رۆژی یەکشەممە رێکەوتی 28ی رەشەمەی 2715 بەرامبەر بە 20ی مارسی 2016 کوردانی ئوستفۆڵدی وەڵاتی نۆروێژ لە شاری سارپسبۆگ وەک نەریتێکی ساڵانە رێ و رەسمی جەژنی نەورۆزیان بەرز ڕاگرت.
سەرەتای رێ و رەسمەکە بە سرودی نەتەوەیی (ئەی رەقیب) و پەیامی بەخێرهاتنی بەشداربووان لەلایەن کاک سلێمان محەمەد عەلی دەستی پێ کرد. پاشان پەیامی نەورۆزی کۆمیتەی بەرێوەبەری رێ و رەسمی نەورۆز لەلایەن کاک نادری ئەمینی خوێندرایەوە، کە لە پەیامەکەدا تیشک خرابووە سەر پێگەی نەورۆز و پیرۆزی ئەو رۆژە لای نەتەوەی کورد کە بە جەژنی رامان و هەستان و بەرەنگاریی داگیرکەرانی کوردستان پێناسە دەکرێ، وە ئەو بۆنەیە هاوکاتە لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار و نوێ بوونەوەی سروشت، وە لەگەڵ ئەوانەدا دەسپێکی ساڵی نوێی کوردیە.
لە دوای پەیامی نەورۆزی پارچە شیعرێک لەلایەن بەرێز عەلی بەهرامی خوێندرایەوە. پاشان بەرێز مەحمود بیرۆ پەیڤێکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و دوابەدوای ئەو پارچە شیعرێکی دیکە لەلایەن خۆشکە کەژال کەریمی خوێندرایەوە.
لە بڕگەی کۆتایی رێ و رەسمەکە دەسکرا بە کردنەوەی ئاگر کە لەلایەن چوارکەس لە ئافرەتان و پیاوانی بەشدار ئاگری نەورۆز کرایەوە.
کۆمیتەی بەرێوەبەری رێ و رەسمی نەورۆز
سارپسبۆرگ ـ ئوستفۆڵد
1ی خاکەلێوەی 2716
20-03-2016