمانانی 135
کۆمەلانی خەڵکی کوردستان
حیزب و لایەنە سیاسیە کوردستانی و ئێرانیەکان
ئەندامان و دۆستان و پێشمەرگە خۆنەویستەکان!
سی و هەشت ساڵ بەر لە ئێستا لە 5ی خەرمانانی 1359 ی کۆچی خۆری بناغەی رێکخراوێکی سیاسی کوردستانی بە بیروباوەرێکی نەتەوەیی و نیشتمانی لەسەر دەستی رێبەری هەمیشە زیندوو، جەنابی مامۆستا سەیید جەلالی حسێنی و کۆمەلێک لە مامۆستایان و کەسایەتیەکانی کوردستان دامەزرا وخەباتی بێ ووچانی لە گۆرەپانی کوردستانی ئێران دەست پێکرد.
دامەزراندنی سازمانی خەبات لەو قۆناغە دا، وەلامێکی پێویست و حەیاتی بۆ زەرورەتێکی مێژوویی بوو، کە هاوکات چەندین بۆشایی سیاسیی و فیکریی دیاری ناو ساحەی خەباتی رزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستانی پڕ کردەوە و وەلامێکی شیاوی بە تۆمەتەکانی دەسەڵاتی رەشی ئاخوندانی بە تالانبەری دەسکەوت و بەرهەمی گەلانی ئێران دایەوە، هەر ئەو زەرورەتە حاشاهەلنەگرانە وای کرد بە خێرایی لە سەرانسەری کوردستان ریشاژۆ بکات و بنکە و بارەگا بکاتەوە و تێکۆشانی بێ پەڵە و سادقانەی خۆی بباتە پێش.
سازمانی خەبات ی کوردستان، ئەوەندەی خۆی وەک رێکخراوێکی سیاسی پێناسە کردووە، زیاتر وەک تەشکیلاتێکی نەتەوەیی بە مانای راستەقینە دەرکەوتووە و ئامانجە بەرزەکانی نەتەوەیی لەسەرووی کار و تێکۆشانی دابووە و بە دەیان جار لە پێناو پاراستن و بە خاوەن دەرکەوتن لە بەها و نۆرمە نەتەوەیی و ئینتما و برایەتی نەتەوەیی، تووشی کێشە و قەیرانی جیددی بووە و هەڵس و کەوتی سازمانی خەبات لە سەردەمی رژیمی گۆربەگۆری بەعس لە راست برایانی لە کوردستانی عێراق دەرخەری ئەو راستیەن و گەواهیدەرن بو خەبات و هەڵسوورانی پاک و سادقانە و کەم قسووری سازمانی خەبات ی کوردستان.
بەحەق ئەو رێچکە لە لایەن رابەری بیرمەندو لوتکەی مرۆڤایەتی و نیشتمان خۆشەویستی جەنابی مامۆستا شێخ جەلالەوە بۆ خەباتیەکان دیاری کراوە و هەتاکوو ئێستاشی لەگەڵ بێ، ئەوە سیاسەت و پێناسەی خەباتە کە بەرژەوەندی نەتەوەیی لەسەرووی قازانجە حیزبی و کەسیەکانەوە بێ.
لاپەرەکانی مێژووی سازمانی خەبات پڕن لەداستانی نەبەردی و فیداکاری کەم وێنەی رۆڵەکانی کوردستان و پڕن لە شانازیی و دەسکەوتی لە قازانجی نەتەوە و نیشتمان کە هەمووی لە ئاکامی هەڵوێست و سیاسەتی دروست و ئوسولی و کوردانە و سادقانەی رێبەریی و پێشمەرگە قارەمانەکانەوە وەدی هاتووە. مانەوە لە سەر ئوسول و بناغە ریشەییەکان و سەبر و خۆراگری لەبەرانبەر قەیران و کێشە و کۆسپەکان و تێکۆشانی سەخت لە پێناو بردنە پێشەوەی کاروانی خەبات و نەشکاندنی بەها و نۆرمە نەتەوەییەکان، بە هیچ نرخێک رەمزی مانەوە و بەردەوامی کار و هەلسوورانی سازمانی خەبات بووە .
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!
حیزب و لایەنە سیاسیەکان!
لەکاتێکدا یادی 38 مین ساڵوەگەری دامەزراندنی سازمانی خەبات دەکەینەوە، دۆخی ناوخۆی ئێران بە هەل و مەرجێکی هەستیار دا تێدەپەرێ و قەیرانە یەک لەدوای یەکەکان دەوراندەوری رژیمی ئاخوندیان تەنیوەتەوە و هەر جۆرە رێگەکارێک بۆ دەربازبوون لەو قەیرانانە بۆ دەسەڵاتی تاران بە تێچووی یەکجار گەورە تەواو دەبێ، لە مێژووی 40 ساڵی رابردوو هەل و مەرجێکی لەم چەشنە کە هاوکات هەموو لایەنەکانی ناوخۆیی و دەرەکی و ناو خودی دەسەڵات هاوتەریب بن بۆ کۆتایی هێنان بە سیستەمی دیکتاتۆر و جینایەتکاری ئاخوندان بێ وێنە بووە.
تەزاهورات و خۆپیشاندانەکان لە سەرانسەری ئێران لە زستانی پار کەوتوونەتە قۆناغ و رەهەندێکی نوێ و زیاتر لە 120 شاری ئێران هاوکات جووڵەی نارەزایەتی تێدا دروست بوو و خەڵک رژانە سەر شەقام و دروشمی رووخانی دیکتاتۆریان بەرز کردەوە . لە ئاستی دەرەکی کۆتایی بە خەونی بەرجام هێندرا و سەخترین گەمارۆکان سەپێندراون بە سەر دەسەڵات و خولی دووهەمیش لە پاییزی ئەمساڵ دەست پێدەکات. ئەو بریارەی دەوڵەتی ئەمریکا هەژانێکی بەهێز و کتوپری بوو کە دەرکەوتەکانی لە کەرتی ئابووری و بەهای دراوی ئێرانی و چوونەدەرەوەی بە لێشاوی کۆمپانیا و شیرکەتە ئابوورییەکان و دابەزینی ئابووری ئێران خۆی نیشان دا و تەنیا ئەوەی لە ئێستا دا روودەدا رژیمی هێناوەتە سەر ئەژنۆ و دۆشدامان. بێگومان شێواوی لەم ئاستە لە بەشی ئابووری تەنیا بەو بەشە ناوێستێ و هاوکات خەسارە کۆمەلایەتیەکانیش بەرز دەکاتەوە و دەبێ شاهیدی تەقینەوەی کێشە و خەسارەتە کۆمەلایەتیەکان لەداهاتوو دابین. لەگەڵ هەموو ئەو رەوشە نالەبارەش دۆخی ناوخۆیی سیستەمی ئاخوندیش لەگەڵ قەیرانی جیددی روبەروویە و کێشەی باڵەکانی رژیم و هاتنەوە مەیدانی مۆرە سووتاوەکانی رژیم و زێدەخوازیی و هەوڵی گرتنە دەستی بە تەواوی سوکانی نیزام لە لایەن سپای پاسداران و شکستە یەک لەدوای یەکەکانی سیاسەتی ناوچەیی و دەرەکی و رژیم چ لە سوریا و چ لە یەمەن، لە عێراق تەنگی بە دەسەلاتداران هەڵچنیوە.
لە بەستێنێکی لەباری لەم چەشنە دا ئەوەی زیاتر وەک زەرورەتێکی حەیاتی خۆی دەنوێنێ، یەکریزی و یەگرتوویی چ لە ئاستی ئوپۆزسیون و حیزب و لایەنە کوردستانی و ئێرانیەکان، هەروەها یەکریزیی کۆمەلانی خەڵکی ئێران بە هەموو نەتەوە و کەمینەکانەوەیە . ئەوەی جێگەی خۆشیە لە ئاستی کوردستان بە دانانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ئومێدێک لەو پێناوە دروست بووە و پێویستە وێرای پەرەدان بەو هەنگاوە لە بیری بەرفراوان کردنی هاوپەیوەندیی بازنەی ئوپۆوزسیونی رووخانخوازی دەسەڵاتی تاران بین.
لە یادی 38 مین ساڵیادی دامەزراندنی سازمانی خەبات، وێرای پیرۆزباییەکانمان لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، زیندانیانی خۆراگۆری سیاسی، کۆمەلانی خەڵکی کوردستان و سەرجەم دۆست و ئەندام و پێشمەرگە و بنەماڵەکانیان ، جارێکی تر بەلێنی تێکۆشانی بێ پەلە و فیداکارانەمان بۆ شەهیدان دووپات دەکەینەوە و ئومێد دەکەین
بە یەکریزی و یەکگووتاری هەمەلایەنە شاهیدی کۆتایی هاتن بە ستەمی ئاخوندانی ستەمکار بین و حکومەتێکی خەڵکی و دیموکراتیک و پارلەمانی لە کوردستان کە مافی سەرجەم چین و توێژەکان بپارێزێ بێتە دامەزراندن.
برۆخێ رژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی
سەرکەوێ خەباتی رزگاریخوازانەی گەلەکەمان
ئازاد و ئاوەدان بێ کوردستان
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
کومیتەی ناوەندی
5ی خەرمانانی 1397