دۆناڵد ترامپ پاڵێوراوی حیزبی کۆماری بۆ هەڵبژاردنی سەرەک کۆماری ئەمریکا، لە وتارێکدا لە کۆمیتەی پێوەندیە گشتیەکانی ئەمریکا- ئیسرائیل (ئایپک) رایگەیاند: رژێمی ئێران لە 25 وڵات لە پێنج قارەی جیهان کردەوەی ترۆریستی ئەنجام داوە.
بڵاوکراوەی ئەمریکایی پلیتی فکت، رۆژی سێ شەممە سێی خاکەلێوە، لە بارەی ئەو وتانەی ترامپەوە نووسی کە لەو کۆبوونەوەدا دژ بە رژێمی ئێران هەڵوێستی گرتبوو.
بە پێی راپۆرتی ئەو رۆژنامەیە، ترامپ گوتوویەتی: ئێران گروپی ترۆریستی لە سەرانسەری جیهان دامەزراندوە. ئێران لەم پێنج ساڵەی دوایی دا لە 25 وەڵاتی جیاواز لە پێنج قارە کردەوەی ترۆریستی ئەنجام داوە. ئەوان لە هەموو شوێنێک تاقمی ترۆریستیان هەیە بەتایبەت لە نیوکورەی رۆژئاوا، کە زۆر نزیکە لە وەڵاتی ئێمە.
ناوبراو هەروەها رژێمی ئێران بە گەورەترین پشتیوانی ترۆریزم لە جیهاندا ناوبردو تەئکیدی کردەوە کە دەبێ رێگە نەدرێ ئەو رژێمە بە ئامانجەکانی بگا.
ئەو رۆژنامەیە ئیشارە بە سەرچاوەی ووتەکانی دۆناڵد ترامپ دەکاو دەنووسێ کە سەفارەتی ئیسرائیل لە واشینگتۆن خاکەلێوەی ساڵی 1394 ک، راپۆرتێکی لەگەڵ نەقشەیەکی جیهان بڵاوکردەوە کە چالاکی سەربازی رژێمی ئێران و تاقم و گروپە ترۆریستەکانی نیشان دەدا.
هاوکات لەگەڵ بڵاوکراوەی سەفارەتی ئیسرائیل، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش لە راپۆرتێکدا ئیشارە بە چالاکیە ترۆریستیەکانی رژێمی ئێران لە غەزە، لوبنان و باقی وەڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەکا.
لەو راپۆرتەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە کە ئەگەر چیی رژێمی ئێران بە زۆری لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و سوریەدا چالاکی هەیە بەڵام رژێمی ئێران و تاقمە ترۆریستەکانی نزیکی لە هەوڵەکانیان بۆ پەرەپێدانی هێژموونیان لە ئافریقا، ئاسیا و ئەمریکای لاتین بەدەوامن.