لە توولە رێگاکانی ناهومێدیەوە تێپەڕیوم ، لە بوار و بەردەبازی رووبار وچۆمەکانی سەرهەڵگرتنەوە بەرەو بناری باوەڕ بە خۆ بوون پەڕیومەوە.
من چیم و کێم؟
لە توولە رێگاکانی ناهومێدیەوە تێپەڕیوم ،
لە بوار و بەردەبازی رووبار وچۆمەکانی سەرهەڵگرتنەوە بەرەو بناری باوەڕ بە خۆ بوون پەڕیومەوە.
بە کێڵگەی مینی رق و قینی نەیاراندا گوزەرم کردوە و لە دڕکستان و جاڕە پێکوڵی ناحەزان و بەرجاوتەنگانی بە ناو هاوچارە نووس دا بە پێخواسی هەنگاوم ناوە !.
لە هەڵگرتنی هەرشەقاوێک دا جێ پێ و رێچکەی رەنگاو بە چۆراوگەی خوێنی جەستەی خۆنەویستیم جێ هێڵاوە !.
لە قرچەو کڵپەی گەرمای بە تینی خەرمانان دا،
لە پێدەشتەکانی کەساسی و رۆژگاری نا هومێدی و چەقەسرۆیی نامەردان و سەر ڕێ و بەن بەردان،
بە هەگبەی پڕ لەباوەڕ بە رزگاری نەتەوە و نیشتیمانم بەرەو ئامانج کەوتمە رێ.!
لەو ساوە تا ئێستا سی و هەشت قۆناغم بڕیوە.
بە سەدان جار لە سەرکەوتنم بۆ لوتکە، سەر بەرزیم بە گیان کڕیوە.
بە ڕێوەبوم و بەڕێوەم،
زۆر جار چەماوم، هەستاومەوە و بە شانازیەوە بە پێوەم.
لە بڕینی رێگای بەرەو لوتکە، گەلێک ناحەز پێم پێکەنین.
من راست دەرچووم، ئەوان چەمین.
چونکە:
لە هەوری ئاسمانی وەرزی بەختەبارانی نیشتیمان دا،
یەکەم دڵۆپەی تاوە بارانی هیوا بووم کە داباریم بەسەر مەزرای ویشکارۆ و چاو لە بارانی بەهارانی ئازادی کوردستاندا.
زەوی سینەی بۆ راخستم،
رووبار لە ئامێزی گرتم،
رووەک بەتاسەوە ,
بە دوو لێوی کەساسەوە،
دەمی نا بە گۆی مەمکی دڵۆپەکانمەوە.
دارستان بە لق و پۆپ و گەڵا و چڵی تۆزاوی ناهومێدیەوە ،
خۆی لەبەردا شوشتم و بە زوڵفی ئالۆزکاوی سەرشانی خۆی دا رشتم.
گیا و گۆڵ بە من گەشانەوە،
گابەرد و شاخ وەک ئاوێنەی پاک و بێ گەرد درەوشانەوە.
جاڕە گوڵ جاڕی مانی دا،
وەنەوشە بۆنی ژیانی دا،
گەنم و جۆ موژدەی نانی دا،
شەماڵ هیوای شەنیاری دا.
لووساوک و خڕ بوونە رووبار،
شادی کەوتە ناو گوند و شار،
کەروێشکەی کرد شینایی دەشت،
خەمڵی سروشت وێنەی بەهەشت.
لەوساوە گەل لێم بوە یەقین،
دۆست پێم شادن، دژمن غەمگین.
گەر دەپرسن من چیم و کێم؟
گوێ رادێرن با بزانن کێم !
....
من شەپۆلی دەریای تۆڵەم
شنەی شەماڵی ئەم دۆڵەم
بەوری بەیانەی هەر مانم
چۆڵەچرای ریی رزگاریم،
ئاسۆی روونی نیشتیمانم،
رەنگی خوێنی شەهیدانم !
هەوهەوەی جوتیار و شوانم
وژەوەژی دارستانم،
گەرما و تینی هاوینانم
تەختە رەشەی قوتابخانەم،
مامۆستای وانەی ژیانم !
کۆرپەی ساوای لانکەی کوردم
رەمزی شۆرش و خەباتم،
قەلای بەرزی بەرخودانم.
رێبواری ماندوی رێی گەلم،
وورەی هەستان و هەرمانم !
تیشکی خۆری بەختەوەریم،
رۆژی پێنجی خەمانانم.!
ک ـ ح ـ رێبوار/ ٢٧ـ ٨ ـ ٢٠ ١٨ سوئید.