پەیامی پیرۆزبای سکرتێری گشتی سازمانی خەبات، بەرێز کاک بابەشێخ حسێنی، بەبۆنەی 5ی خەرمانان، 38مین ساڵیادی دامەزراندنی سازمانی خەبات.
جێژنی پێنجی خەرمانان پیرۆزبێ لە جەماوەری خۆراگری کوردستان!
پیرۆزبێ لە کەس وکاری شەهیدانی سەربەرزی سازمانی خەبات و کەس و کاری دڵسۆزیان!
پیرۆزبێ لەو کەسانەی دڵیان بۆ ئازادیی و بەختەوەری گەل و رزگاری نیشتمان لێدەدا.
سازمانی خەبات چل ساڵ هەوڵ و تێکۆشانی بێ ووچانی بە دوور لەهەستی خۆبینی، لە گۆڕەپانی تێکۆشاندا بووە و توانیویەتی لە ئەرکی نیشتمانی و مافخوازانەی گەلی کوردو شۆرش و بەرخودان لە بەرانبەر دەسەڵاتی ستەمگەری ئاخوندەکان دەوری بەرچاوی هەبێ.
گومان نیە ئەو کاروانە پڕ لە حەماسەیە، بە شەهادەت و خوێنی سەدان لاوی کورد و بە رەنجی رێبەری نەتەوەیی، مامۆستا سەید جەلال و تێکرای تێکۆشەرانی ریزەکانی سازمانی خەبات هاتۆتە بەرهەم.
بەردەوام بوون لەگەشە کردنی زیاتری رێبازی سازمانی خەبات، پێویستی بە هەوڵ و چالاکی زیاترو کارو تێکۆشانی بەردەوام هەیە.
ئاشکرایە کە سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران چ لە مەیدانی کوردایەتی و خەباتی رزگاریخوازانەی نەتەوەیی و چ لە مەیدانی بەربەرەکانی رژیمی ملهوڕی ئێران جێگەی دیارەو وەک هێزێکی هەرە جیددی کوردستانیە کە پێی وایە دەبێ دەسەڵاتی سەرەڕۆی ئاخوندەکان لە ئیران لە ناوبچێ، و هەرجۆرە ووتوێژێک لەگەڵ ئەو ڕژیمە سەرەرۆیە ڕەد دەکاتەوە.
بە پێویستی دەزانم بەم بۆنە پیرۆزەوە سڵاو بنێرم بۆ هێزی پێشمەرگەی سازمانی خەبات و داوایان لێبکەم کە بە شێوەیەکی جیددی و شێلگیرانە لە هەوڵی خۆ ئامادەکردندا بن بۆ قۆناغی نۆێی تێکۆشان وبەرخودان، و هەروەها داوا لە دڵسۆزانی سازمان و هێزی بەرگری و پێشمەرگەکانی ناوشارو ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی رژیم دەکەم، خۆیان ئامادە بکەن بۆ قۆناغێکی نوێی کاروتێکۆشان و خەباتی شۆڕگێڕانە لە بەرانبەر دەسەڵاتی داگیرکەری ئاخوندەکان.
سەرکەوتنی یەکجاریی لە یەکگرتوویی و تەباییدایەو، سازمانی خەبات بە هەموو توانای خۆی لە هەوڵی هاتنە دیی تەبایی نێوان هێزو لایەنەکانی کوردستاندا و ئاشتی کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا دەبێ.
هەر بەم بۆنە پیرۆزەوە، بەڵێن دووپات دەکەینەوە کە سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران درێژە پێدەری رێبازی شەهیدانی سوورخەڵاتی کوردستان و شۆرشی مافخوازانەی کوردستان و شۆرشی ڕەوا لە بەرانبەر رژیمی ئاخوندیدا بێ و تا روخانی یەکجاریی ئەو رژیمە نگریسە لە خەبات و کۆڵنەدان دەست هەڵنەگرێ.
لە کۆتاییدا بە پێویستی دەزانم سەرەخۆشی و هاوغەمی خۆم بە خانەوادەی چوار چالاکی ژینگە پارێزی مەریوان، شەریف باجوەر،ئومێدحوسەینزادە،رەحمەت حەکیمی نیا و موحەممەد پەژووهی رادەگەێنم و گومانم نیە کە بەری رەنج و تێکۆشانی ئەو تێکۆشەرانەش دێتە دیی.
سەرکەوێ خەباتی مافخوازانەو ڕەوای گەلی کورد
بروخێ رژیمی ملهوڕی ئاخوندی
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
سکرتێری گشتی
بابەشێخ حوسەینی
5ی خەرمانانی 1379 کۆچی خۆری